بێكاری و سیاسه‌تی مشه‌خۆركردنی بێكاره‌كان

تاكو ئێستا هیچ كه‌سێك وه‌كو (كارل ماركس) نه‌یتوانیوه زانیستیانه و ڕاستگۆییانه پێناسه‌ی بێكاری بكات و مه‌ترسییه‌كانی بخاته‌ڕوو كه وه‌كو چه‌مكێكی ڕه‌خنه‌یی له ئابووری سیاسی‌دا بێكاره‌كانی به سوپاسی یه‌ده‌گی كار ناوزه‌دكردووه ، پێویسته ئه‌و ڕاستییه‌ش بزانین كه ئه‌و سوپای یه‌ده‌گی كاره ، كه‌سانی ته‌مبه‌ڵ و ته‌وه‌زه‌ل نین به‌ڵكو هێزێكی زیندووی كۆمه‌ڵگان ، له مه‌یدانی كار دوورخراونه‌ته‌وه ، یان ڕێگه‌یان لێگیراوه بێنه‌وه ئه‌و مه‌یدانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ژیان و گوزه‌رانی خۆیان درێژه بێبده‌ن .
سیسته‌می سه‌رمایه‌داری نه‌ك ته‌نیا هۆكاری سه‌ره‌كییه بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی بێكاری ، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی و حكومه‌ته‌كانیشین به به‌رنامه و پلان كار بۆ ئه‌مه ده‌كه‌ن ، چونكه ئه‌وه‌ی به‌لای سه‌رمایه‌دارییه‌وه گرنگه قازانجه نه‌ك ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك . لێره‌دا نامه‌وێت باس له مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی بێكاری و هۆكاره‌كانی بكه‌م ، له به‌رئه‌وه‌ی زۆری له‌سه‌ر گۆتراوه ، چه‌ندین تۆژینه‌وه‌ی له‌سه‌ركراوه ، ئه‌وه‌ی پێویسته ئاوڕی لێبده‌ینه‌وه دیارده‌ی بێكاری و بێكاره خێر له خۆنه‌دیوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه .
كه ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم سیاسه‌تێكی سه‌رمایه‌دارنه‌ی زۆر نه‌گریسانه و نامرۆڤانه و ناشارستانیانه به‌رامبه‌ر به بێكاران پیاده ده‌كه‌ن . ئه‌و حوكمڕانیه‌ی له هه‌رێمدا هه‌یه به پلان و نه‌خشه‌وه نیولیبرالیزم پیاده‌ده‌كات و له ژێر كۆنتڕۆڵی سه‌رمایه‌دارانی مشه‌خۆی بنه‌ماڵه حزبییه‌كان و وابه‌سته‌كانیانن ، كه ئه‌وانیش به‌ده‌وری خۆیان وابه‌سته‌ی ئه‌جندای ئابووری و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته سه‌رمایه‌داره كۆنه‌په‌رست و فاشیسته‌كانی وڵاته ئیقلیمیه‌كان و سیاسه‌تی نیولیبرالی ده‌وڵه‌تانی ئیمپریالیستی و ڕۆژئاوی ئه‌مریكی و ئه‌وروپین ، سه‌رخان و ژێرخانیان به ته‌واوی ڕاده‌ستی ئه‌وان كردووه ، دیاره ئه‌مه‌ش ئاكامه‌كه‌ی شتێك نیه جگه له خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن و ڕووتاندنه‌وه و چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و به‌شخوراو نه‌بێت .
بۆیه هیچ گومانی تێدانیه كه به‌ڕاشكاوی بڵێین یه‌كێك له هۆكاره هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی بێكاری جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌جندایه‌یه له لایه‌ن حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه ، سه‌رباری حوكمڕانی ناداد په‌روه‌رانه و قۆرخكاری حزبه‌كان بۆ هه‌موو كه‌رت و جومگه ئابوورییه گرنگه‌كان له‌وانه‌ش سامانه سروشتییه‌كان و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان و كه‌رته حكومی و تایبه‌تیه‌كان و …هتد. ڕوویه‌كی زه‌قتری بێكاری له هه‌رێمدا دامه‌زراندنی به ته‌زكییه و بێبه‌شكردنی كه‌سانی بێلایه‌نی سیاسی و بێلایه‌نی حزبییه له هه‌لی كاردا ، چ له فه‌رمانگه حكومییه‌كان بێت یان كه‌رتی تایبه‌ت ، هه‌روه‌ها چه‌كداركردنی جوتیار و وه‌رزێر و شوان و گاوانه‌كان له هێزه چه‌كداره میلیشیاییه حزبییه‌كان یان وه‌ك پاسه‌وانی به‌رپرسه‌كان و دابڕانیان له كاری كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری كردنه ، كه پازده ڕۆژ جارێك ده‌وام ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش وای لێیان كردووه له هه‌ڕی و مه‌ڕێ ببن نه كشتاری و ئاژه‌ڵدارییان پێبكرێت ، نه ببنه چه‌كدارێكی پیشه‌یی سه‌ربازیش ، وێڕای ئه‌وه‌ش ئه‌و پازده ڕۆژه‌ی كه پشوویان هه‌یه شێوه‌یه‌كه له نیمچه بێكاری ، ڕه‌نگه هه‌ندێكیشیان بتوانن كارێكی دیكه له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وانی تر بدۆزنه‌وه به حوكمی ئه‌وه‌ی كه چه‌كدارن . بێكاری له هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه له ته‌شه‌نه‌كردندایه ، نه حكومه‌ت و نه‌هیچ هێز و لایه‌نێك بیر له ڕێگه‌چاره‌یه‌ك ناكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه ئه‌گه‌ر بنبڕیش نه‌كه‌ن ئه‌وا كه‌می كه‌نه‌وه یان ڕاده‌یه‌كی بۆ دانێن ، به هه‌زاران ده‌رچووی زانكۆكان ناچارن كاری كرێكاری بكه‌ن تاكو بژێوی ژیانیان دابین بكه‌ن كه ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر بێكاری .
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه هه‌قده‌ستی كرێكاری خۆماڵی له كوردستاندا كه‌مه ، به‌ڵام كرێكارانی بیانی به كرێیه‌كی زۆر هه‌رزانتره‌وه به‌مه‌جبوری كارده‌كه‌ن به بێ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه چاودێری مافه‌كانیان بكرێت . حكومه‌تی هه‌رێم بۆ هه‌ر چاره‌سه‌رێكی پرسی بێكاری گرفتێكی گه‌وره‌ی تر ده‌دۆزێته‌وه .
به‌تایبه‌تی ئه‌وه چه‌ند ساڵیكه سیاسه‌تێكی دیمۆگۆجیانه‌ی كارگێڕی له كه‌رتی حكومیدا په‌یڕه و ده‌كات كه داهێنانێكی نامۆی كارگێرییه له داموده‌زگاكانی حكومه‌تدا ، ئه‌ویش دامه‌زراندنی ده‌رچووه‌كانی كۆلیژ و په‌یمانگاكانن ، ته‌نانه‌ت به‌رده‌ست و خزمه‌تگوزارییه‌كانیش به شێوه‌ی خۆبه‌خش ، كه ئه‌مه‌ش ئاسان نیه ده‌بێت له ڕێگه‌ی پشتگیری حزبی و واسیته‌ی گه‌وره‌ی به‌رپرسه‌كانه‌وه بێت ، ئه‌و خۆبه‌خشانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به بێ مووچه و ده‌رماڵه كارده‌كه‌ن ، ئه‌وانه هه‌ر به‌حه‌ز و خولیای بینینی ژیان و ئه‌زموونی فه‌رمانبه‌ری و یاخود به‌وه‌همی ئه‌وه‌ی ڕۆژێ له ڕۆژان به پێی ئه‌و خزمه‌ته‌ی كردوویانه ببنه ئه‌مری واقیع و حكومه‌ت ئاوڕێكیان لێبداته‌وه و به فه‌رمی دایان مه‌زرێنێت ، یان هه‌ر مه‌به‌ستێكی دیكه‌یان هه‌بێت ، به‌مشێوه‌یه ویستویانه دامه‌زرێن ، به‌ڵام هه‌ر خۆیان له ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه هه‌ست به كه‌مسه‌ری و شه‌رمه‌زارییه‌ك ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر فه‌رمانبه‌ره فه‌رمییه‌كاندا وه‌كو مشه‌خۆرێك خۆیان دێته به‌رچاو ، خۆی له ڕاستیشدا ئه‌و سیاسه‌ته كارگێڕییه نابه‌جێیه شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی مشه‌خۆری كارگێڕی و جۆرێكه له سوكایه‌تی به‌و سوپایه یه‌ده‌گه خێر له‌خۆنه‌دیوه‌ی كار ، ڕه‌نگه له ئاینده‌دا ئه‌وانه ببنه قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی كارگێڕی و چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفت و قه‌یرانه‌ش بۆ ئه‌و حكومه‌ته بێ پلانه زۆر ئه‌سته‌م بێت !
سالار مامه كریم
ڕۆژنامه‌ی (ڕه‌وت ) ژماره (21) كانونی دووه‌م 7 -12- 2022