چۆن یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و چیكوسلۆڤاكیامان فرۆشت!

ئه‌ندریه فلیچك
هۆشه‌نگ كه‌ریم له عه‌ره‌بیه‌وه كردوویه‌تی به كوردی.
چه‌ند مانگه ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره لاوه‌كانم له هۆنگ كۆنگ به‌شداری چیرۆكێك بكه‌م، وا دیاره ئه‌مڕۆ گونجاوترین كاته بۆ ئه‌مه چونكه شه‌ڕی ئایدیۆلۆژی نێوان چین و رۆژئاوا نێڵه نێڵیه‌تی.
ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌مه شتێكی نوێ نیه، چونكه رۆژئاوا سه‌قامگیری زۆر له هه‌رێم و وڵاتانی شلۆق كردووه و مێشكی ده‌یان ملیۆنی گه‌نجی شۆردۆته‌وه.
من بۆیه ئه‌وه ده‌زانم چونكه جاران یه‌كێك بووم له‌و گه‌نجانه‌و ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه مه‌حاڵ بوو له‌وه تێبگه‌م ئێستا له هۆنگ كۆنگ چی رووده‌دات.
من له شاری لینینگراد له دایك بوومه‌و شارێكی جوانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بوو، ئێستا ناونراوه پترسبۆرگ و وڵاته‌كه‌ش روسیا، دایكم نیوه روسی و نیوه‌كه‌ی تری چینیه‌و هونه‌رمه‌ندو ئه‌ندازیاری بیناسازی یه، ژیانی منداڵیم تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوو له نێوان لینینگراد و بیلسن و ئه‌وه‌ی دوایی شارێكه به پیشه‌سازی دروستكردنی بیره به ناوبانگه‌و كه‌وتۆته به‌شی رۆژاوای ئه‌وه‌ی پێشان پێی ده‌وترا چیكوسلۆڤاكیاو باوكم زانای بواری ئه‌تۆمی بوو.
دوو شاری جیاوازبوون هه‌ر یه‌كه‌یان بنه‌مای دوو شتی بنچینه‌یی بوون له پلانی كۆمه‌نیستی، ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئێستا بانگخوازانی سه‌رمایه‌داری فێرتان ده‌كات رقتان لێی ببێته‌وه.
لینینگراد یه‌كێك بوو له شاره هه‌ره سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی جیهان، گه‌وره‌ترین مۆزه‌خانه‌و هۆڵی شانۆی ئۆپێراو بالێ و گۆڕه‌پان و پاركی گشتی تێدابوو، جاران پایته‌ختی روسیا بووه.
بیلسن به رووبه‌ر شارێكی بچوكه‌و ژماره‌ی دانیشتووانی 180000 هه‌زار كه‌سه، به‌ڵام له سه‌رده‌می منداڵیمدا چه‌ندین كتێبخانه‌ی باش و هۆڵی سینه‌ماو خانه‌ی ئۆپێراو شانۆ‌و پێشانگه‌ی هونه‌ری و باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی تایبه‌ت به توێژینه‌وه‌ی تێدابوو و له‌گه‌ڵ چه‌ندین شتی تر، دواتر تێگه‌یشتم كه جارێكی تر ئه‌وانه‌مان ده‌ستمان ناكه‌وێته‌وه‌و له شاره‌كانی ئه‌مریكاش ئه‌وانه‌ی زیاتر له ملیۆنێك كه‌سی تیادا ده‌ژی و شتی وانابینرێت، به‌ڵام دوای چی (دوای ئه‌وه‌ی كات به‌سه‌رچوو).
له هه‌ردوو شاری گه‌وره‌و بچوكدا ئامرازی نایابی گواستنه‌وه‌ی گشتی و له ده‌وروبه‌ریان پارك و دارستانی به‌رفراوان و كافێی رازاوه هه‌بوون، له بیلسن ناوه‌نده‌كانی وه‌رزشی تینس و گۆڕه‌پانی تۆپی پێ و یاریه وه‌رزشیه‌كان زۆربوون له ژماردن نه‌ده‌هاتن و هه‌ر هه‌موویان به خۆڕایی بوون.
ژیان جوان بوو مانایه‌كی هه‌بوو ده‌وڵه‌مه‌ند بوو(به‌پاره نا)، ده‌وڵه‌مه‌ند بوو به رۆشنبیری و فیكر‌و ته‌ندروستی، لاوان دڵخۆش بوون به‌بوونی فه‌رهه‌نگه‌كانی زانیاری و له‌به‌رده‌ستی هه‌موواندابوو و به خۆڕایش بوو به پاره نه‌بوو.
له هه‌موو سوچه‌كانی شار رۆشنبیری هه‌یوو، وه‌رزیش بۆ هه‌مووان بوو، ریتمی ژیان هێمن بوو، مرۆڤ كاتی زۆری هه‌بوو بۆ بیركردنه‌وه‌و فێربوون و شیكردنه‌وه.
به‌ڵام كاتەکەی، سه‌رده‌می چڵه‌پۆپه‌ی جه‌نگی سارد بوو.
ئێمه لاوانێكی یاخی بووین و یاری پێكردنمان ئاسان بوو،ئه‌و شتانه‌ی پێمانده‌درا هه‌میشه لێی ناڕازی بووین، به ئامێری رادیۆكانه‌وه نووسابووین و شه‌وان گوێمان له ئیستگه‌ی بی.بی.سی و ده‌نگی ئه‌مریكاو رادیۆی ئه‌وروپای ئازاد و ئه‌و په‌خشانه ده‌گرت كه ئامانجیان شێواندنی ناوبانگی سۆسیالیزم و هه‌موو وڵاتانی به‌رپه‌رچ ده‌ره‌وه‌ی ئیمپریالیزمی رۆژئاوابوون، ئێمه له‌وانه‌وه هه‌موو شتێكمان وه‌كو فه‌رمانی ته‌سلیم بوون وه‌رده‌گرت.
كۆمه‌ڵگه‌كانی پیشه‌سازیی سۆسیالیستی چیك له روانگه‌ی هاوپشتیه‌وه چه‌ندین كارگه‌یان بۆ وڵاتانی ئاسیا‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فه‌ریقیا بنیاتنا، له كارگه‌كانی ئاسنه‌وه هه‌تا ده‌گاته شه‌كرو هتد… به‌ڵام ئێمه پێمان وابوو ئه‌وه شتێك نیه مایه‌ی شانازی پێوه‌كردن بێت چونكه ئامرازه‌كانی پڕوپاگه‌نده‌ی رۆژئاوایی هه‌مووده‌م گاڵته‌یان به‌و پڕۆژانه ده‌كردو به شتێكی ساده‌یان ناوده‌بردن.
هۆڵی سینه‌مامان هه‌بوو، باشترین فلیمی سینه‌ماكانی ئیتاڵیا‌و فه‌ره‌نساو ژاپۆن و سۆڤیه‌تی تێدا نمایش ده‌كرا، به‌ڵام به گوێی ئێمه‌یان ده‌چرپاند داوای فلیمه بێتام و چروكه‌كانی ئه‌مریكا بكه‌ین.
نمایشه‌كانی مۆسیقا به په‌خشی راسته‌وخۆو تۆماركراوه‌كانیشه‌وه نایاب بوون و هه‌مووجۆره‌كانی میوزیك به‌رده‌ست بوون و ئه‌گه‌رچی دواكه‌وتنێك هه‌بوو به‌ڵام له‌سه‌ر شانۆ و فرۆشگاكانی ئێمه‌دا هونه‌ری بێهوده‌یی وچروك نه‌ده‌فرۆشران، ئه‌گه‌ر شتێكیش له‌وانه ده‌ست نه‌كه‌وتبایه ئه‌وا راگه‌یاندنه‌كانی رۆژئاوا ده‌ستیان به هاتوهاوار ده‌كردو ده‌یانوت ئه‌مه پێشێلێكی زه‌قی ئازادی راده‌ربڕینه.
ده‌یانزانی و ئێستاش ده‌زانن چۆن یاری به مێشكی لاوان بكه‌ن له چركه‌یه‌كدا گۆڕاین و بووین به گه‌نجێكی ره‌شبین، ره‌خنه‌مان له هه‌مووشتێكی وڵاته‌كه‌مان ده‌گرت به‌بێ هیچ به‌رواردكردنێك و تێگه‌یشتنێكی لانی كه‌می مه‌وزوعی.
ئێستا تابلۆكه بۆ ئێوه ئاشنایه؟
ئه‌وان پێیان ده‌وتین و ئێمه‌ش ده‌مانوه‌ته‌وه: هه‌مووشتێك له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و چیك خراپه و هه‌موو شتێكی رۆژئاوایی باشه، به‌ڵی ئه‌مه وه‌كو ئاینێكی په‌ڕگیری و شێتێه‌كی به كۆمه‌ڵی لێهاتبوو هیچ كه‌سێك لێی به دوور نه‌بوو، له راستیدا ئێمه تووش هاتبووین، نه‌خۆش بووین ، گۆڕاین بۆ گه‌مژه‌یه‌ك.
ئێمه كه‌رته گشتیه‌كانی سۆسیالیستیمان له كتێبخانه‌و شانۆ و كافێیه‌كان ئه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه هاوكاری ده‌كران به‌كارهێنا بۆ پیرۆزكردنی رۆژئاوا‌و و پۆخڵكردنی وێنه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كانمان، به‌ڵی ئێمه له‌لایه‌ن ئیستگه‌كانی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی رۆژئاوایی و ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی به قاچاخ و به نهێنی ده‌گه‌یه‌نرانه وڵاته‌كانمان، وا ته‌ڵقین درابووین.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا كیسه نایلۆنه‌كانی بازاڕكردنی رۆژئاوایی وه‌كو هێمایه‌ك بۆ پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ركه‌وتن، هه‌مووتان ئه‌و كیسه نایلۆنه هه‌رزانانه‌تان له فرۆشگاو كۆگاكان بینیوه.
ئێستا دوای چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك كاتێك بیر له‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌كه‌مه‌وه ناتوانم بڕوا به‌خۆم بكه‌م: كچان و كوڕانی خوێنده‌وار به شایی به‌خۆهاتنه‌وه چۆن به شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕۆیشتین و كیسه نایلۆنه هه‌رزان به‌هاكانمان نمایش ده‌كرد كه پاره‌یه‌كی زۆری پێ‌درابوو چونكه له رۆژئاواوه هێنرابوون و هێمایه‌ك بوون بۆ حه‌زی به‌رخۆری، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیان ده‌وتین حه‌زی به‌رخۆری شتێكی باشه.
به ئێمه‌یان ده‌گوت پێویسته خواستتان هه‌بێت بۆ ئازادی له‌سه‌ر رێچكه‌ی رۆژئاوایی، پێیان ده‌گوتین پێویسته خه‌باتبكه‌ن له پێناوی ئازادی‌دا.
ئێمه له زۆر رووه‌وه له رۆژئاواییه‌كان ئازادتربووین، كاتێك گه‌یشتمه نیویۆرك ئه‌و راستیه‌م بۆ ده‌ركه‌وت، له‌وێ ئاستی لاوازی په‌روه‌رده‌و خوێندنی منداڵانم بینی و زانیاریه‌كانیان زۆر رووكه‌شانه بوو، له شاره نیمچه گه‌وره‌كانی ئه‌مریكای باكوور ئاستی رۆشنبیری كه‌م بوو.
ئێمه داوای پانتۆڵی جینزی ماركه به‌ناوبانگه‌كانمان ده‌كرد، له كاسیته‌كانی میوزیك داوای به‌رهه‌مه‌كانی میوزیكی رۆژئاواییمان ده‌كرد، خواستی ئێمه په‌یوه‌ندی به ناوه‌ڕۆك و په‌یامه‌وه نه‌بوو، به‌ڵكوو ته‌نها زاڵبوونی رووكه‌ش بوو به‌سه‌ر ناواخندا.
خواردنه‌كانمان به له‌زه‌ت تربوون و له شێوازی به‌رهه‌مهێنانیان رێزی ژینگه گیرابوو، به‌ڵام ئێمه داوای خواردنێكی رووپۆشكراوی ره‌نگاوڕه‌نگی رۆژئاوایی و به‌رهه‌می كیماییمان ده‌كرد.
توڕه‌و هه‌ڵچووبووین و هۆكاری كێشه‌بووین و وامانكرد خێزانه‌كانمان لێمان توڕه‌بن، لاو بووین به‌ڵام هه‌ستمان به پیری ده‌كرد.
یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه شیعرم بڵاوكرده‌وه‌و وڵاتم جێهێشت و له ده‌رگای دووه‌مم دا‌و چوومه نیویۆرك ، ئیتر دوای ماوه‌یه‌كی كورت تێگه‌یشتم من خه‌ڵه‌تێنراوم.
ئه‌مه گێڕانه‌ویه‌كی زۆر ساده‌ی چیرۆكه‌كه‌مه له رووبه‌رێكی دیاریكراودا، به‌ڵام پێمخۆشه به‌شداربم و بیگه‌یه‌نمه خوێنه‌رانم له هۆنگ كۆنگ و خوێنه‌ره لاوه‌كانم له سه‌رانسه‌ری چین.
هه‌ردوو وڵاتی جوان وه‌كو ماڵێك بوون بۆ من و خیانه‌تیان لێكرا، خیانه‌تێكی به‌خۆڕایی و بێ هیچ به‌رامبه‌رێك و نرخه‌كه‌ی پانتۆڵه‌كانی جینزی ماركه به‌ناوبانگه‌كان و كیسه نایلۆنه‌كانی بازاڕكردن بوو.
چه‌ند مانگێك دوای هه‌ره‌سهێنانی سیسته‌می سۆسیالیستی، وڵاتانی رۆژئاوایی ئاهه‌نگیان گێڕا، هه‌ردوو وڵات له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی رۆژئاوایی كه‌وڵكران، خه‌ڵك ماڵ و كاریان له‌ده‌ستدا، دامه‌زراوه گشتیه‌كانی سۆسیالیستی كه جێگای شانازی پێوه‌كردن بوون به تایبه‌تی كران و له زۆر حاڵه‌تیشدا پاكتاوكران، هۆڵی شانۆ هونه‌رییه‌كان و سینه‌ماكان كرانه بازاڕی جلی له‌نگه.
له روسیا ئاستی ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌ن دابه‌زی و بووه هاوئاستی وڵاتانی ئه‌فریقیای باشوور و بیابان، چیكوسلۆڤاكیا كه‌رتكراو بووه دووبه‌ش.
ئێستا له دوای چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك بیری هه‌ردوو وڵاته‌كه‌م ده‌كه‌م جاران چۆن بوون!
هه‌موو راپرسیه‌كانی ئه‌نجامدراون ده‌ریده‌خه‌ن زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هه‌ردوو وڵات بیری ده‌كه‌ن و به‌حه‌سره‌تن، شه‌و و رۆژ هه‌ست به گوناه ده‌كه‌م چۆن رێگه‌م به‌خۆمدا بكه‌ومه به‌ر شووشتنه‌وه‌ی مێشك و یاری پێكردن و به‌جۆرێك له جۆره‌كان هه‌ست به ناپاكی ده‌كه‌م.
دوای ئه‌وه‌ی جیهانم بینی تێگه‌یشتم ئه‌وه‌ی له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و چیكوسلۆڤاكیا روویدا، له چه‌ندین به‌شی تری دنیاش دووباره‌بۆته‌وه، ئێستاش رۆژئاوا له رێگای به‌كارهێنانی هۆنگ كۆنگ، چینی به ئامانج گرتووه.
هه‌ر جارێك دچمه چین و هۆنگ كۆنگ، نایبڕمه‌وه ده‌ڵێم و ده‌ڵێمه‌وه: تكاتان لێده‌كه‌م رێگای ئه‌زموونه ترسناكه‌كه‌ی ئێمه مه‌گرنه‌به‌رو به‌رگری له وڵاته‌كه‌تان بكه‌ن، بۆ كیسه نایلۆنه چه‌په‌ڵه‌كانی بازاڕكردن وڵاته‌كه‌تان مه‌فرۆشن،كارێك مه‌كه‌ن دوایی هه‌تا ته‌مه‌نتان ماوه لێی په‌شیمان ببنه‌وه.
تێبینی – ئه‌ندریه فلیچك، فه‌یله‌سوف و رۆماننووس و سینه‌ماكارو رۆژنامه‌وانی ئه‌مریكی به‌بنه‌چه خه‌ڵكی چیك.
ساڵی ١٩٦٢ لە چیک لە دایکبووە، لە ٢٢-٩-٢٠٢٠ لە سەفەرێکیدا بۆ ئەستەنبوڵ، لەبەردەم هوتێلێک، بە مردوویی تەرمەکەی لە نێو ئۆتۆمبیلەکەیدا لەلایەن پۆلیس هێنرایە دەرەوەو گومان دەکرێت بە پیلان کوژرابێت.
ئەم بابەتەی لە ١٤-٧-٢٠٢٠ نووسیووە.