بایکۆتی کۆماری ئیسلامی بکەن!
پەیامی حەمید تەقوایی بۆ خەڵکی جیهان:
بایکۆتی کۆماری ئیسلامی بکەن!

ماوەی سێ هەفتەیە لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران ناڕەزایەتی و بزووتنەوەیەکی بەرفراوان لەدژی حکوومەتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بەڕێوەدەچێت.
ئەو بزووتنەوەیەی کە بە کوشتنی ناخەهەژێنی مەهسا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستی پێکرد و بەخێرایی سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە و بە هێزەوە بەرەو پێشەوە دەچێت.
وەڵامی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم ناڕەزایەتی و داوا ڕەوایانەی خەڵک، هێندەی تر تاوان و کوشتار بووە. تەنها لە یەک ڕۆژدا، ڕۆژی هەینی ٣٠ی ئەیلول، ئەو ڕۆژەی بە هەینی ڕەش ناسرا و تەنیا لە یەک شاردا، لە شاری زاهیدان، هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت زیاتر لە نەوەد خۆپیشاندەریان کوشت. بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە شەقامەکاندا. و ئەم جۆرە تاوانانە ڕۆژانە لە شارە جیاوازەکانی ئێران ڕوودەدەن. لە سێ هەفتەی ڕابردوودا سەدان کەس کوژراون و هەزاران کەسیش دەستگیرکراون و ئەم سووڕی دڕندەیی و تاوانکارییە بەردەوامە. لەم نێوەندەدا ڕووخساری هەندێک لە قوربانیانی ئەم حکومەتە بووەتە ڕەمزو و هێمای ناڕەزاییەکانی خەڵک.
ئەمڕۆ مەهسا ئەمینی ناوێکی جیهانییە.

ناوێک کە نەک هەر نوێنەرایەتی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی ئێران دەکات، بەڵکو نوێنەرایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی ژنان لە سەرانسەری جیهان دەکات. قوربانی و کەسایەتی دیکەی وەک حەدیس نەجەفی کچێکی تەمەن ٢٣ ساڵ کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی بەکریگیراوەکانی حکومەت لە کەرەج کوژرا و بە نهێنی بە خاک سپێردرا. یان لەم دواییانەدا کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ بەناوی نیکا شاکرامی، کە دەستگیرکرا و دوای دە ڕۆژ تەرمەکەیان بەشێونراوی تەنیا پیشانی خێزانەکەی دا، و خۆیان بەخاکیان سپاردوە، لەنێویاندا ئەم کەسایەتیانە و ئەم قوربانیانە و ئەمانە ڕەمزەکانی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێرانن. بەڵام تاوانەکانی حکومەت تەنیا سنوردار نابنەوە بەم سێ هەفتەی دواییەوە .
زیاتر لە ٤ دەیە ئەم حکومەتە بە دڕندەیی و تاوانەوە دەسەڵاتی دۆزەخی خۆی پاراستووە. لە مانگی ژانویەی 2020دا کۆماری ئیسلامیی ئێران راستەوخۆ و بە ئەنقەست مووشەکی ئاراستەی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر بەسەر ئاسمانی تاراندا کرد و 176 سەرنشینی بێتاوان گیانیان لەدەست دا. وە لەو بەروارەوە بنەماڵەی قوربانیانی ئەم کارەساتە بزووتنەوەیەکی بەهێزیان لەدژی تاوانبارانی فەرمانڕەوایی ئێران ڕێکخستووە و ڕابەرایەتی دەکەن.
چەندین تاوان لە مەلەفی ئەم حکومەتەدا تۆمارکراون. هەر لەو ساڵەدا كۆماری ئیسلامی لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا تەقەی لە خۆپێشاندانی جەماوەری كرد و زیاتر لە هەزار و 500 كەسی كۆمەڵكوژی كرد. لە سێدارەدانی هەزاران کەس، کۆمەڵکوژی بەرفراوان، کوشتنی زنجیر، تیرۆرکردنی نەیاران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان، قامچی لێدان و چەندین تاوانی دیکە لە فایلە ڕەشەکەی ئەم حکومەتەدا تۆمارکراون.

ئەم حکوومەتە ڕژێمێکی دۆزەخی لە ئێران دامەزراندووە کە خەڵکی ئێران چیتر تەحەمول ناکات و لەدژی ڕاپەڕیوە. وەڵامی سەرسەختی خەڵک بۆ ئەم تاوانە نەخێرێکی گەورەیە بۆ کۆماری ئیسلامی و هاواری “ئێمە کۆماری ئیسلامیمان ناوێت”، هاواری “دەبێت کۆماری ئیسلامی لەناوببرێت” و “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”.
ئەو دروشمانەی کە ڕۆژانە لە شەقامەکانی ئێراندا دەوترێنەوە. ئەمە وەڵامی خەڵکی ئێرانە. پرسیار ئەوەیە، وەڵامی جیهان چییە؟ وەڵامی حکومەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم تاوانانە چییە؟ وە لە کوێیدا وەستاون؟ تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە خەڵکی بەشەرەفی جیهانەوە هەیە، هێزە پێشکەوتنخواز و چەپەکان و ئازادیخوازەکان، کەسایەتییە هونەری و وەرزشییەکان، کەسایەتییە ناودارەکان، ئەکتەران و گۆرانیبێژەکان، زۆرێک لە پاڵ خەڵکی ئێراندا وەستاون.
ئەوان پشتیوانی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران دەکەن و شانبەشانی ئێرانیەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات لەدژی حکوومەتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی هاتوونەتە سەر شەقامەکان. ئەوان بە توندی دەیانەوێت حکومەت بڕوخێنن. بەڵام ئەی دامەزراوە و حکومەتە نێودەوڵەتییەکان؟ هەڵوێستیان چییە؟ لەم دواییانەدا یەکیەتیی ئەرووپا و پەڕلەمانی هەندێ وڵات وەک پەڕلەمانی فەرەنسا لەدژی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستیان گرتەبەر و پشتیوانی لە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێرانیان کرد و ڕایانگەیاند کە ڕێگە بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نادەن کۆماری ئێران کە تێوەگلاون لەم تاوانانەدا بچنە ناو وڵات و هەژماری بانکیەکانیان بلۆک دەکەن. بۆ ئێستا ئەمانە ئەو هەڵوێستە ڕاگەیەندراوانەن؛ هەڵوێستی زارەکی. بەڵام ئەگەر ئەمانەش جێبەجێ بکرێن هێشتا بەس نییە.
چاوەڕوانی خەڵکی ئێران ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بایکۆت بکرێت؛ باڵیۆزخانەکانی لە هەموو وڵاتان دابخرێت؛ پێویستە هەموو پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و فەرهەنگی و وەرزشییەکان لەگەڵ ئەم حکومەتەدا ببڕدرێت. خەڵکی ئێران خوازیاری ڕەتکردنەوە و گۆشەگیری جیهانیی کۆماری ئیسلامین. ئەم حکومەتە نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران ناکات، بکوژی ئەوانە.
ئێستا ڕۆژانە لە میدیا و سۆشیال میدیادا دیمەنی بێشومار لە کارەساتی ترسناک و تاوانی شۆککەر دەبینین کە ئەم حکومەتە ئەنجامی داوە. ئەمڕۆ کاتی بایکۆتی تەواوەتی ئەم حکومەتە تاوانبارەیە. پێویستە خەڵکی بەشەرەفی جیهان فشار بخەنە سەر حکومەتەکان و ناچاریان بکەن واز لە دانوستان و سازان و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەم حکومەتە تاوانکارە بهێنن و بایکۆتی بکەن. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا حکومەتی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە باشووری ئەفریقا لەلایەن حکومەتەکانی جیهانەوە بایکۆتی کرا و ئەمڕۆش نۆرەی حکومەتی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێرانە.
پێویستە ئەم حکومەتە وەک حکومەتی ڕەگەزپەرستی باشووری ئەفریقا بایکۆتی بکرێت و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووربخرێتەوە. ئەمە کەمترین چاوەڕوانییە کە خەڵکی ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی جیهانی کار و لە حکومەتەکان هەیانە. لە تەنیشت خەڵکی ئێران بوەستن و لە جیهاندا کۆماری ئیسلامی ڕەت بکەنەوە.
شۆڕشێکی گەورە لە ئێران بەرەوپێش دەچێت. شۆڕشێک کە ئەم حکومەتە تاوانکارە بڕووخێنێت و ٨٥ ملیۆن خەڵکی ئێران لەو دۆزەخە ڕزگار بکات کە کۆماری ئیسلامی دروستی کردووە. لەم خەباتەدا لەگەڵ خەڵکی ئێران بە.
حەمید تەقوایی
وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر
5ی تشرینی یەکەمی 2022
