کوردایەتیی و عێڕاقچێتیی

0
پێشڕەومحمد
ئێستا تەنها لە قەیرانی کوردستاندا دوو گووتار ئیشدەکات، یەک: کوردایەتیی و دوو:
عێڕاقچێتیی. بڕوام وایە هەردوو گووتارەکە یەکتر تەواودەکەن و دوو دیوی یەک دراون، بۆ؟
یەکەم، کوردایەتیی: فۆرمێکی بەڕێوەبردنی حوکمڕانییە لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە، هەر زوو دەرکەوت بەبێ خوێن، جەنگ، تاڵانیی، سازشکردن، بەکرێگیران، شەڕی بەوەکالەت بۆ دەوڵەتانی هەرێمیی و هتد ناتوانێت بوونی هەبێت و درێژە بە ژیانی خۆی بدات.
ئایدیۆلۆژیای سیاسیی کوردایەتیی بریتییە لە سیستەمێکی بیرکردنەوەی سیاسیی کە لەسەر بنەمای قووچەکێتیی و هایرارکیی دەسەڵاتی سەرۆک خێڵ/باوک دامەزراوە و ئەندامانی خوارەوە تەنها جوندی شەترەنجی سەرۆکن.
بیری کۆمەڵایەتیی کوردایەتیی بریتییە لە سیستەمێکی چینایەتیی/مافیایی بنەماڵەیەک، خێزانێک و چەند سەرۆک باندێک بتوانن کۆی پێکهاتە و چینەکانی دیکە لە کۆمەڵگەدا بچەوسێننەوە.
هزری کولتووریی کوردایەتیی: پەرەدان بە کولتوور و بیرکردنەوەی خێڵ، ژن-کوژیی، نەوە-کوژیی، زیندووکردنەوەی سەلەفیزم و سەرهەڵدانەوەی سیستەمی بیرکردنەوەی کولتووریی خێڵ لەڕێگەی فیستیڤاڵی خێڵەوە.
حاکمییەت و قەڵەمڕەوی کوردایەتیی: ئەو شوێنانەی نەوتی لێیە، نەک خاکی بەرفراوانی کوردستان.
دوو، عێڕاقچێتیی: گووتارێکە لەسەر وەهمی دیموکراسییەتی دەوڵەتێکی فشۆڵ دامەزراوە، دەوڵەتێکی ساختەی دروستکراوی ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیالیزم. زیاتر کاردانەوەیە بەرانبەر بە گووتاری کوردایەتیی.
بەهەر هۆیەک بێت نەیتوانیوە شوێنی خۆی لەناو کوردایەتییدا بدۆزێتەوە، پەنای بۆ گووتارێکی دیکە بردووە کە عێڕاقچێتییە. ئەم گووتارە کە ئیشی بەوە نییە بەهیچ شێوەیەک نەزمی کۆمەڵایەتیی-کولتووریی-سیاسیی و قەڵەمڕەوێتیی کوردایەتیی بداتە بەر تیغی ڕەخنە، دەیەوێت لە ڕێگەی عێڕاقچێتییەوە شوێنێک لەنێو مەیدانی سیاسەتی باو و گشتییدا بۆ خۆی بکاتەوە. عێڕاقچێتیی زیاتر کاردانەوەیەکی سایکۆلۆژییە تا بیرکردنەوەیەکی سیاسیی و مێژوویی.
ئەو کێشانەی لە هەرێمی کوردستان هەن لە عێڕاقیش هەن: کۆمەڵگەیەکی چینایەتیی، دژە-ژن، دژە-ژیان، خێڵ، تائیفە، شەڕی مەزهەبیی، دژە-دیموکراسیی، حزبۆکراتیی، گەندەڵیی، شەڕی بەوەکالەت بۆ وڵاتان (ئێران بە نموونە)، لەڕووی سوپایی و میلیتارییەوە، هاوشێوەی میلیشیابوونی پێشمەرگە، ئەویش حەشد و دونیایەک پارا-میلیتاریزمی دیکەی هەیە. گووتاری عێڕاقچێتیی بەدووی ئەوەدا ناگەڕێت خەمی خەڵک لە کوردستان بکاتە ماتریالێکی سیاسیی دژ بە نەزمی باڵادەست، بەڵکو دەیەوێت خەڵکی بەدبەخت و نەفرەتلێکراوی کوردستان لەژێر چەپۆک و پۆستاڵێک دەربهێنێت و بیخاتە ژێر چەپۆک و پۆستاڵێکی دیکە.
عێڕاق (ئەوە ڕاستە کە دانی بە تاوانەکانی ڕابردوویدا ناوە، بەڵام ئەو داننانە هەرگیز نەبووەتە هۆی بونیادنانی دیموکراسیی) وڵاتێکە مێژوویەکی خوێن و کارەساتی هەیە.
قوومارکردن لەسەر خەڵکی کوردستان کە ٣٠ ساڵە بەدەست مافیاکانی ناوخۆوە دەناڵێنێت و ڕادەستکردنی بە چارەنووسێکی نادیار کە گووتاری عێڕاقچێتیی دەیەوێت، قوومارکردنە لەسەر ژیانی گەلێک لە کۆمەڵگەیەکدا سەدان ساڵە وەک مشکی تاقیگە لە شا عەباسی سەفەوییەوە تا مەسعوود بەرزانی بەکاریان هێناوە.
کەواتە نە گووتاری کوردایەتیی، نە عێڕاقچێتیی، هیچ لە ئازار و مەینەتی ئەو خەڵکە کەم ناکەنەوە، بەڵکو خەباتی هاوبەش و پێکەوەیی بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکرات بیر لە چارەسەری هەموو ئەو کێشانە بکاتەوە کە باسکران و بەزیادیشەوە هەن.
کە بیر لەو کێشانە کرایەوە دەکرێت پەیوەندییەکی تەندروستیش لەگەڵ عێڕاق دروستبکرێت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.