پاککردنەوەی ڕێگاکە: با مەرگی سێکتاریزم، ببێتە ژیانەوەی کۆمۆنیزم! (پەیامێک لەناو وێرانەیەکەوە بۆ تەواوی حیزبە چەپ و کۆمۆنیست و سوشیالیستەکانی ئێران)

زمناکۆ عزیز
سەیری دەوروبەرتان بکەن؛ دنیا وێران بووە! ئەمە تەنها قەیرانێکی سیاسی نییە، ئەمە دۆزەخێکی واقیعییە کە ڕۆژانە گۆشت و خوێنی مرۆڤەکانی تێدا دەبرژێنرێت. ئێران بووەتە گۆڕستانێکی گەورە، شارەکان وێران و کراون بە سەربازگە، مەکینەی فاشیزمی ئایینی قایشی پساوە و تاکە وەڵامی دەسەڵات بۆ هاواری برسیێتی و ئازادی، بووەتە
پەتی سێدارە. لەولاشەوە، زلهێزەکان و ئیمپریالیزم بە هەڕەشەی جەنگ و گەمارۆی ئابووری، خەریکی خنکاندنی دواین هەناسەکانی ئەم کۆمەڵگەیەن. ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی و ئیسڵاحتەڵەبەکانیش وەک داڵاش بەسەر ئەم کەلاوانەوە دەسوڕێنەوە بۆ ئەوەی لەسەر لاشەی کوژراوەکان، جڵەوی هەمان مەکینەی چەوساندنەوە بگرنە دەست. ئەی ئێوە لە کوێن؟
لەناو ئەم وێرانەیەدا، سیاسەت چیتر ئەو تێکستە مردووانەی ناو پەڕاوەکانتان نییە کە لە ژوورە گەرمەکانی ئەوروپاوە دەیاننووسن! سیاسەت، چاوی ئەو باوکەیە کە لە شەرمەزاریی نەبوونی پارەی دەرمانی منداڵەکەی، پشتی چەماوەتەوە. هاواری ئەو کچانەیە کە لەسەر شەقامەکانی زاهیدان و سنە و تاران، بە سنگێکی ڕووتەوە ڕووبەڕووی گوللە دەبنەوە. ئارەقی ئەو گەنجە ماندووەیە کە پاش ١٤ کاتژمێر کارکردن و دیلیڤەری لەسەر ماتۆڕەکەی، هێشتا کرێی ژوورێکی تاریکی پێ نادرێت. ئازارەکانی مرۆڤ لێرەدا، زۆر گەورەتر و ڕاستەقینەترن لە بەیاننامە بێگیانەکانی ئێوە!
زەروورەتی قۆناغێکی مێژوویی کە بۆ هەمیشە بەسەر چوو!
مێژوو نادیدە ناگیرێت. زۆر باش دەزانم کە لە دەورەیەک لە دەورەکاندا، بوونی ئێوە نەک تەنها زەروورەت، بەڵکو وەڵامێک بوو بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە. لە حەفتاکان و هەشتاکاندا، ئەوە ئێوە بوون کە ئەدەبیاتی مارکسیستی و ئازادیخوازانەتان هێنایە ناو کۆمەڵگەوە. ئێوە بوون کە لە دژی دیکتاتۆرییەتی شا و دواتر لە دژی کۆنەپەرستیی کۆماری ئیسلامی جەنگان، ئەنجومەن و شۆراکانی کرێکارانتان ڕێکخست، و زیندانەکانتان پڕ کرد لە قارەمان. قوربانییەکانتان هەمیشە جێگەی ڕێزێکی قووڵن. لەو دەورەیەدا، ئێوە نوێنەرایەتیی واقیعێکتان دەکرد. بەڵام کاتێک حیزبێک بنەما کۆمەڵایەتییەکەی لەدەست دەدات و لە جەماوەر دادەبڕێت، دەگۆڕێت بۆ “سێکتێکی پەراوێزخراو” (فرقه). هەر وەکو چۆن مێژوو ڕەحم بە هیچ شتێک ناکات، ئاواش ئەو قۆناغە تەواو بووەو ئەو مۆدێلە لە حیزبایەتی کۆتایی هات!
ڤێرژنە نوێیەکەی کرێکاران کە نایانناسن!
خودی خۆشتان لە ژوورە داخراوەکانتاندا زۆر باش دەزانن کە چیتر هیچتان پێناکرێت. خێرایی ڕووداوەکان و جوڵەی شەقام بە جۆرێکە کە مەکینە سێکتاریستییەکەی ئێوە تەنانەت ناتوانێت شیکردنەوەشی بۆ بکات. گەورەترین کارەساتی ئێوە ئەوەیە کە کوێرن لە ئاست لەدایکبوونی ڤێرژنێکی تەواو نوێ لە چینی کرێکار. ئێوە هێشتا بە عەقڵیەتی سەدەی بیستەوە لە چاوەڕوانیی کرێکارێکی جل شینی ناو کارگەیەکی گەورەدان، بەڵام ئاگاتان لەو “کرێکارە دیجیتاڵی و پەرشوبڵاوانە” (Gig Workers) نییە کە ئەمڕۆ کۆمەڵگە دەسوڕێنن. ئاگاتان لە پرۆلیتاریای ژنان و ئەو نەوە تووڕەیە نییە کە ئێوە یەک چەمک، یەک دێڕ و تەنانەت یەک وشەشتان بۆ ناساندنیان پێ نییە!
سەرکردایەتییەکی نەخۆش بە سێکتاریزم و کینە!
کێشەی ئێوە تەنها دابڕان نییە لە شەقام، بەڵکو قەیرانی ئەخلاقی و سیاسییە لە سەرەوە! سەرکردەکانتان نەک هەر ئامادە نین گوێ لە ڕەخنەی کۆنە هاوڕێ و موخالیفەکانی خۆیان بگرن، بەڵکو تەنانەت ئامادەی بینینی دەموچاویشیان نین، چ جای ئەوەی بتوانن لەسەر خاڵێکی بچووک، کاری هاوبەش بکەن. ئێوە لەناو خۆتاندا ئەوەندە دیواری کینە و دوژمنایەتیتان دروست کردووە، کە ڕقتان لە کۆنە هاوڕێکانی خۆتان، زۆر زیاترە لە ڕقتان بۆ خودی کۆماری ئیسلامی! سەرکردەکانتان بوونەتە کۆمەڵێک بیرۆکراتی موقەدەس، کە هەرکەسێک بچووکترین جیاوازیی هەبێت، تەکفیری دەکەن و دەیکەنە دەرەوە. بەم عەقڵیەتە داخراوە، بەم نەخۆشیی خۆبەزلزانییە و پارچەپارچەبوونەوە، چۆن دەتانەوێت بانگەشەی ڕابەرایەتیکردنی شۆڕشێکی جەماوەری بکەن؟ ڕێکخراوێک نەتوانێت بەرگەی جیاوازیی ناوخۆیی خۆی بگرێت، چۆن دەتوانێت کۆمەڵگەیەک لە دەستی فاشیزم ڕزگار بکات؟
بۆچی هەڵوەشانەوەتان بە قازانجی کۆمۆنیزم و خەڵکە؟
کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە ئێوە بێکاریگەرن، کێشە گەورەکە ئەوەیە ئێوە بوونەتە بەردێکی گەورە لەسەر ڕێگای کۆمۆنیست و ئازادیخوازانی ناوخۆ! بەردەوامیی ئێوە لە قۆرخکردنی ناوی “کۆمۆنیزم و حیزبی پێشەنگ”، وای کردووە کە گەنجانی شۆڕشگێڕی ناوخۆ هەمیشە چاویان لە دەستی ئێوە بێت و چاوەڕێی مۆدێلە کۆنەکانتان بکەن. ئەگەر ئێوە نەبن و خۆتان هەڵبوەشێننەوە، گەورەترین خزمەت بە کۆمۆنیزم دەکەن؛ چونکە هەم ئەو شۆڕشگێڕانەی ناوخۆ ئازاد دەبن لە وەهمی بوونی “ڕزگارکەرێکی دەرەکی”، هەم ئەو دەرفەتە مێژووییەیان پێ دەدەن کە بێنە پێشەوە و ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە. نەبوونی ئێوە، ناچاریان دەکات کە خۆیان ببنە ڕابەری واقیعی و ببنە “مێشکی بزووتنەوەکە” لەناو جەرگەی ڕووداوەکاندا.
مۆدێلێکی جیهانی: با کۆمۆنیزم لە ڕێکخراوە زیادەکان ئازاد بکەین!
ئەم داواکارییە تەنها بۆ ئێران نییە، بەڵکو دەبێت ببێتە مۆدێلێک کە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا پیادە بکرێت! ئەتوانن لەم کردەیەدا پێشەنگ بن. کۆمۆنیزم و خەباتی چەپ لەسەر ئاستی جیهان، گیرۆدەی دەستی ژمارەیەکی بێشومار لە حیزب و ڕێکخراوی زیادە، بچووک، و بێکاریگەر بووە کە تەنها خەریکی شەڕەقسەی ناوخۆیین و بوونەتە هۆی ناشرینکردنی ناوی مارکس و سۆشیالیزم. با هەڵوەشانەوەی ئێوە، ببێتە چەخماخەیەک بۆ ڕاماڵینی تەواوی ئەو سێکتانەی جیهان.
ئەو مرۆڤە شەریفانە ئازاد بکەن بۆ کاری لۆجیستی!
لە ڕیزەکانی ئێوەدا، سەدان مرۆڤی شەریف، ئازادیخواز، و شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە لە ژن و پیاو هەن کە دڵیان بۆ گۆڕانکاری لێدەدات. ئازادیان بکەن! وازیان لێبهێنن با لە قەفەسی حیزبایەتیەکەی ئێوە بێنە دەرەوە و لە دەرەوەی وڵات ببنە “تۆڕێکی پشتیوانیی مەیدانی و لۆجیستی” بۆ شەقام. با ئەوان لەبری نووسینی بەیاننامەی حیزبی، سەرپەرشتیی “سندوقی دارایی بۆ پشتیوانیی مانگرتووان” بکەن، کارئاسانی بکەن بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی بێسانسۆر ”VPN”، و ببنە پردێکی لۆجیستیی بێناو بۆ پاراستنی ئەنجومەنەکانی ناوخۆ. ئەوان دەتوانن ببنە سوپایەکی پشتیوانی، بە مەرجێک ئێوە کۆت و زنجیری ئایدۆلۆژی و حیزبیان لە قاچ بکەنەوە.
بڕیاری کۆتایی: پاککردنەوەی گۆڕەپانەکە!
لەم ساتەدا کە شەقام پێویستی بە فەزایەکی پاکە بۆ لەدایکبوونی مێشکێکی نوێ و ڕێکخستنی ئەنجومەنە سەربەخۆکانی خۆی، گەورەترین کاری شۆڕشگێڕانە کە بتوانن بیکەن، دەرکردنی بەیاننامە نییە؛ بەڵکو “پاککردنەوەی ڕێگاکەیە”!
بەوپەڕی ڕێزەوە بۆ قوربانییەکانی ڕابردووتان، داواتان لێ دەکەم: دەست لەکار بکێشنەوە و ڕێکخراوەکانتان هەڵبوەشێننەوە. داخستنی بارەگاکانتان و سڕینەوەی ناوە حیزبییەکانتان، کۆتا خزمەتە کە بتوانن بە چینی چەوساوەی بکەن. وازبهێنن با شەقام خۆی، بە ئازارەکانی خۆی و بە زمانە نوێیەکەی خۆی، مێشکی خۆی دروست بکات و ئیرادەی خۆی بسەپێنێت. ئێوە ناتوانن ئیرادە بەسەر کۆماری ئیسلامیدا بسەپێنن، بۆیە لانیکەم ڕێگاکە بۆ شەقام چۆڵ بکەن.
مێژوو چاوەڕێی کۆبوونەوەکانی ئێوە ناکات!