گرنگی جیۆپۆلیتیکی باگرام وەک لیڤەرێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چین و ڕووسیا و ناوچەکە گرنگی باگرام بۆ ئەمەریکا تەنها لە ئەفغانستان و تاڵیباندا سنوردار نییە.
هەڵکەوتەی جوگرافیای ئەم بنکەیە وایکردووە کە ببێتە سەرمایەیەکی ستراتیژی سەرەکی لە کێبڕکێ لەگەڵ چین و ڕووسیا و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا:
١) چاودێریکردنی چین:
مەودای ئاسمانی لە باگرامەوە بۆ هەرێمی خۆسەری شینجیانگی چین کە بە شێوەیەکی سەرەکی ئویغورە موسڵمانەکان نیشتەجێن کە لە حکومەتی چین ناڕازین، کەمتر لە 500 کیلۆمەترە.
ئەم نزیکییە ڕێگە بە ئەمریکا دەدات کە پەیوەندییەکان ڕابگرێت و چاودێری جوڵەکانی چین بکات لەم ناوچە هەستیارەدا بە جێگیرکردنی سیستەمی سیخوڕی ئەلیکترۆنی پێشکەوتووی وەک RC-135 Rivet Joint.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی و چەک بە بزووتنەوەی ئیسلامیی تورکستانی ڕۆژهەڵات، دەتوانێت ڕاستەوخۆ سازش لەسەر ئاسایش و سەقامگیری چین بکات. ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژی فراوانتری ئەمریکا بۆ گەمارۆدان و کۆنتڕۆڵکردن و ناسەقامگیرکردنی چین.
٢) فشار لەسەر ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا:
دەستڕاگەیشتن بە باگرام تەحەدای قووڵایی ستراتیژی ڕووسیا دەکات لە ئاسیای ناوەڕاست و نیگەرانییەکانی مۆسکۆ سەبارەت بە سەقامگیری لە پەراوێزی باشووریدا زیاد دەکات.
بنکەکە دەتوانێت وەک خاڵێکی پشتیوانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و دەستێوەردانەکان لە ناوچەی بەرژەوەندی ڕووسیادا بێت.
دەیان گرووپی تیرۆریستی ئیسلامی کە پێکهاتبوون لە هاووڵاتیانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و چیچانی کە لە سووریا شەڕیان دەکرد، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بە هاوکاری ئەبو محەممەد جولانی کە خۆی پێشینەی ئەندامێتی لە داعش و گرووپە تیرۆریستییەکاندا هەبوو، سووریایان بەجێهێشت و ڕەوانەی وڵاتانی دیکە کران، لەوانە ئەفغانستان، پاکستان و هەندێک وڵاتی ئاسیای ناوەڕاست.
جێگای تێگەیشتنە کە بۆچی دوایین لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەلایەن چین و ڕووسیا زۆر بە جددی وەرگیراون و نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن. دژایەتی چین و ڕووسیا بەرامبەر بە بوونی سەربازی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە بەزەییەوە نییە بۆ گەلی ئەفغانستان، بەڵکو بەهۆی حیساباتی ستراتیژی خۆیانەوەیە لە دژی هەژموونی ئەمریکا.
دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان لە مانگی ئابی ٢٠٢١، حکومەتی چین و کۆمپانیاکانی سەر بە ئەفغانستان چوونە ناو ئەفغانستان.
لە کاتێکدا لە دوو ساڵی یەکەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا، شەقامەکانی کابول و پارێزگاکانی دیکەی ئەفغانستان ڕۆژانە پڕبوون لە ناڕەزایەتی بەربڵاوی ژنان دژی تاڵیبان و ژنە خۆپیشاندەران دروشمی “نان، کار، ئازادی”یان دەوتەوە و تاڵیبان بە فیشەک و لێدان و زیندانیکردن و ئەشکەنجە وەڵامیان دایەوە، حکومەتی چین بە سەرکردایەتی “پارتی شیوعی” بێ شەرمانە بوو لەگەڵ ڕژێمێکی ژنکوژ و دژە زانست و دژە ئازادی و دژە شارستانییەتدا خەریکی مامەڵەی سیاسی و ئابووری بووە.
حکومەتی چین بە پشتگوێخستنی ڕەفتاری نامرۆڤانە و دڕندانەی تاڵیبان بەرامبەر بە خەڵکی ئەفغانستان و بەتایبەت ژنان و کچان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، وەبەرهێنانی لە دەرهێنانی کانزا و سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەفغانستان کرد و دەیان گرێبەستی بە بەهای دەیان ملیار دۆلار لەگەڵ ڕژێمی ناشەرعی تاڵیبان واژۆ کرد.
لە ٣١ی ژانویەی ٢٠٢٤ شی جینپینگ یەکەم سەرۆکی بیانی بوو کە بڕوانامەی باڵیۆزی تاڵیبان لە پەکین قبوڵ کرد.
ڕووسیا و چین لەبارەی هەڵوێستی خۆیان لە دژی تاڵیبان وەهمیان هەیە.
تا ئێستاش تێگەیشتنێکی دروستیان لە ڕژێمی تاڵیبان نییە.
بەهیوان سوود لە تاڵیبان دژ بە ئەمریکا و ڕۆژئاوا وەربگرن و ڕێگری بکەن لە دزەکردنی تاقمە تیرۆریستییەکان بۆ ناو ئاسیای ناوەڕاست و چین.
بەڵام لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥ تاڵیبان بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ٢٥ ساڵەی “دەرهێنانی نەوتی ئامو دەریا” لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی و دەستگیرکردنی ١٢ کارمەندی چینی لە باکووری ئەفغانستان سەلماندی کە پابەندی هیچ بنەما و ڕێسایەکی دیپلۆماسی نین.
بۆیە ئەگەر دانوستانەکانی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی بنکەی باگرام بە ئەمریکا لە بەرامبەر سەدان ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا و دانپێدانانی حکومەتی تاڵیبان و ئازادکردنی پارەی بەستووی ئەفغانستان و لابردنی ناوی سەرکردەکانی تاڵیبان لە لیستی ڕەشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکەوتوو بێت، ئەوا نوێبوونەوەی بوونی سەربازی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەتوانێت خەونە شیرینەکانی چین و ڕووسیا تێکبدات.
لەواڵی چەپی ڕادیکاڵی ئەفخانستان وەرگیراوە
وەرگێڕانی/ ئاوات ڕەسوڵ
