سەردەمی قەیرانەکان سەردەمی داکەوتنی دەردێکە؛ هەژاری و بێکاری و گرانی و قاتوقڕی و جەنگی وێرانکارانە، دەکاتە دەرئەنجامی زێدەی بەرهەمهێنان.

ئەنوەر نەجمەدین
هاوارودادی هەژارییش هەمیشە مرۆڤ دەباتەوە بەرەو مەملەکەتی پێغەمبەران و فەیلەسوفان، بەرەو فەلسەفەی ئەخلاق، ئەو فەلسەفەیەی هەر لە ئاینە ئاسیاویە کۆنەکانەوە، پەردەیەکی ئەستوور بووە بەسەر دەموچاوی کۆمەڵگای چینایەتیەوە، بەڵکو ئایدیۆلۆژیای چینە دەسەڵاتدارەکان بووە بۆ قایل کردنی چینە هەژارەکە بە کۆت و پێوەندەکانیان. ئەم فیکرە ئەخلاقیە لە شارستانیەتە هەرە کۆنەکانی ئاسیاوە، لە ووڵاتی فارسەکان و هیندستان و چین و بابل و میسر و یۆنانەوە، دەکەوێتە جووڵە.
ئەمەیش لە حیکمەتە فەلسەفیەکانەوە درێژ دەبێتەوە هەتا چەرخی نوێ، چەرخی لیبرالیزم کە تاکگەراییەکەی ناو فەلسەفەی ئەخلاق بنچینەکەیەتی. بەلای فەلسەفەی ئەخلاقەوە، ئەگەر خەڵکی فیکری خراپەکاری لەسەریان داماڵن و پڕی بکەن لە فیکری چاکەکاری، ئەوا جیهان دەگۆڕدرێت. بەڵام هەرگیز ئەو فەلسەفەیە نەیتوانی دروستیی ئەمە بسەلمێنێت. فەلسەفەی ئەخلاق لە ڕەفتاری تاک دەدوێت نەک ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، ئیتر ئەمە لە فەلسەفەکەی زرادەشتدا بێت یان پلاتۆ.
زرادەشت بە ئاهورەمەزدا و ڕووناکی و تاریکی و حەقیقەت و ئەهریمەنەوە، پلاتۆ بە خێر و شەڕ و چاکە و خراپە و مەعریفە و جەهلەوە، مرۆڤ لە پەیوەندیە واقیعیەکان دادەماڵن و ئینجا دەکەونە تێڕامان لێی. هەر ئەم فیکرە تیۆلۆژییەیشە دەبێتە باکگراوندی بیری هاوچەرخ، ئیتر ئەمە چ لە لیبرالیزمدا، چ لە لینینیزمدا. وە ئەگەر بچینە سەر لینینیزم کە جێی باسەکەی ئێمەیە، ئەوا دەکەوینە بەر ئەو داوا ئەخلاقیەی کە گوایە دەتوانێت کۆمەڵگا بەسەر پردی ئەخلاقدا بپەڕێنێتەوە بەرەو سۆشیالیزم.
هەر بەوجۆرە لینینیزم لە سێبەری فەلسەفەی ئەخلاقدا، سۆشیالیزم دەکاتە بەرهەمی پەروەردە. دەبێت خێزان و قوتابخانە و حیزب و نەقابە، خەڵکی فێر بکرێن واز لە فیکرەی موڵکدارێتی تایبەتی بهێنن. لینین بەمە دەڵێت: “پەروەردەی کۆمۆنیستی” (لينين: الأخلاق، والأخلاق الشيوعية). هەر لەمەیشەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی فیکرەی ئەخلاق بەدرێژایی مێژوو گۆڕانی بەخۆیەوە نەبینیوە زۆر کەم نەبێت.
ئەو فەلسەفەیە لە چەرخی نوێیشدا، داڕشتنێکی نوێی بیری تێڕامانە. لە لینینیزمدا هەروەک پلاتۆنیزم، دابڕینی تاکە لە جیهانە واقیعیەکەی و هەوڵێکە بۆ دروستکردنی بوونەوەرێکی ئەخلاقی. ئەم دابڕینەی تاک لە ژیانە ماتریالیستیەکەی، بنچینەی ئەو ئایدیا ڕووتانەیە کە مرۆڤ لە پەیوەندیە دونیاییەکانی دادەماڵێت و دەیخاتە جیهانێکی شارراوەوە.
هەر بەوەیش مرۆڤ لە ئەخلاقگەریدا، هەروەک سایکۆلۆژیا، دەبێتە کۆنسێپتێکی فەلسەفی و هەموو خەسڵەتە کۆمەڵایەتیە هاوبەشەکانی وون دەکات. هەربەوجۆرە، تاکی دابڕاو لە هەموو پەیوەندیەک، نهێنیی تاکگەراییەکەی ناو فەلسەفەی ئەخلاقە. فەلسەفەی ئەخلاق لە پەیوەندیدا بە چاکە و خراپە و خێر و شەڕەوە، لە مرۆڤ دەدوێت. ئەمەیش بەو واتایەی گوایە خێر و شەڕ فیکرەیەکی تایبەتە بە تاکەکان خۆیان و لە مەعریفە و جەهلیانەوە سەرچاوەدەگرێت، ئەوان چاکەکارن ئەگەر خاوەن مەعریفە بن، خراپەکاریشنن ئەگەر جاهل بن. فەلسەفەی ئەخلاق داوا دەکات خەڵکی فیکری شەڕانی لە سەری خۆیان داماڵن و ڕوو بکەنە چاکەکاری.
بەم چەشنە، فەلسەفەی ئەخلاق، وەک مارکس دەڵێت: “ناکۆکیە بەکردەوەکانی نێوان تاکە کۆمەڵایەتیەکان، دەگۆڕێت بە ناکۆکی ئەو تاکانە لەگەڵ فیکرە تایبەتیەکەی خۆیاندا” (مارکس، الأيديولوجية الألمانية). وە ئیتر لێرەوە ئەخلاق دەکرێتە بنچینەی گۆڕانکاری، بە ئاستیک کە لینین لە وەهمی فەلسەفەی ئەخلاقەوە دەڵێت: “ئەخلاق هەلی ئەوە دەداتە دەست، کۆمەڵگای ئینسانی بەرزببێتەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر و لە چەوساندنەوەی کار ڕزگاری ببێت”، “ئێمە دەڵێین ئەوە ئەخلاقە ڕێگا بۆ رووخاندنی کۆمەڵگای کۆنی چەوساندنەوە خۆش دەکات” (لینین، الأخلاق، والأخلاق الشيوعية).
هەربەمجۆرە، ئەگەر لە شارستانیەتی کۆندا “هەستی بەختەوەری” و لە شارستانیەتی نوێدا “چێژگەرایی” بنەمای ئەخلاقگەریی بووبێت، ئەوا ئەو ئەخلاقە لە لینینیزمدا دەبێتە وەهمێکی گەورەتر و چارەسەریشی لە ئامۆژگاریە ئەخلاقیەکاندا دەدۆزێتەوە. ئەمە لەکاتێکا مێژوو دەیسەلمێنێت، خەسڵەتە ئەخلاقیەکان هەرگیز ناتوانن خەسڵەتە مێژووییەکان بسڕنەوە. واتە پرسەکە لەوەدا کۆتایی نایەت فیکرەی موڵکدارێتی تایبەتی ڕەت بکەینەوە.
پرسەکە ئەوە نیە تاک خۆی بگۆڕێت، بەڵکو ئەوەیە شێوازی موڵکدارێتی بگۆردرێت، ئەوەیش کردەی گۆڕینی شیوازی بەرهەمهێنانە نەک فیکری ئەخلاقی. مرۆڤیش نەدەگەیشتە ئەو دەرئەنجامە هەتا کۆمەڵگای برجوازی و شەڕە چینایەتیەکانی، تەمومژی فەلسەفەی ئەخلاقی نەسڕیەوە. مارکس واتەنی: “ئەم هەموو بارودۆخە نەدەدۆزرانەوە تا ئەوکاتەی توانای ئەوە دەستکەوت کە ڕەخنەی مەرجەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندیەکانی بگیرێت ..
واتە تا ئەوکاتەی ناکۆکی نێوان برجوازیەت و پرۆلیتاریا بووە هۆی دەرکەوتنی تیۆریە کۆمۆنیستی و سۆشیالیستیەکان. ئا ئەم ڕەخنەیە بنچینەی هەموو ئەخلاقی تێکشکاند، ئیتر ئەمە ئەخلاقی سۆفی و زاهید بێت یان چێژگەرایی” (مارکس، هەمان سەرچاوە، ل : ٤٥٥). ٢٥ / ١ / ٢٠٢٢ ئەمە کورتەی دوو ووتار بوو کە ٢٠١١ دا لە (الحوار المتمدن) دا بە عەرەبی بڵاوم کردۆتەوە: الأخلاق الإسلامية والأخلاق الشيوعية، وە نقد الأخلاق عند لينين
*تێ بی نی /ئەم بابەتە لە واڵی نوسەرەکە وەرگیراوە