بێکاریی و ناکۆکی کارو سەرمایە
بەڵێن ئیسماعیل
لەفەرهەنگی ئابوری سیاسیدا سێ جۆر بێکاریی هەیە.
یەکەم: بێکاریی ئاسایی کە کرێکار ئامادەیەو توانای کاری هەیەو لەدووی دەگەڕێو
وەگیری ناکەوێ.
دووەم: بێکاریی کاتیی، کە لەئەنجامی بێ بازاڕی و تەنگژەی ئابوریی دا پەرەدەستێنێ و دوای تەواو بوونی تەنگژەکە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدرێت.
سێیەم:بێکارییەکە پەیوەندی بەتێکڕای بونیادی
ئابورییەوە هەیە. ئەو ئاڵگۆڕە بنچینەییەی بەسەر ئامێرەکانی بەرهەمهێناندا دێت و بەرەو پێشیان دەبا، جۆرێک بێکاری دەخوڵقێنێ چارەسەرکردنی ئەستەمە.
دیاردەی بێکاریی لەم سەردەمەدا، پەیوەندی هەیە بەپیشەسازی مۆدێرنەوە. ئەم پیشەسازییە بەزۆریی پشت بەسیستمی زانیاری (المعلوماتیة) دەبەستێت. بێکاریی لەو چەشنە چارەسەرکردنی نەک هەر دەچێتە خانەی مەحاڵەوە، ڕۆژ بەڕۆژ پەرەدەسێنێ و ئەوەندەی تر مەترسی لێدەکەوێتەوە.
بێکاریی لەم جۆرە هەڕەشەی ڕاستەقینە لەمرۆڤایەتی دەکا.
دیاردەی بێکاریی هەر بەوە تەواو نابێ کە کرێکار دەستی لەئیش دەکێشرێتەوەو دەرامەتی نامێنێ و ئاستی گوزەرانی دادەبەزێ.
حاڵەتی بێکاریی کە درێژەی کێشاو لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی پەرەی سەند، مرۆڤ بەجۆرێک تووشی هەڵدێر دەکا ئەستەمە دوایی لێی قوتاربێ. نەخۆشیی، دزی و ڕاوو ڕوت، خود کوژی، ڕاهاتن لەسەر تلیاک و ئەلکحلو مادە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی، بازرگانیی نامەشروع و پەرەسەندنی دەسەڵاتی مافیا،
کۆچ و ڕەوی خەڵك…. هەموو ئەمانەو زۆر دیاردەی دزێوی تر، ئەنجامی حەتمی بێکاری و هاتنە خوارەوەی ئاستی گوزەرانی خەڵك.
بێکاریی حاڵەتێکە زۆر جار بە بەرچاوەوە نییە.
سەرمای جیهانگیر سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژانە
دەستبەرداری هەزاران کرێکار دەبێ زۆرینەی
کۆمەڵگا لەمافی ژیان بێبەری دەکا، و دامودەزگای جۆرەو جۆرەکانی ، بە مەبەستی کۆکردنەوەو ئەنبار کردنی زانیاری، وەک جاران پێویستیان بەهەزاران فەرمانبەرو کادێر نەماوە. کۆمپانیاکانی هاتوچۆ لەچرکەیەکدا دەتوانن لەڕێگای بەرنامەی کۆمپیوتەرەوە هەزاران بلیتی پاپۆرو فڕۆکەو شەمەندەفەرو ئوتومبێل بفرۆشن و کۆنترۆڵی گەشتی سەدان هێڵی ئاسمانیی و زەمینیی و دەریایی بکەن.
هەر لەڕێگای بەرنامەی کۆمپیوتەرەوە، دەکرێ
تێکستێک بەچەند زمانی جیاجیا بخوێنرێتەوە و وەربگێڕدرێ. زۆر بەوردیی و خێرایی چاودێری یەکبەیەکی قۆناغی کارو خەرجی بەرهەمو گشت مەسەلە حسابییەکانی دیکەی پرۆسەی بەرهەمهێنان دەکرێ.
تەنانەت حاڵ گەیشتۆتە ئەوەی (هەندێ نەشتەر کاری لەرێگای بەرنامەی کۆمپیوتەرەوە ئەنجام دەدرێن..) دیاردەکی تر کە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا هێناویەتە گۆڕێ ئەوەیە: کرێکاری نەشارەزا رۆژ لە دوای رۆژ هەلی کارکردنی زیاتر لەدەستدەچێ، چونکە کاروباری رێکخستنی ناوماڵ و تەنانەت چێشتکەریش پێویستیان بە ئاستێکی باشی خوێندەواری و شارەزایی هەیە.
جا ئەگەر دوو سەد ساڵ لەمەوبەر کرێکاران لەترسی بێکاریی دژ بەئوتوماتیکیکردنی پیشەسازی ڕاوەستابن و دەزگا تازە داهێنراوەکانی ڕستن و چنینیان تێکو پێکدا، ئەوا ئەمرؤ پەرەسەندنی تەکنەلۆجیا و شۆرشی زانیاری لەسایەی دەسەڵاتی سەرمایەی جیهانگیریدا، هەڕەشەیەکی گەورەتر لەژیانیان
دەکا بەتایبەت کە ئەوەمان زانی تەکنەلۆژیا بەچ ئەندازەیەک هەلو مەرجی کاری گۆڕیوەو
چۆن چۆنی ڕۆژانە هەزاران کارگەر فڕێ دەداتە پەراوێزی ژیانەوە. چەقبەستنی سەرمایە بەسەرێک، پەرەسەندنی زانست و تەکنەلۆژیاو مۆنۆپۆلکردنی لەچوارچێوەی ئابوری جیهانگیردا، بەسەرێکی تر، کاری زۆری کردۆتە سەر ئاستی ژیان و گوزەرانی هێزی کاری یەدەک(احتیاطی الایدی العاملة).
بەپێچەوانەی پروپاگەندەو ڕاگەیاندنی دامو دەزگا ئابوری و داراییەکانەوە، کرێی کارو بیمەی کۆمەڵایەتی کرێکارانیان بەجارێك هێناوەتە خوارەوە. حەقیقەتی ئەم دیاردەیە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ؟!
سەرمایەی جیهانگیر چ لەڕێگای بەگەرخستنی ڕاستەوخۆی سەرمایەو چ لەڕێگای کۆنتڕۆڵی
بازاڕەکانی دونیاوە ڕووی لەهەر شوێنێک کرد، دەبێ ئەو وڵاتە پڕەنسیپەکانی لیبریالیزمی نوێ
جێبەجێ بکاو بەر لەهەموو شتێک لەسەریەتی پەیکەری ئابوری سەر لەنوێ بنیات بنێتەوە.
لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم مەرجە ڕاستەخۆ رێژەی بێکاریی هەڵدەکشێ و کرێی کارو مووچەی ڕاستەقینە(الاجرالحقیقی)ی کرێکارو کارمەند دێنە خوارەوە.
کاکڵەی مەسلەکەیش ئەوەیە کە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری هەوڵی زیادکردنی
کرێی کار نادا، بەپێچەوانەوە کەمی دەکاتەوە.
(هەمیشە پەیوەندی نێوان کرێی کارو قازانجی سەرمایە، پەیوەندییەکی عەکسییە. هەتا کرێی
کار زیاتر بێتە خوارەوە ئاستی قازانج دادەبەزێ…) سەرمایەی جیهانگیر سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژانە دەستبەرداری هەزاران کرێکار دەبێ زۆرینەی کۆمەڵگا لەمافی ژیان بێبەری دەکا. ڕادەگەیەنێ گوایە بەهۆی شۆرشی تەکنەلۆژیاوە ئاستی بەرهەمهێنان پەرەی سەندووەو کرێی ڕاستەقینەی کاری بەرزکردۆتەوە.!
گومان لەوەدا نییە کە سەرمایەی جیهانگیر لەوە دەستەوسانترە بتوانێ کێشەی بێکاریی چارەسەر بکا. هەروەها ئابورییەک بەپشتی تەکنەلۆژیای نوێ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هەلی کار کەم بکاتەوە، بیەوێو نەیەوێ پەرە بەدیاردەی بێکاریی دەدا. یان ئاستی گوزەرانی بەشی هەرەزۆری دانیشتوان دێنێتە خوارەوە.
مەسەلەکەیش هیچ پەیوەندییەکی بەم یان بەو کەرتی پیشەسازییەوە نییە. پەیوەندی هەیە بەپرەنسیپەکانی ئابوری بازاڕو سیاسەتەکانی لیبریالیزمی نوێوە. مادام چ کاڵاو چ خزمەتگوزارییەکان دەبنە بابەتی بازرگانیو ئەم بازرگانییەش ناوەند بەپێی بەرژەوەندییەکانی کۆنترۆڵی کردووە.
هەر دەبێ مەترسی گەورە بخاتە سەر هێزی کارو ژیانی ڕۆژانەی کرێکاران.
بۆیە دیاردەی هەژاریی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێ. چەند ساڵێ لەمەوبەر تیۆرسێنەکانی دونیای سەرمایە ڕایانگەیاند گوایە: کەڵەکەبوونی سەرمایە دەبێتە هۆی زاڵبوون بەسەر دیاردەی بێکاریدا.
بەڵگەیان بۆ ئەم ڕایە ئەوە بوو: بەگەڕخستنی زیاتری سەرمایە، هەلی کار زۆرتر دەکاو ڕێژەی بێکاریی دێنێتە خوارەوە، بەڕادەیەکی وا بێجگە لەپیرو پەککەوتە هیچ کەس بێکار نابێ”.
بەڵام یاسای گشتی کەڵەکەبوونی سەرمایە، هەر زوو وەڵامی بێ چەند و چونی ئەوانەی دایەوەو لەسەر زەمینەی واقیع سەلماندی: کەڵەکەبوونی زیاتری سەرمایە ژمارەی بێکاران زیاتر دەکا. لەبەردەم ئەم حەقیقەتە تاڵو تفتەدا (بانکی نێودەوڵەتی) ناچار بوو ئاوڕێک لەم دیاردەیە بداتەوەو بەپیرییەوە بچێ.
سەرەتا داوای لەدەوڵەتانی دونیا کرد مەسەلەی هەژاریی بکەنە یەکێک لەخاڵە گرنگەکانی سیاسەتی ئابورییان. بۆ ئەم مەبەستەیش خشتەیەکی تایبەتی بۆ ڕادەی هەژاریی ڕێکخست و تێیدا ئاستی هەژاریی دەستنیشان کرد.
(بانکی نێودەوڵەتان) کەسێک دەخاتە خانەی هەژارییەوە کە داهاتی ڕۆژانەی لە ١یەک دۆلاری ئەمریکایی کەمتر بێ.
بەو جۆرە دابینکردنی ئازادی ڕەها بۆ سەرمایەو پەیڕەوکردنی سیاسەتەکانی لیبریالیزمی نوێ،
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ جیاوازی کۆمەڵایەتی قوڵترو ناکۆکییەکان تیژتر دەکا، هەر لەو کاتەدا کە سامان لەچنگی کەمینەیەکی مشەخۆردا کۆدەکاتەوەو کۆنترۆڵی ئابوری دونیا دەکا، ژیانی زۆربەی هەرەزۆری مرۆڤایەتی، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر کرێی کار دەژین، بەرەو هەڵدێر
دەبا، ئەمەیش بۆخۆی بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە سروشتی سیستمی سەرمایەداری،
نەک هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە، ئاستی چەوساندنەوەی واوەتر بردووە.
