شۆڕشی دیموکراسی یان شۆڕشی سۆسیالیستی

0
ئەکرم سەعید
* مارکسیزم تیۆری شۆڕشی سۆسیالیستی چینی کرێکارانە. شۆڕشی سۆسیالیستی چینی کرێکار بە کۆمەکی حیزبە سۆسیالیستەکان، گۆڕانێکی مەزنی کۆمەڵگای سەرمایەدارییە؛ لەڕوی سیاسییەوە دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی و دەوڵەتەکەی کۆتایی پێدەهێنێ، و دەسەڵاتی چینی کرێکاران دادەمەزرێنێ، ئەو دەسەڵات و کۆمەڵگایەی سۆسیالیستی خولێکی ڕاگوزارییە، دیکتاتۆرییە بۆ دژە شۆڕشەکە و دیموکراتییە بۆ سەرجەم خەڵکی.
ناوەڕۆکی ئابووری شۆڕشی سۆسیالیستی بریتیە لە گۆڕانی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری؛ واتە کۆتایی پێهێنان بە پەیوەندی ( سەرمایە و کاری کرێگرتە) – نەهێشتنی خاوەندارییەتی تایبەتی سەرمایە، و جێبەجێکردنی یاسای ((هەرکەس بەپێی توانای خۆی و هەرکەس بەپێی کاری خۆی)).
تیۆری شۆڕشی سۆسیالیستی ڕەهەندێکی “گەردوونی”هەیە؛ بە مانای نێونەتەوەیی چینی کرێکاران”؛ ڕەنگە باشتر بێت بڵێین، تیۆرێکە بۆ چینی کرێکارانی جیهانی دژی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی. لێرەدا گشتگیربوونی تیۆرەکەی مارکس لە ئیدیعاکانیدا نەبوو بۆ خۆی وەک تیۆرێک، بەڵکو لە چۆنیەتی بیرکردنەوە لە ئۆبژەکەیدا بوو کە چینی کرێکاران مەسەلەێکی جیهانییە.
ئەگەرچی سەرمایە لە نێو چوارچێوەی سنووری نیشتمانێک خۆی پێناسە دەکات، بەڵام مارکس باوەڕی بەوەبوو کە لەگەڵ هاتنی سەرمایەداریدا مێژوو پرۆسەێکی بە یەکبوون تەی دەکات، واتە سەرمایە دەبێ بە جیهانی، بۆیە مارکس لە مانیفێستدا دروشمی (کرێکارانی جیهان یەکگرن)ی بەرزکردەوە، لەکاتێکدا مارکس ئەو دروشمەی نووسی، سەرمایە تەنها لە بەشێکی ئەوروپا و ئەمەریکادا هەبوو، نەک لە سەرتاسەری جیهاندا.
سەرمایەداری لە دیدگای مارکس سروشتی بۆرژوازی هەموو کۆمەڵگاکان چوونیەک لێدەکات؛ واتە پەیوەندی و ململانێی “کار و سەرمایە” دەبێ بە بنەمای هەموو دەوڵەتەکانی جیهان، ئیدی پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی و دیاریکردنی سنووری بازاڕی ناوخۆی ووڵاتێک، و چارەی کێشەی سیاسی سەربەخۆیی خەڵکێک، وەزیفەێکە لە ڕابردوو، وە ئەوە بێگومان ئەرکی سۆسیالیستەکان نییە دەوڵەتی بۆرژوازی دروستکەن، بەڵکە سۆسیالیستەکان دەبێ خەباتکەن چینی کرێکاران هۆشیارو ڕێکخراو بکەن، تا شۆڕشی سۆسیالیستی بکات و دەوڵەتی سەرمایەداری بروخێنێ.

 

* بەڵام ئەو سەردەمە لە ڕوسیا، پۆلۆنیا و هەندێ ووڵاتانی دی، کە هێشتا شۆڕشی دیموکراتی بۆرژوازی تێدا بەرپانەکرا بوو، مارکسیسم بە مەسەلەی دیموکراتییەوە (واتە چارەی کێشەی زەوی جوتیاران و کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی ئیستبدادی) گرێدرایەوە.
* کاتێ بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتمانی لە دەسەڵاتی ئیمپریالیسم، لە ووڵاتانی ئاسیا و ئەفەریکاو ئەمەریکای لاتین دەستی پێکرد، مارکسیسم لەوێکانە بوو بە تیۆری شۆڕشی ڕزگاری نیشتمانی، بۆ نموونە:(ماو لە چین، هۆشی منە لە ڤێتنام، و فیدڵ کاسترۆ لە کوبا) ئەم جۆرە مارکسیسمە لە جیهانی بەناو سێیەمدا، کە هەوڵیاندا ئەرک و ڕۆڵی خۆیان، لە پەیوەند بە بزووتنەوەی نیشتمانی، بەناوی ئەحزابی کۆمۆنیستی پێناسەی خۆیان بکەن، بەڵام بزووتنەوەێکن کە ئامانجیەتی خاکێک و خەڵکێک ڕزگارکات، و دەوڵەتی نیشتمانی دامەزرێنێ.
بزووتنەوەێک کە ئامانجیەتی خاکێک و خەڵکێک ڕزگارکات، و چارەسەری کێشەی سیاسی کات، و دەوڵەتی نیشتمانی دامەزرێنێ ؟! ئەمە یانی سنوورێک (پانتاێکی جوگرافی دیاریکراو) بۆ بازاڕی ناوخۆی بۆرژوازی دەست نیشان دەکات، تاوەکو لە سەر ئەو جوگرافیایە، و لە ژێر حمایەتی ئەو دەوڵەتەی دادەمەزرێ، بۆرژوازی بچێتە پەیوەندێکی شەرعی سەربەخۆ لەتەک چینی کرێکارانی ئەو جوگرافیا دیاریکراوە، و سوودمەند بێ تێیدا، بەڵام ئەمە بۆ خۆی پارادۆکساڵێکی سەیرە، چونکە مارکس تیۆرییەکەی بۆ کۆتایپهێنان بە دەوڵەتی نیشتمانی و ناسیۆنالیسمی دیموکراتی بۆرژوازی نووسیووە.
لە ڕوسیا سۆسیالیستەکان لە ڕوانگەی تیۆری مارکسیستییەوە بۆ یاساکانی بزووتنەوەی سەرمایەداری، نیشانیانیدا کە گەشەی هەلومەرجی “بابەتی و سوبژێکتیڤ”ی پێویست بۆ گەشەسەندنی خەباتی چینایەتیی پرۆلیتاریا لە دژی بۆرژوازی، پەیوەستە بە سەرکەوتنی شۆڕشی دیموکراسی بۆژوازی لە ڕووسیادا، ئەمە یانی دەبێ یەکەمجار کێشەی زەوی جوتیاران چارەسەر بکرێ، و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئیستبدادی قەیسەری بهێنرێ، چونکە بەمە زەمینە بۆ ململانێی چینایەتی نێوان کرێکاران و بۆرژوازی سازدەبێ، و ئەمەش دەرگا لەبەردەم شۆڕشی پرۆلیتاریا بەرەو سۆسیالیسم ئاوەڵا دەکات، ئەمە بوو بە یەکێک لە پایەکانی لینینسم.
بەڵام :
۱/ ئایا ئەو تێزەی سەرەوە بۆ هەموو شۆڕش و خەباتە دیموکراسیەکانی جیهان ڕاست بوو؟.
۲/ ئایا لە نەبوونی دیموکراسی لە ووڵاتێکدا، یان بوونی هەڵواسراوی کێشەی نەتەوەیی لە هەر شوێنێکدا (وەک کوردستان و فەڵەستین – بە نموونە)، مانای ئەوەیە دەبێ جارێکانی شۆڕشێکی دیموکراسی بکەین، تاوەکو خەباتی پرۆلیتاریا بەرەو سۆسیالیسم سەربەخۆ و ئازادانە گەشە بکات؟!.
بەڕای من وەڵامی هەردوو پرسیارەکەی سەرەوە نەخێرە؛ چونکە لە ساڵانی دوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم، زیاد لە پەنجا ووڵاتی کۆلۆنیالی ئازادبوون، و چارەسەری کێشەی نیشتمانیان کراو، و دەوڵەتی سەربەخۆیان دامەزراند، بەڵام تا ئێستاش لەو ووڵاتانەدا هەواڵێک لە زەمینە سازبوون بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی نییە. بۆیە ئەو کۆمۆنیستانەی تا ئێستاش بڕوایان بەو جۆرە تێزە هەیە، خەڵکێکی دەق پەرستن.
* هەندێ لە کۆمۆنیستەکان لە “ئێران و عێراقدا” هێشتاکانێ دەستیان تووند بە لینینسمەوە گرتووە، و بە خەڵکی دەڵێن: هەر ئێستا سۆسیالیسم، بەڵام هەلومەرجی واقیعی داوا دەکات کە یەکەمجار دەسەڵاتی ئیستبدادی مەلاکان لە ئێران بروخێنین، ئەمە یانی لەم خولەدا دیموکراسی جەماوەری دامەزرێنین.
وە لە کوردستانی ئێراق پاساویان بۆ ڕیفراندۆم بەو جۆرە دەهێنایەوە: جارێ کێشەی کوردستان هەڵواسراوە دەبێ چارەسەری کەین، دوای ئەوە زەمینە بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی مەیسەر دەبێ. یانی شۆڕشی سۆسیالیسم حەواڵەی پاشەڕۆژێکی نادیار دەکەن.
بەڕای من ئەم پاساوانە هەموویان بێ بنەما و فریوودانە؛ چونکە سەردەمی ئێمە، دەمێکە زەنگی کۆتایی شۆڕشە دیموکراسییەکانی لێداوە، و ئێمە دەبێ چینی کرێکاران بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی هۆشیار و یەکخەین، و هیوادارین خۆری شۆڕشی سۆسیالیستی هەڵبێت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.