پەیڤێک لەگەڵ کوردستانیانی دەرەوەی وڵات لە بابەت بارودۆخی هەستیاری ڕۆژهەڵاتییەکانی نیشتەجێی باشوور!

0
هاوڕێیانی هێژا و کوردستانیانی دەرەوەی وڵات!
کۆماری ئیسلامی بەهۆی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی لە هەموو بووارەکانی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و فەرهەنگییەوە، لەناوخۆی وڵات و لە دەرەوەش لە قەیرانێکی قووڵ دایە و بۆ خۆقوتارکردن لەم قەیرانانە وەک هەمیشە پەنای بردۆتە بەر سەرکوتی گەلانی ستەملێکراو و بەتایبەت گەلی کورد و بەلووچ!
هەڵسوکەوتی دژە مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی شۆڕشی ژینادا لەگەڵ خەڵکی سیڤیل لەکەس شاراوە نەبووە و نییە.
ئەوی کۆماری ئیسلامیی پەنای بۆ بردووە و لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کاری زیاتری لەسەر کردووە، هێرشی هەوایی و زەوینیی بووە بۆ سەر لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان بە هەموو شێوازێکی دڕندانە کە پێی کراوە. وەک دەزانیین کۆماری ئیسلامیی تەنیا بە تیرۆری فیزیکیی ئەندامانی لایەنە سیاسییەکان نەوەستاوە و پەنای بردۆتە بەر مووشەکباران و بەکارهێنانی درۆن و هەموو جۆرە چەکێک کە توانایی تاقییکردنەوەی لەم ناوچەیە هەبووە.
ئێستا بەوەش ناوەستێ و لە ڕێی فشار بۆ سەر دەوڵەتی عێراق لە لایەک و دوو پارتی دەسەڵاتدار لە باشوور (ی. ن. ک. و پ.د.ک) لە لایەکی ترەوە، دەیهەوێ شوێنەواری ئەم حیزبانە لە باشوور نەهێڵێت و سێناریۆی موجاهیدینی خەڵق لەسەر لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دووپاتە بکاتەوە.
بەداخەوە کۆماری ئیسلامیی دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس توانی حکوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە تا ڕادەیەکی زۆر دەستەمۆ بکات و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاریان بێنێت.
لەم ناوەدا بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و کێبەرکێیان بۆ خزمەتکاریی کۆماری ئیسلامیی لە کەس شاراوە نەبووە و نییە. دیارە حیسابی ئەم نابەرپرسانە لە خەڵکی پاک و مرۆڤدۆست و شۆڕشگێڕی باشوور جیاوازە و نامانهەوێت لێرەدا خۆشەویستیی و دڵسۆزیی ئەوان بۆ ڕۆژهەڵات و بەشەکانی تری کوردستان لەیاد بکەین، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە لەم بارودۆخە ناسکەدا کە کۆماری ئیسلامی فشاری بۆ حکوومەتی باشوور و دەوڵەتی عێراقیش هێناوە، دەکرێ چی بکەین؟
بێگومان پێویستە ئەم ڕۆژانە هەموو ساتێک لەسەر پێ بین بۆ پشتگیریی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات کە لە هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسی هێرشی زەمینیی و هەوایی کۆماری ترۆریستی ئیسلامییدان. لایەنە سیاسیەکان و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەو ناوچەیە نیشتەجێن لە دۆخێکی زۆر دژواردان و پێویستییان بە پشتگیریی خێرا و یەکپارچەی ئێمەیە. پشتگیریی ئەوان ئەرکی تاک بە تاکمانە!
پێویستە وێڕای ڕێکخستنی خۆپیشاندانی هاوبەشی گەورە و ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتیی و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و ناوەندە دەوڵەتیی و ناونەتەوەییە پەیوەندییدارەکان، ڕێگەی یاساییش بگیرێتە بەر بۆ دەربازکردنی ئەو پەنابەرە پەککەوتە و مناڵ و خانەوادانەی کە لە کەمپەکان وەدەرنراون و بێ داڵدە و دەرتان ماونەتەوە و هەموو ساتێک گیانیان لە مەترسیی دایە.
زۆربەی ئەم ڕۆژهەڵاتییانە ساڵانێکە لە لایەن دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمیی و لەسەر کاغەز وەک پەنابەر وەرگیراون، بەڵام لە کردەوەدا ئەم ڕێکخراوە لە یەکساڵی ڕابردوودا کەموزۆر هیچ هاوکاریی نەکردوون.
دۆخەکە زۆر دژوارە و یەکێتیی و هاوهەنگاویی لێمان دەوێت! پێویستە لەم هەڵمەتەدا هەموو دەستمان لە دەستی یەکدا بێ و بە هاوکاریی خەڵکانی هومانیستی ئەو وڵاتانەی لێی دەژین پاڵپشتێک بین بۆ پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی بۆ خانەوادەکانیان و پەنابەرانی سیاسیی دانیشتووی باشووری کوردستان.
پێویستە یەکگرتووانە و دوور لە سێکتاریزمی حیزبیی هەرچی زووتر دەست بەکار بین!
دوو پەیڤیش بۆ کوردستانیانی باشوور:
چاوەڕوانیمان لە خەڵکی باشووری کوردستانیش ئەوەیە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری پێشمەرگە و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دانیشتووی باشوور بن و ڕێگە نەدەن لەلایەن کۆماری ئیسلامیی و دەستوپێوەندە خۆفرۆشەکانی ئێران و تورکیە و عێراق هێرش بکرێتە سەر هاونیشتیمانییە ڕۆژهەڵاتییەکانتان.
پێویستە خەڵکی باشوور ئەم ڕاستییە بزانن کە فشارەکانی کۆماری ئیسلامیی تەنها ڕووی لە کوردستانیانی ڕۆژهەڵات نیە، بەڵکو ئەم فشارە لە دژی هەموو کوردستانە بە هەموو بەشەکانیەوە. چاوەڕوانیمان ئەوەیە بۆ هاوپشتیی لەگەڵ ڕۆژهەڵات و بەشەکانی تری کوردستان وەک ڕۆژهەڵاتییەکان هەڵسوکەوت بکەن. ڕۆژهەڵات بۆ پشتگیریی بەشەکانی تری کوردستان خاوەن دیرۆکێکە پڕ لە شانازی.
کەواتە ڕێگە مەدەن هەندێک خۆفرۆش و گوێلەمستی داگیرکەران سێناریۆکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە دژی شۆڕشگێرانی ڕۆژهەڵات و ڕادەستکردنەوەیان بە ڕژیمی ئێران دووپات بێتەوە.
خەڵکی کوردستان لە ناپاکییەکانی خۆفرۆشان بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشیی ناکات!
ناوەندی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٩/٠٩/٢٠٢٣
Leave A Reply

Your email address will not be published.