مستەفا هیجری: بەرگریی نەتەوەیی و خەباتی جەماوەری لە کوردستان قوتابخانەیەکە بۆ هەموو ئەوانەی چاویان لە گۆڕانکارییە

0
(دەقی پەیامی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا)
هاونیشتمانییانی هێژا!
کوردستانییانی خۆڕاگر؛
لە کاتێکدا لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ژینا نزیک دەبینەوە، کە بەرخۆدانی کوردستانییان، نەتەوە بندەستەکان و ئازادیخوازانی ئێرانی بەرانبەر بە داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە لووتکەی خۆی. ئەم بەرخۆدانە بە سەر دوو قۆناغدا دابەش بووە، قۆناغی پێش بزووتنەوەی ژینا و قۆناغی دوای ئەم بزووتنەوەیە.
ئێستا لە دۆخێک‌داین کە بزووتنەوەیەکی گشتگیر و بەربڵاوتر بەرپا بووە کە پێشتر لە شێوەی کۆمەڵێک بزووتنەوەی جیاجیادا خۆیان دەردەخست. سەرەڕای ئەوەی کە چەند شەپۆلی ناڕەزایەتی لە ساڵانی ڕابردوودا کۆڵەکەکانی دەسەڵاتیان وەلەرزە خستبوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی بزووتنەوەی ژینا کە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” سەری هەڵدا، کۆمەڵگەکانی نێو جوغڕافیای ئێران چوونە نێو قۆناغێکەوە کە وێنای ڕاپەڕینێکی گشتگیرتر بوو دژی ناوەندی دەسەڵات. بزووتنەوەیەک کە بەها و ماناکانی لە کوردستانەوە سەریان هەڵدا و بەتەواوی شەقامەکانی ئێرانی تەنییەوە؛ بزووتنەوەیەک کە لە ماوەیەکی کورتدا توانی پەیام و ماناکانی خۆی لە کوردستان و ئێرانەوە بۆ ئاستی جیهانی بگوازێتەوە.
لە ڕەهەندە کوردستانییەکەیەوە، بزووتنەوەی ژینا پشتی بە بزووتنەوەیەک بەستووە کە واتاکانی لە ژن، ژیان، ئازادییەوە دێن. پێشخانی ئەم واتایانە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەیان ساڵە بۆ یەکسانی، ژیانی دوور لە بندەستی و ئازادیی مرۆڤ و ناسنامەی نەتەوەیی بەردەوامە، بزووتنەوەیەک کە ئاماژەیە بۆ ژیانەوە و پتر گەشانەوەی هەستی نەتەوەیی.
کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاش چەندین دەیە توانی زۆرێک لە بەهاکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش بخاتە ڕۆژەڤەوە. بە ڕادەیەک کە کوردستانی کردە سەرچەشنێک لە بەرگری و ڕاپەرین تاکوو واتای کوردستانیبوون و بەها نیشتمانی و مرۆییەکانی ڕوونتر بکاتەوە. بەرگریی نەتەوەیی و خەباتی جەماوەری لە کوردستان، بوو بە قوتابخانەیەک بۆ هەموو ئەوانەی چاویان لە گۆڕانکارییە. داگیرکەر و دەستوپەیوەندییەکانیان هەموو هەوڵیان ئەوە بووە، ئێمە وەکوو کۆمەڵ لەناو ببەن و بمانکەن بە تاک. بەڵام لەو یەک ساڵەدا، کۆمەڵگەی کوردستان جارێکی دیکە ئەو ئیرادەیەی لە خۆی نیشان دایەوە و سەلماندییەوە کە کۆیەکە لەپێناو کۆمەڵە ئامانجێکی مرۆیی و نەتەوەییدا خەبات دەکات و، هێز و وزەی شۆڕشگێڕانەی خۆی دەخاتەوە گەڕ.
گرینگیی ئەم خەباتە جەماوەرییەی کوردستان لەوەدایە کە ئیرادەی گشتیی کۆمەڵگەی پتەوتر کرد و وزەی پەنگخواردووی ڕۆژهەڵاتی بەرەو ئامانجێکی نیشتمانی ئاراستە کرد. هەمان بابەت کە ترسی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی بووە. هەر لەم ڕووەوە، پێشەنگ بوون و پێگەی کوردستان لە هاوکێشە سیاسیەکاندا بۆ هەموو لایەک ڕوون بووەوە. بە جۆرێک کە خۆپێشاندەران و خەڵکی ڕاپەڕیوی هەرێمەکانی دیکەی ئێران، زۆر بەجوانی لە واتای هاوخەباتی و یەکڕیزی گەیشتن و هاواریان دەکرد: “تاران ببێتە کوردستان، ئێران دەبێتە گوڵستان”.
بزووتنەوەی ژینا، لە ڕووی بەها و دروشمەکانیەوە، پێشکەوتووترین بزووتنەوە و، لە ڕووی جوغڕافیای ڕاپەڕینەکانەوە، بەربڵاوترین بزووتنەوەیە کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا ئەزموون کراوە. ئەم بزووتنەوەیە تەنیا مەبەستی تێکەوەپێچانی دەسەڵاتی ناوەندی نییە، بەڵکوو ئامانجی گەورەتری هەیە، ئەویش بنیاتنانی ژیانێکی سەردەمییانەیە و، داوای سەروەری، یەکسانی، کەرامەت، مافی تاکەکەسی و نەتەوەیی بۆ هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی دەکات. لەم ڕووەوە، تێکەوەپێچانی پەیوەندیی داگیرکاری و هاوکێشەی بندەستی -باڵادەستی لە ئێران، ئامانجی درێژخایەنی ئەم بزووتنەوەیەیە.
ڕەهەندێکی دیکەی شۆڕشی ژینا کە لە کوردستانەوە باڵای کرد، پێداگریی کوردستانییان بوو لەسەر ڕەتکردنەوەی پاوانخوازی و لادان لە ئامانجەکانی بزووتنەوە، جا لە هەر چەشن و فۆرمێکدا بێ. هەمان بابەت کە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، کوردستان پێداگریی لەسەر کرد و ئامادە نەبوو بۆ بەرژەوەندیی تەسک و کورت‌ماوە، پاوانخوازیی ئایەتوڵڵاکان قەبووڵ بکات. لە ماوەی ئەم ساڵەشدا، ئەوەی بە قورس و قایمی لە مەیداندا دژ بە پاوانخوازی مابێتەوە، نەتەوە بندەستەکان بوونە. ئەمە بەو مانایەیە کە سیاسەت لە کوردستان تەنیا لەسەر بنەمای سەودای گەیشتن بە دەسەڵات دانەنراوە، بەڵکوو سیاسەت شتێک نییە بێجگە لە بەخشین، پاراستن و بەهێزکردنی کەرامەتی مرۆڤ. ئەو کەرامەتەی لە دواییدا دەبێتە بەردی بناغەی هێز و دەسەڵاتێکی نیشتمانی.
لایەنێکی دیکەی بزووتنەوەی ژینا، پرسی ژنان بوو. ژنانی کوردستان کە لەژێر چەوسانەوەی هەمەلایەنەی دەوڵەتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی دان، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ هەرچەشنە نایەکسانی، پاوانخوازی و ناوەندگەراییەک دەربڕی.
ئەم توێژە گرینگەی کۆمەڵگە هاوکات لەگەڵ بەئەمانج گرتنی ستەمی مێژوویی سەر ژنان، لە بزووتنەوەی ژینا پێشانیان دا کە سەردەمی نایەکسانی و چەوسانەوەی جێندەری، سیاسی، و نەتەوەیی بەسەرچووە و چی دیکە هیچ سیستەم و فکرێکی پاوانخواز ناتوانێ دەسەڵاتی ڕەها بەدەستەوە بگرێت.
چەند قسەیەکیش لەگەڵ هاونیشتمانانی ئازادیخوازی ئێرانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران!
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان لەسەر ویست و پڕەنسیپە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆی پێداگرە و، لە دەربڕین و خەبات لە پێناویاندا شل نابێتەوە. ئەساسی بیرکردنەوەی ئێمە پێکەوەبوونی ئاشتییانە و ئارەزوومەندانەیە. پەیامی ئێمە ڕوونە، هیچ چەشنە سەرەڕۆیی و ئینکارێک قەبووڵ ناکەین. ئێران تاکوو ئێستا بۆ ئێمەی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکە، نێوەرۆکێکی بێ‌لایەنی نەبووە، بەڵکوو بۆ ئێمە، جوغڕافییای داگیرکاری و بێ‌مافی بووە. وەبیرتان دێنینەوە کە ستەم و سەرکوت لە هەرێمێکی نەتەوەیی وەک کوردستان بەربڵاوتر بووە، بەو ڕادەیەش بەرگری و خەباتەکەی چڕتر بووەتەوە. بۆیە تەنیا لە دۆخێکی ڕزگار و ئازاددا ئامادەین بە شێوەی ئارەزوومەندانە داهاتوویەکی هاوبەش و خوازراو بنیات بنێین.
یەکێک لە بەهاکانی شۆڕشی ژینا ئازادییە. ئەو ئازادییەی کەرامەتی مرۆڤ و مافی هەمووان وەک یەک بە ڕەسمی دەناسێ و دەیپارێزێ. بۆیە ئەوەی ئەم شۆڕشە پێمانی بەخشیوە، بەهایەکی گەورەیە کە دەتوانێ بنیاتی یەکسانی و هاوسەنگی و سەروەریی هاوبەشی نێوان نەتەوەکان دەستەبەر بکات. لەسەر ئەوە پێداگرین کە سەروەری و باڵادەستیی یەک لایەنە هەڵبوەشێتەوە. هێڵی سووری ئێمە، یەکلاییکردنەوەی پرسی نەتەوەیی و ناسنامەیە و بە تەنیا چارەسەری دێموکڕاتیکی دەزانین.
لایەکی دیکەی باسەکە ئەزموونێکە و ئێمە لەم ساڵەدا لە پێکەوەبوون و پێکەوەنەبوون هەمانبوو. سەرەتا بەها بەرزەکانی بزووتنەوەی ژینا ئێمەی پێکەوە گرێ دا. ئەو کاتانەی چاوی ئێرانییەکان لەسەر کوردستان و، چاوی کوردستانیش لەسەر ناوچەکانی دیکە بوو. لەو ڕۆژانەی بەرژەوەندییەکی گشتی باڵی بەسەر هەموو ڕابردووی ئەفسووناوی و ئایینیدا کێشا بوو، بەرەیەکی بەرەنگاری ساز ببوو، بەڵام دواتر بەلاڕێدا چوو. جێگای خۆیەتی ئەزموون لەو ڕۆژانە وەربگرین. ئەوەی دەتوانێ لە یەک بەرەدا کۆمان بکاتەوە، وەهمی دوێنێ و پاوانخوازیی ئەمڕۆ نییە، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ بەها بەرزەکانی بزووتنەوەی ژینا.
خەڵکی ئازادیخوازی ئێران؛
ڕێژیمی سیاسی لە ئێران لە بنبەست‌دایە. ئەگەر چاوێک بە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ژینگە و ئاسایشی مرۆییدا بخشێنن، هەر ڕۆژێک کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لەسەر دەسەڵات بووبێ؛ قەیران و مەترسییەکانی زیاتر بووە. لێرەدا ئەرکێکی ئەخلاقییە کە هەست بە بەرپرسیارێتی بکرێت. بۆیە باشتر وایە بۆ چرکەساتێک بیر لەوە بکەنەوە ئاخۆ بە بەردەوام‌بوونی ئەم ڕێژیمە کە لەسەر بناخەی بیری فاشیستی، خوێنڕشتن، توندوتیژی، هەڵاوارادن و پاکتاوکردن بنیات نراوە، دەتوانین دڵمان بە ژیانێکی سەردەمییانە خۆش بێ؟
پەیامی بزووتنەوە ژینا ڕوونە. بەرگری و خەباتی ئێـمە لەسەر پێناسەکردنەوەی مافەکان، جێگە و پێگەی نەتەوەکان و لەسەر هەڵتەکاندنی پێکهاتەی زۆرداری و بێ‌مافییە. ئەمەش کاتێک دێتە دی کە گۆڕەپان و بەرەی هاوخەباتیی هەموو نەتەوەکان و ئازادیخوازان لە ئێراندا بەهێزتر بکرێت. ئەزموونکردنەوەی وەهمی ڕابردوو کە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی یەکلایەنە و تایبەت داڕێژرابێ، لادانە لە ئامانجی ڕاستەقینەی بزووتنەوە. ئێستا هەموومان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی‌داین. پرشوبڵاوی، بێدەنگی و بێ‌لایەنی خەسارەکان زیاتر دەکات. بەڵام ئەوەی دواجار دەنگی یەکلایی‌کەرەوەیە، بەرەی شەقام و هێزی لەبن‌نەهاتووی جەماوەرە، کە ئەرکی کۆتایی هێنان بە پاوانخوازیی لە ئەستۆیە.
ئەوەی وەک حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ئێران دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. سەردەمێک کە تیایدا خەباتکارانی شار سەلماندوویانە کە سەنگەرێکی ڕاستەقینەن بەرانبەر بە داگیرکاری. خەبات و بەرگریی ڕەوا گرێدراوی مافی ڕەوایە، بۆیە وەکوو حیزبی دێموکڕات پشتیوان و پاڵنەری بزووتنەوەکەین. ئیرادەیەکی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات خۆی ڕێک خستووە و بەدڵنیاییەوە لە ئاسۆی سەرکەوتن نزیک دەبینەوە. ئێمە ئەم سەرکەوتنە لە یەکێتی و هاوخەباتی لەگەڵ نەتەوە بندەستەکان و ئازادیخوازانی ئێران لە ئاستێکی بەرینتردا وێنا دەکەین.
لە دواییدا، سڵاو دەنێرم بۆ کچانی بوێر و ژنانی پێشەنگی بزووتنەوەی ژینا و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران. بەرانبەر بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان، سەری ڕێز و وەفا دادەنوێنین.
نەسرەوتن تا سەرکەوتن.
Leave A Reply

Your email address will not be published.