تراژیدیای نامۆیی مرۆڤ
فوئاد قەرەداغی
پێشه‌کی
نامۆیی ( الاغتراب Alienation ) ی مرۆڤ بابه‌تێکی پڕ بایه‌خی بواری فه‌لسه‌فه‌یه . گرنگیی ئه‌م بابه‌ته له به‌های مرۆڤه‌وه ده‌ستپێده‌کات . به‌شێکی گه‌وره‌و فراوانی لێکدانه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کان ، به‌درێژایی مێژووی فه‌لسه‌فه ، له‌سه‌ر خودی مرۆڤ کراون . سروشتی مرۆڤ له‌لایه‌ک و ئه‌و هۆکارانه‌ی کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر ژیانی داده‌نێن ، ناوه‌رۆکی تۆژینه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کانی بواری مرۆڤناسین بوون .
ئه‌م تۆژینه‌وه‌یه بۆ جارێکی دیکه نامۆیی له روانگه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی رووته‌وه به‌ر شیکردنه‌وه‌و لێکدانه‌وه نادات ، چونکه ئیمڕۆ ته‌نها لێکدانه‌وه‌ی جیهان و ژیانی مرۆڤ – وه‌ک به‌شێک له ئه‌رکی فه‌یله‌سووفه کۆنه‌کان – مه‌به‌ست نییه ، به‌ڵکو وه‌ک مارکس ده‌ڵێت : گرنگ گۆڕانکارییه له‌م جیهانه‌دا بکرێت . (1 ) بۆیه و‌اقیعی نامۆیی مرۆڤ له دیدگای هوشیاریی سۆسیالیستییه‌وه ده‌خه‌ینه‌ڕوو ، به‌مه‌ش رێگای مرۆڤبوون و نه‌فیکردنه‌وه‌ی نامۆیی هه‌ر له‌باری سه‌رنجی ئه‌م شێوه هوشیارییه‌وه روونده‌که‌ینه‌وه .
مرۆڤ له‌م جیهانه‌دا ، به‌وه بزانێت یان نه‌زانێت ، ژیان به نامۆیی به‌سه‌رده‌بات . ئه‌م نامۆییه تراژیدییه‌کی مێژووی مرۆڤه‌و بۆ سه‌رده‌می یه‌که‌م دابه‌شکردنی کار ده‌گه‌ڕێته‌وه .
سیستمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له مێژووی پێکهاته ئابووری – سیاسی – کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ، تا ده‌گاته ئه‌م جیهانه‌ی ئیمڕۆ ، نه‌توانیویانه‌و نه سنووری باری چینایه‌تییان ئه‌و تواناییه‌یان پێده‌به‌خشێ که نامۆیی مرۆڤ کۆتاییپێبهێنن . نه‌وه له‌دوا نه‌وه‌ی مرۆڤ ، له‌و چه‌رخه مێژووییانه‌ی پێیدا رابوردوون ، وه‌ک قه‌ده‌ری مرۆڤ و شتێکی ئاسایی و سروشتی ئه‌م نامۆییبوونه‌ی خۆیان قبووڵبووه‌و هوشیارییان له ئاستیدا نه‌بووه . له‌م مێژووه‌دا که‌سانی هوشیار ده‌گمه‌نبوون و ئه‌وانه‌شی ئه‌رکی گۆڕانکارییان له ئه‌ستۆی خۆیان داناوه ، به‌زۆری بوونه‌ته قوربانیی هوشیاریی خۆیان و له حاڵه‌تی سه‌رکه‌وتنی چینه‌کانیانیشدا ته‌نها کارێک ئه‌نجامیان دابێت گۆڕینی شێوه‌یه‌ک له نامۆیی به شێوه‌یه‌کی دیکه بووه .
شۆڕشی بۆرژوازیی فه‌ڕه‌نسا له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا به دروشمی ( ئازادی ، برایه‌تی ، یه‌کسانی ) ململانێی سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی کرد . ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه نیشتمانییه‌ی دوای شۆڕش دامه‌زرا ، له جاڕدانی مافه‌کانی مرۆڤدا ، دروشمه‌کانی شۆڕشی جه‌ختده‌کرده‌وه‌و ئه‌وه‌ی راگه‌یاند که مرۆڤ به ئازادی له دایک ده‌بێت ، بۆیه نابێت ئازادی لێزه‌وتبکرێت . به‌ڵام چینی بۆرژوازی شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی له شوێنه‌واری چه‌وساندنه‌وه‌ی ده‌ره‌به‌گی دانا‌و هه‌ر زوو ( مقصله ) ی له ئاستی چینی کرێکار‌و هه‌موو ئازادیخوازانی دژ به‌و سته‌مه بۆرژوازییه راستکرده‌وه .
شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری سۆسیالیستیش هه‌ر به هه‌مان ده‌ردی شۆڕشی بۆرژوازیی فه‌ڕه‌نسا چوو . چه‌ند ده ساڵێک دوای به‌رپابوونی ، پاشه‌کشه‌ی پێکراو ره‌وتی گه‌شه‌کردنی سه‌رمایه‌داریی پێگیرایه‌به‌رو چینی کرێکار‌و گه‌لانی شۆره‌وی ژێر باری نامۆییه‌کی به‌رنامه‌ڕێژکراو خران و له سایه‌ی سیستمه سه‌رمایه‌دارییه ده‌وڵه‌تییه‌که‌دا ئامانجه‌کانی : ئازادی و یه‌کسانی و رزگاریی کاری کرێگرته‌و هه‌نگاوهه‌ڵگرتن به‌ره‌و کۆمه‌ڵگای کۆمۆنیستی خاپوورکران .
له جیهانی ئیمڕۆدا ، ئه‌و مرۆڤانه که‌منین که له نامۆیی ده‌گه‌ن و به‌رامبه‌ری هوشیارانه راوه‌ستاون . ئه‌م مرۆڤانه ئه‌وانه‌ن که پتر خه‌م و په‌ژاره‌ی نامۆییه‌کانی مرۆڤ له‌سه‌ریان باره‌و به‌ده‌ستیانه‌وه گینگڵ ده‌ده‌ن . له نێوان ئه‌مانه‌شدا پله‌ی جیاواز جیاواز هه‌یه‌و ، هه‌ر یه‌که‌یان به راده‌یه‌ک ، به‌تایبه‌تی له‌نێو رۆشنبیران و ئه‌دیب و نووسه‌رو هونه‌رمه‌نداندا ، له ئاستی نامۆیی مرۆڤدا هوشیارن . پله‌ی هه‌ره باڵای هوشیاریی له‌م نێوه‌دا هوشیاریی سۆسیالیستیی که‌سانی پێشڕه‌وه که له پێگه‌ی چینایه‌تی پڕۆلیتاریاوه نامۆیی هه‌ستپێده‌که‌ن و ، به تیۆریی ئه‌م چینه‌وه ، له پێناوی نه‌فیکردنه‌وه‌ی نامۆیی و گێڕانه‌وه‌ی روخساری مرۆڤایه‌تی بۆ مرۆڤی چرووساوه‌ی ژێر سایه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا خه‌بات ده‌که‌ن ؛ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه دیدگای سۆسیالیستی باشترین تێگه‌یشتن ده‌رباره‌ی نامۆیی به‌ده‌سته‌وه ده‌دات و ده‌توانرێت له‌م دیدگایه‌وه جه‌ماوه‌رێکی به‌رین هوشیاربکرێته‌وه‌و بۆ تێکۆشانێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی سازبدرێن . هه‌ر له‌م باری سه‌رنجه‌وه هه‌ژاندنی بارودۆخێکی داسه‌پاوی نامۆیی گشتی و به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان و ئاشناکردنیان به بنه‌ماو هۆکاره‌کانی نامۆییان ، به‌شێکی پڕ بایه‌خی خه‌باتی ئایدیۆلۆژیی توخمه پێشڕه‌وه‌کانی کۆمه‌ڵه‌و ده‌بێت له شێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌کی فیکری – سیاسی گه‌وره‌دا ، به‌رنامه‌ی کاری به‌رده‌وام و خه‌باتی هه‌موو رۆژه‌یان بێت .
نامۆیی چییه ؟
نامۆیی ( الاغتراب ) رووتبوونه‌وه‌ی مرۆڤه له جه‌وهه‌ری مرۆڤانه‌ی خۆی ، که‌وڵکردنی گیانی مرۆڤانه‌و کۆیله‌کردنی بوونی مرۆڤ و به‌شتکردنیه‌تی ، سیفه‌تێکی که‌سایه‌تییه بۆ ئه‌و مرۆڤه‌ی بوونی خۆی ونده‌کات و هێزێکی ده‌ره‌کی ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌م بوونه‌یدا ده‌گرێت و ئیراده‌ی مرۆڤانه‌ی زه‌وتده‌کات ، واته لایه‌نی خود ( الذات ) ی که‌سایه‌تیی مرۆڤ داده‌ماڵێت و ته‌نها بابه‌ت ( الموضوع ) ی که‌سایه‌تییه‌که وه‌ک لایه‌نێکی بێ گیان ده‌هێڵێته‌وه .
به‌بابه‌تبوونی مرۆڤ په‌یوه‌ندی به به‌رهه‌مهێنانه‌وه هه‌یه . هه‌ر کاتێک به‌رهه‌مهێنان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤی به‌رهه‌مهێنه‌ردا نه‌ماو ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی خودی به‌رهه‌مهێنه‌ر به‌کارهێنرا ، ئه‌وا نامۆیی مرۆڤ له‌م پڕۆسه‌یه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت . ( 2 )
بوونی مرۆڤ له‌م جیهانه‌دا کێشه‌یه‌که یه‌خه‌ی مرۆڤ خۆی ده‌گرێته‌وه ، هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای چووزه‌ره‌کردنی هۆشیدا ده‌که‌وێته نێو چه‌ند جۆرێک ململانێوه . ئه‌و ده‌بێت له ململانێکردنی سروشت و کۆمه‌ڵدا هاوبه‌شیبکات ؛ ئه‌وه‌ش ململانێیه‌کی دیکه به‌دوای خۆیدا راده‌کێشێت ، به‌وه‌ی ده‌بێت مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆیدا له زۆرانبازیدا بێت و هه‌ڵبژاردن و جیاکارییه‌کانی نێو سروشت و کۆمه‌ڵ و ئایدیاکان بڕیار بدات . گرنگترین بابه‌تی ململانێیه‌ک بۆ ئه‌م مرۆڤه ، ژیانی خۆیه‌تی . ده‌بێت ئه‌م ژیانه درێژه بکێشێ و خۆی نوێبکاته‌وه . ده‌بێت نوێبوونه‌وه‌ش به دابینکردنی پێویستییه‌کانی ژیان بێت و ئه‌ویش : به به‌رهه‌مهێنان، چ له‌ڕووی ماددییه‌وه‌و چ له‌ڕووی نوێبوونه‌وه‌ی خودی مرۆڤ خۆیه‌وه بۆ به‌رده‌وامیی به‌رهه‌مهێنان ، دابین ده‌بێت .
یه‌کێک له به‌رئه‌نجامه‌کانی نامۆیی ، به‌ربه‌ستکردنی ئازادیی هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆڤ و سنووردانانه بۆ تواناییه‌کانی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی باڵای ده‌ره‌کییه‌وه . ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌موو ئه‌و داموده‌زگا ماددی و مه‌عنه‌وییانه ده‌گرێته‌وه که له خودی مرۆڤ جیاوازن و به‌ده‌ر له ئیراده‌ی ئه‌و هه‌ن و به ناچاریی ده‌بێت مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌کدا بکات .
نامۆیی مرۆڤ بۆ خۆی به‌رئه‌نجامی سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تییه ، له سایه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا ئه‌م نامۆییه به دوا لوتکه ده‌گات و مرۆڤی کرێکار ، که سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی به‌هاکانه ، نه‌ک هه‌ر ده‌بێته قوربانیی چه‌وساندنه‌وه‌یه‌کی ئابووری ، به‌ڵکو بوون و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆی ، وه‌ک توخمی به‌رهه‌مهێنه‌ر له نێو سیستمی کاری کرێگرته‌دا نامێنێت ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر کاره‌که‌ی خۆیدا ناڕوات و به‌رئه‌نجامی کاره‌که‌ی بۆ خۆی نابێت و ده‌بێته سه‌رمایه‌و چه‌وسێنه‌ره‌کانی پێهه‌ڵده‌ئاوسێن .
وه‌نه‌بێت نامۆیی له گشتێتی خۆیدا هه‌ر به‌رهه‌مهێنه‌ران بگرێته‌وه ، به‌ڵکو خاوه‌ن به‌رهه‌مه‌کانیش له مرۆڤبوون ده‌رده‌چن و له‌ڕێی چه‌وساندنه‌وه‌ی کرێکارانه‌وه گیانی راسته‌قینه‌ی مرۆڤانه‌یان ده‌دۆڕێنن و ژیانی خۆیان له‌سه‌ر بنچینه‌ی کوێره‌وه‌ری و نامۆیی کرێکاران بنیاتده‌نێن و ، هۆشیی چه‌واشه‌ی سیستمه‌که به‌هانه‌ی ئه‌م رووتبوونه‌وه‌یه‌یان له تایبه‌تمه‌ندیی مرۆڤانه به‌ده‌سته‌وه ده‌دات . به واتایه‌کی دیکه له نێوان په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ، که له‌سه‌ر بنچینه‌ی چۆنایه‌تی و جێ‌وڕێی په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌کان به ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه دروست ده‌بێت ؛ سنووری سروشته مرۆڤانه‌که‌ی مرۆڤ ده‌به‌زێندرێت و بوونی سروشتی له بوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که ده‌ترازێت و که‌لێنێکی به‌رین ده‌که‌وێته نێوانیانه‌وه . که‌واته له‌م رووه‌شه‌وه ده‌توانین نامۆیی مرۆڤ وه‌ک مارکس پێناسه بکه‌ین و بڵێین : ” نامۆیی حاڵه‌تێکه خودی کۆمه‌ڵایه‌تی له خودی سروشتی جیاده‌کاته‌وه ” ( 3 ) به‌م لۆژیکه‌ش خاوه‌نداریی تایبه‌تی و ئاره‌زووی خاوه‌نداربوونی سامانی کۆمه‌ڵ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی رێوشوێنی چۆنیه‌تی پاراستنی ئه‌م خاوه‌ندارێتییه ، بنه‌مای نامۆییه له ئاسته گشتییه‌که‌داو ، له‌ڕووی مێژووییه‌وه نهێنی نامۆیی مرۆڤ ده‌رده‌بڕێت . ( 4 )
دیارده سایکۆلۆژییه‌کانی نامۆیی
نامۆیی مرۆڤ کۆمه‌ڵێک ئه‌نجام و دیارده‌ی سایکۆلۆژیی لێده‌ڕسکێت . کارکردی ئه‌م دیارده سایکۆلۆژییانه له‌سه‌ر مرۆڤ و راده‌ی کاریگه‌رێتییان له‌سه‌ر ژیانی ، به راده‌ی هوشیاری و ناهوشیاریی مرۆڤه‌وه به‌ندن . هه‌تا مرۆڤ هوشیارترو به‌ئاگاتر بێت زیاتر مه‌سه‌له‌ی نه‌فیکردنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی توخمه‌کانی نامۆیی له‌لا به‌رجه‌سته ده‌بێت و به‌کاردانه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه له‌به‌رامبه‌ریاندا راده‌وه‌ستێت ؛ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ، ناهوشیاریی له‌ئاستی بوونی مرۆڤانه‌یداو تێنه‌گه‌یشتن له سه‌رچاوه‌و بنه‌ماکانی نامۆیی ، کارکرده سایکۆلۆژییه‌کان کاریگه‌رتر ده‌که‌ن و ، که‌سایه‌تییه‌که‌ی تووشی هه‌ژان و ، خه‌م و په‌ژاره‌کانی چڕتر ده‌که‌نه‌وه‌و ، پتر پشتی پێده‌چه‌ميننه‌وه .
که‌میی هوشیاریی یان نه‌بوونی هوشیاریی حاڵه‌تێکی باوی نێو کۆمه‌ڵگاکانه به‌تایبه‌تی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری ، بۆیه تێکچوونی باری سایکۆلۆژی مرۆڤه‌کان سیمای گشتیی که‌سایه‌تییه‌و که‌م و زۆر به روخساری تاکه‌که‌سه‌کانه‌وه دیاره . ئه‌م تێکچوونه‌ی باری سایکۆلۆژی له بیرکردنه‌وه‌و ده‌ربڕینی ویژدانی و ره‌فتاری کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵوێسته‌جۆراوجۆره‌کانی ژیانی مرۆڤدا ده‌رده‌که‌وێت و کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی سایکۆلۆژیی لێده‌ڕسکێت . سیمای هه‌ره دیاری ئه‌م دیارده سایکۆلۆژییانه هه‌ستکردن به به‌دبه‌ختی و ره‌شبینییه . ره‌شبینی له‌م حاڵه‌ته سایکۆلۆژییه‌دا ئاسۆی به‌ختیاری ناهێڵێت و دواڕۆژ به تاریکی نیشان ده‌دات . ژیانی مرۆڤ سه‌باره‌ت به‌مه ، به ژیانێکی بێ واتا وه‌رده‌چه‌رخێت . ونبوون و خه‌مێکی گران ئاودامانی داده‌گرێت . ( 5 )
مرۆڤی نامۆی ناهوشیار ، خۆی به‌ده‌ست سه‌رئه‌نجامی ژیانه ئاساییه‌که‌وه ده‌دات و بێباکانه ره‌فتار ده‌کات و ، وه‌ک چۆن مردوو به‌ڕێده‌کرێ ، ئا به‌و جۆره ژیانه‌که به‌ڕێده‌کات و هه‌ست به‌وه ده‌کات که له‌م ژیانه‌دا ئه‌رکێکی گران به‌جێده‌گه‌یه‌نێت . ژیان ده‌بێته رۆتین و وه‌ک یه‌ک ئاواز خۆی دووپاتده‌کاته‌وه . ( 6 )
هوشیاریی چه‌واشه له‌م ته‌رکیبه سایکۆلۆژییه‌ی مرۆڤی نامۆدا رۆڵی خۆی هه‌یه‌و ، ژیان وه‌ها نیشان ده‌دات که گوایا ئه‌م قه‌ده‌ره‌ی مرۆڤ ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دییه‌و مرۆڤ ناتوانێت له‌م قه‌ده‌ره خۆی بپارێزێت یان بیگۆڕێت . له باشترین حاڵه‌تدا بێده‌نگی و روخساری خه‌ماوی و بێهۆشیی ، تا راده‌ی گه‌مژه‌یی و ملدان به کارکرده سایکۆلۆژییه سه‌لبییه‌کان ، سیمای که‌سایه‌تیی دیاریده‌کات . ( 7 ) ئه‌وه‌شی که‌مێک هوشیاریی هه‌بێت و هوشیارییه‌که‌ی تا پله‌ی هوشیاریی سۆسیالیستیی هه‌ڵنه‌چووبێ ، ژیانی ده‌بێته خۆخواردنه‌وه‌و به ئازار‌و ژانه‌کانییه‌وه ده‌تلێته‌وه‌و کۆمه‌ڵگاکه‌ی لێده‌بێته دۆزه‌خێک و رۆژانه بۆی داده‌خرێت و له ناوه‌ندیدا هه‌ڵده‌قرچێت .
چه‌مکی بۆرژوازییانه‌ی نامۆبوون
دیدگای بۆرژوا بۆ ژیان و هه‌موو مه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تی و فیکرییه‌کان ، پشت به لێکدانه‌وه‌ی ئایدیالیستانه‌ی دیارده‌کان ده‌به‌ستن . که‌سانی سیاسی و سۆسیۆلۆژیست و ئابووریناسه بۆرژوازییه‌کان له ئه‌قڵ و فیکره‌وه شۆڕده‌بنه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌و تێگه‌یشتنی خۆیان بۆ دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌یان ده‌که‌ن . له لێکدانه‌وه‌ی نامۆیی مرۆڤی ژێر سایه‌ی کۆمه‌ڵگا چینایه‌تییه‌کاندا به هه‌مان شێوه بیروبۆچوونه‌کانی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و چه‌ندی بۆیان بکرێت مه‌رجه ماددییه‌کان و بنجی و‌اقیعی و کۆمه‌ڵایه‌تیی دیارده‌ی نامۆیی ده‌شارنه‌وه‌و ئۆباڵه‌که‌ی له ئه‌ستۆی سیستمی چینایه‌تی به گشتی و سیستمی سه‌رمایه‌داری به تایبه‌تی داده‌ماڵن .
بۆرژواکان به گه‌لێک به‌هانه‌و بیانووی جیاجیا نامۆیی بۆ خودی مرۆڤ ده‌گێڕنه‌وه‌و ئه‌م فاکته‌رانه به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدان و به‌رده‌وامبوونی ده‌زانن :
1 ) فاکته‌ری ئه‌قڵ له لای زۆربه‌ی فه‌یله‌سوف وکۆمه‌ڵناسه بۆرژواییه‌کان سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی و هه‌ره بنچینه‌یی نامۆییه . به‌م پێیه نامۆیی له ئه‌قڵدا دروست ده‌بێت و مرۆڤ ده‌توانێت به‌ڕێگای هوشیاریی ئه‌قڵیدا چاره‌سه‌ری بکات . واته ئه‌وه‌ی که مرۆڤ نامۆیی هه‌ستپێده‌کات یان به‌ده‌ست دیارده‌کانی نامۆبوونه‌وه ده‌ناڵێنێت په‌یوه‌ندی به راده‌ی تێگه‌یشتنی ئه‌قڵه‌وه هه‌یه ، بۆیه مرۆڤ ده‌توانێت له ئه‌قڵیدا نامۆیی ره‌تبکاته‌وه‌و ئه‌قڵی ئازادانه‌ی هه‌بێت و نه‌هێڵێت به هیچ شێوه‌یه‌ک کاریتێبکات . له‌م روانگه‌یه‌وه نامۆیی وه‌ک نیشانه‌ی لاوازی ئه‌قڵ و پێنه‌گه‌یشتنی باسیلێوه‌ده‌کرێت . له‌به‌ر ئه‌وه په‌روه‌رده‌کردنی ئه‌قڵیی و ئاڕاسته‌کردنی ئه‌قڵ بۆ به‌رهه‌ڵستکردنی دیارده نامۆکان و پاراستنی هاوکێشه‌ی ئه‌قڵیی له‌لای مرۆڤ ، وه‌ک چاره‌سه‌ری نامۆیی مرۆڤ پێشنیاز ده‌کرێت .
ئه‌م رێبازه ئه‌قڵییه بۆ لێکدانه‌وه‌ی نامۆیی له‌لای نووسه‌ره وه‌زعییه‌کان ( الوضعیون ) به ئاسته‌نگیی ئه‌قڵ له قه‌ڵه‌م ده‌درێت . ئاسته‌نگیی ئه‌قڵ وه‌ک دابڕان و جیابوونه‌وه له حاڵه‌تێکی ئاسایی یان باو یان به‌رده‌وام پێناسه ده‌کرێت ، که بۆ مرۆڤ مایه‌ی شڵه‌ژان و ئازار ده‌بێت . ئه‌مه‌ش بۆ خۆی به‌ڵگه‌ی زیندوویه‌تی و چالاکیی ئه‌قڵه . ( 8 ) هه‌ر له‌م رووه‌وه ئاسته‌نگیی ( الازمة ) به یه‌که‌م هه‌نگاوی ته‌ندروستیی ئه‌قڵ ده‌زانن و گوایا هوشیاریی له ئاستی کۆنداو پێویستیی به‌زاندنی ، به‌م ئاسته‌نگییه‌ی ئه‌قڵ دێته‌دی . ( 9 )
ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه بۆ نامۆیی ، وه‌ک رسکاوی لایه‌نی ئه‌قڵیی له مرۆڤدا ، یان وه‌کو ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاسته‌نگیی ئه‌قڵ ، فاکته‌ری نامۆیی ئاوه‌ژوو ده‌کاته‌وه‌و ئه‌قڵ پێش بوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که ده‌خات ، له کاتێکدا ئه‌قڵ یان هۆش ( الوعي ) به چه‌مکه زانستییه‌که‌ی ، بۆ خۆی ، ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعه له مێشکی مرۆڤدا‌و ، ئاستی هوشیاریی ، که پشت به کرداره‌کانی مێشک ده‌به‌ستێت ، له واقیع و بوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌وه سه‌رچاوه هه‌ڵده‌گرێ و له ئاستێکی باڵاتردا ده‌رده‌که‌وێت .
2 ) به‌شێکی دیکه‌ی فیکردارانی بۆرژوا مه‌سه‌له‌ی نامۆیی بۆ نه‌گونجاندن ( عدم التوافق ) ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌که‌یدا ده‌گێڕنه‌وه . سایکۆلۆژیسته بۆرژوازییه‌کان زیاتر له‌م مه‌یدانه‌دا ئه‌سپی خۆیان تاوداوه‌و بواری ده‌روونناسییان بۆ سه‌لماندنی ئه‌م لێکدانه‌وه ئایدیالیستییه ته‌رخانکردووه .
کورته‌ی بیروبۆچوونێک سه‌باره‌ت به نامۆیی مرۆڤ ( نه‌گونجاندن به چه‌مکی ئه‌وان ) که بڵاویده‌که‌نه‌وه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ ، که گوایا ژیانی مرۆڤ بریتییه له زنجیره‌یه‌ک کردار به مه‌به‌ستی گونجاندنی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌ی سروشتی‌دا ، له‌به‌ر ئه‌وه نه‌گونجاندن مایه‌ی سه‌رلێشێوان و شڵه‌ژان و تێکچوونی باری جه‌سته‌یی و ده‌روونی ده‌بێت و ، ئه‌م باره له قووڵبوونه‌وه‌یدا نه‌خۆشیی ده‌روونی دروست ده‌کات ، ژیان له‌لای مرۆڤ تاڵ ده‌کات و ناتوانێت ره‌وتێکی ئاسایی بگرێت .به‌م پێیه وه‌ک کافکا ده‌ڵێت : ده‌بێته ” چه‌ند بڵقێک به‌سه‌ر زه‌لکاوێکه‌وه که پێی ده‌ڵێن بوون ( وجود ) و یه‌ک به‌دوای یه‌کدا ده‌ته‌قن ” ( 10 ) جا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌قن و بمێننه‌وه ده‌بێت خۆیان له‌گه‌ڵ و‌اقیعی زه‌لکاوه‌که‌دا ( بوون و ژینگه ) بگونجێنن ، بۆیه خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ژینگه‌دا چ به خۆسازدان و رێکخستن له‌گه‌ڵ دینامیزمه سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌دا یان خه‌باتکردن بۆ ده‌سته‌مۆکردنی دیارده‌کان و زاڵبوون به‌سه‌ریانداو دانانیان له ژێر رکێفی مرۆڤدا ، مه‌رجی ژیانێکی بێ شڵه‌ژان و هێمن و ئاساییه .
ئه‌م شێوه لێکدانه‌وه ئایدیالیستییه‌ش دیسان له خودی مرۆڤه‌وه ده‌ستپێده‌کات و خود ( ذات ) ی مرۆڤ و بابه‌ت ( موضوع ) که ژینگه سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که به پێچه‌وانه ریز ده‌کات . ئه‌و حه‌قیقه‌ته هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه که ژینگه سه‌رچاوه‌ی پێکهێنانی حاڵه‌ته ده‌روونییه‌کانی مرۆڤه‌و ، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی ( گونجاندن یان ته‌ندروستیی سایکۆلۆژیی به زمانی ئه‌وان ) بێته‌دی ، ده‌بێت له بارودۆخه واقیعییه‌که‌ی ژینگه‌وه ده‌ستپێبکرێت و گۆڕانکاریی له‌م واقیعه‌دا بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی باره سایکۆلۆژییه‌که‌ی مرۆڤ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه بێت .
3 ) هیگڵ له‌سه‌ر ئاستێکی فه‌لسه‌فی نامۆیی ده‌خاته‌ڕوو . پرنسیپی سه‌ره‌کی له فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵدا یه‌که‌مبوونی فیکره‌یه . بنجی فه‌لسه‌فی بۆ لێکدانه‌وه‌ی نامۆیی له روانگه‌ی هیگڵه‌وه بوونی فیکره‌ی ره‌ها ( الفکرة المطلقة ) یه‌و ، بوونی جیهان خۆنواندن و ده‌رکه‌وتنی ئه‌و فیکره ره‌هایه‌یه . له‌به‌ر ئه‌وه هیگڵ باسی نامۆیی فیکری فه‌لسه‌فی ده‌کات . به‌لای ئه‌وه‌وه گه‌وهه‌ری نامۆیی له‌وه‌دا نییه که گه‌وهه‌ری به‌شه‌ر به شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانه ، دژی خودی خۆی ، خۆی به‌شت ده‌کات ، به‌ڵکو له‌وه‌دایه که گه‌وهه‌ری به‌شه‌ریی به جیاواز‌و دژ به فیکری رووت ( الفکر المجرد ) خۆی به‌شت ده‌کات . ( 11 )
له روانگه‌ی هیگڵه‌وه ، به‌شه‌رییه‌ت حاڵه‌تی نامۆیی له خودی خۆیدا هه‌یه ، له‌به‌ر ئه‌وه په‌یوه‌ندییه نامۆکانی ئابووری و سیاسی و رۆشنبیری ، په‌یوه‌ندی ره‌هاو نه‌گۆڕو ئه‌به‌دین . ( 12 ) به‌م پێیه ئه‌وه‌ی نامۆیی مرۆڤ بڕیار ده‌دات فیکره‌ی ره‌هایه‌و ، نامۆیی به‌تێپه‌ڕاندنی فیکره چاره‌سه‌ر ده‌کرێت ؛ بۆ نموونه ده‌ڵێت : ” ئه‌و کۆیله‌یه‌ی به‌رامبه‌ر خاوه‌نه‌که‌ی نامۆیه ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م نامۆییه‌ی نه‌مێنێت ، ده‌بێت بیربکاته‌وه‌و خۆی به ئازاد بزانێت ” ( 13 )
که‌موکورتیی بنه‌ڕه‌تی له‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ی هیگڵدا له جیهانبینییه‌که‌یه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ . ئه‌و وه‌ک هه‌موو ئایدیالیسته‌کانی مێژوو هێزێکی نادیار ” له‌ودیو ” و “له‌ده‌ره‌وه ” ی بوونه‌وه ده‌بینێت ، بۆیه ” بوون ” به رسکاوی ئه‌و هێزه ده‌زانێت ؛ هه‌ر به‌م جیهانبینییه‌وه ناکۆکییه‌کانی ژیانی ماددی و به‌شه‌ری ده‌بینێت و به فیکره‌وه گرێیانده‌دات ، بۆیه که قسه له کۆیله‌یه‌تی ده‌کات ، کۆیله‌یه‌تی و دژه‌که‌ی که ئازادییه له فیکری کۆیله‌دا ده‌بینێت . ئه‌مه بۆ خۆی واتای به‌رگریکردن له سیستمی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی مه‌وجوود ده‌گرێته‌وه ، به‌مه‌ش ئازادیی مرۆڤی نامۆ له به‌رامبه‌ر سیستمه‌که‌دا راناگرێت و مرۆڤ به‌ره‌و ئازادیی گیان ( روح ) ئاڕاسته ده‌کات ، چونکه ئازادیی مرۆڤ له خۆگونجاندن و دژایه‌تینه‌کردنی فیکری رووتدایه نه‌ک له گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی سیستمی باوی کۆمه‌ڵایه‌تیدا .
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج له‌م لێکدانه‌وه بۆرژوازییانه بده‌ین ، به گشتی بۆ یه‌ک سه‌رچاوه‌ی فه‌لسه‌فی ده‌چنه‌وه ئه‌ویش جیهانبینی ئایدیالیستییه که له دواشیکردنه‌وه‌دا جگه له نامۆیی زیاتر‌و که‌وڵکردنی مرۆڤ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیستمی چینایه‌تیی باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵ هیچ شتێکی دیکه ناگه‌یه‌نێت .
نامۆیی سیاسی
لایه‌نێکی هه‌ره گرنگی نامۆیی بۆ مرۆڤ ، له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تییه‌وه تا ئیمڕۆ ، نامۆیی سیاسی بووه . مرۆڤ له‌و خه‌بات و ململانێ چینایه‌تییه‌دا به‌ره‌وڕووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆته‌وه . ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش له سه‌رانسه‌ری مێژووی کۆمه‌ڵگاکاندا سه‌رچاوه‌ی نامۆیی مرۆڤه‌کان بووه . هه‌میشه له نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ردا لێک‌دابڕان هه‌بووه‌و جه‌ماوه‌ر به ده‌سه‌ڵاته فه‌رمانڕه‌واکه‌ی نامۆ بووه . ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ر ، له‌گشت کۆمه‌ڵگاکاندا ، پێکده‌هێنێت .
له‌م مێژووه‌ی خه‌باتی سیاسی نێوان چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ، توخمی پێشڕه‌وی چینه شۆڕشگێڕه‌کان باری گرانی نامۆییه‌که‌یان له‌سه‌ر شان بووه‌و ، هوشیارییان ، جێ‌وڕێی به‌گژداچوونه‌وه‌و به‌ربه‌ره‌کانی و کاری شۆڕشگێڕانه‌ی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی له به‌رامبه‌ر چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندا پێگرتوون . ئیمڕۆش له ژێر سایه‌ی سیستمی جیهانیی سه‌رمایه‌داریدا توخمی پێشڕه‌وی کۆمه‌ڵگا سه‌رمایه‌دارییه‌کان ، که له کرێکارانی سۆسیالیست و که‌سانی دیکه‌ی په‌یوه‌ستبوو به بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستیی کرێکاران پێکدێن ، له‌به‌ر تیشکی ئایدیۆلۆژیی سۆسیالیستیداو به هوشیاریی سۆسیالیستانه‌یانه‌وه به‌ره‌وڕووی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه راوه‌ستاون و گیانی به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌م سیستمه‌و خه‌باتکردن له پێناوی ژێره‌وژوورکردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌و هێنانه‌کایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی پڕۆلیتاریا ، رابه‌ریده‌که‌ن . بۆیه ئه‌وان له ریزی پێشه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ی ژێر باری سیستمی سه‌رمایه‌دا ، باری گرانی نامۆیی سیاسی هه‌ڵده‌گرن و له ناخه‌وه زیاتر ئازاریان ده‌دات .
رەھەندی جیهانیی نامۆیی
ژانی نامۆیی بۆ مرۆڤه سۆسیالیسته هوشیاره‌کان به‌پێی بارودۆخی سیاسی هه‌ر شوێنه رەھەندی جیاجیای هه‌یه . رەھەندی جیهانیی ئه‌م بارودۆخه سیاسییه ، رەھەندێکی گشتییه‌و بۆ سه‌رجه‌می خه‌باتکارانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی چینی کرێکار له‌جیهاندا ، به حوکمی گیانی ئینته‌رناسیۆنالیستی و یه‌کێتیی ئامانجه ستراتیژییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستیی کرێکاران ، چوونیه‌که‌و وه‌کو یه‌ک له ئازاره‌کان ده‌چێژن .
ئیمڕۆ له ئاستی جیهانیدا ئامانجه دێرینه‌کانی مرۆڤ هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بۆ سه‌ر ده‌کرێت . مرۆڤ چه‌واشه ده‌کرێت . خه‌ونه دێرینه‌کانی مرۆڤ وخه‌باتی مرۆڤه چه‌وساوه‌کان دژی چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به‌ر لاقرته‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریی جیهانیی باڵاده‌ست و چینه بۆرژوازییه ژێرده‌سته‌کان و چڵکاوخۆرانی کۆمپانییه فره‌ناسنامه‌کان که‌وتوون .
سه‌رمایه‌داریی ، وه‌ک سیستمێکی ئه‌به‌دی بانگاشه‌ی بۆ ده‌کرێت . له به‌رامبه‌ر ئه‌و نه‌هه‌نگانه‌ی سه‌رمایه‌دا که ده‌یانه‌وێت ئه‌م جیهانه قووتبده‌ن ، سیاسه‌تی سازشکارانه‌و کۆیلایه‌تییه‌کی نوێ په‌یڕه‌و ده‌کرێت و چینه کۆنه‌په‌رسته‌کان و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه وابه‌سته‌کان به هه‌زارویه‌ک بڕوبیانووی بێسه‌روبه‌ره‌وه پاساو بۆ سیاسه‌ته ئیمپریالیستییه‌کان ده‌هێننه‌وه . چه‌پڵه بۆ داگیرکردن و له‌شکرکێشیی ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیستییه‌کان لێده‌ده‌ن .
له‌م جیهانه لنگه‌وقووچه‌ی ئیمڕۆی سه‌رمایه‌داریدا هه‌رچی نه‌رێتی خه‌باتی به‌شه‌رییه‌تی چه‌وساوه هه‌یه پێیلێده‌نرێ . ئاگری شه‌ڕ له‌مسه‌ره‌وه بۆ ئه‌وسه‌ری دنیا خۆشده‌کرێت . نه‌ته‌وه‌کان به‌گژ یه‌کتریدا ده‌کرێن . سۆسیالیسته‌کان به‌ر پلارو تیر‌و توانج و هێرش و سووکایه‌تی ده‌درێن . به‌ناوی سیستمی نوێی جیهانییه‌وه باڵاده‌ستیی سه‌رمایه‌داری و گشتیکردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی راده‌گه‌یه‌نرێت . له ژێر ئاڵای دیموکراسی و مافی مرۆڤدا ئازادیی مرۆڤ زه‌وتده‌کرێت و له زۆر شوێنی ئه‌م جیهانه‌دا ته‌نانه‌ت مافه سه‌ره‌تاییه‌کانیشی پێڕه‌وانابینرێت . دیکتاتۆرییه‌تی بێپه‌رده‌ی بۆرژوازییه‌ت پشتگیریی لێده‌کرێ و قامچی حوکمی بۆرژوازی به‌سه‌ر پشتی رووتی ملیۆنه‌ها به‌شه‌ره‌وه راده‌وه‌شێنرێت . ئامانجه دێرینه‌کانی مرۆڤ سه‌باره‌ت به جیهانێکی بێ چه‌وساندنه‌وه‌و جیاوازیی له نێوان مرۆڤه‌کان ، نه‌ک هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌یان لێده‌کرێت ، به‌ڵکو به کرده‌وه له سایه‌ی خۆسازدانه‌وه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌دا ده‌پێچرێنه‌وه‌و هوروژمی دڕندانه‌ی ده‌زگا موخابه‌راتییه جیهانییه‌کان و جۆرنالیزمی چه‌واشه‌کاری بۆرژوازییان ئاڕاسته ده‌کرێت .
ئیمڕۆ ئازادی – ته‌نانه‌ت به شێوه مافناسییه‌که‌ی – بۆ مرۆڤ ناسه‌لمێنرێت . خه‌ونی جیهانێکی یه‌کگرتووی ئازاد زڕێندراوه . گه‌لانی سته‌مدیده‌ی جیهان که له‌م سه‌ده‌یه‌دا جه‌نگی ژیان و مردنیان له پێناوی ئازادی‌دا کرد ، ئێستا به کۆت و پێوه‌ندی بازاڕی ئازاد کۆیله‌کراونه‌ته‌وه . شۆڕشی جیهانیی کرێکاران که له چه‌ند ده‌ساڵێکی سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا ئاسۆیه‌کی روونی له‌به‌رده‌مدا بوو ، له‌باربراوه‌و ئۆباڵی هه‌ره‌سهێنانی سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تیشی له ئه‌ستۆ نراوه . بانگه‌وازی برایه‌تی و ئاشتی بۆ گه‌لانی جیهان به دوژمنکاری و جه‌نگ و جینۆساید‌و برسیکردن و کۆلۆنیالکردنی نوێ و بێئه‌ندازه‌ی گه‌لان وه‌رچه‌رخاوه‌و چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ مرۆڤ چه‌ندین جاره بۆته‌وه . هه‌رچی نه‌رێتی مامه‌ڵه‌ی سیاسی به پرنسیپ و راستوڕه‌وان هه‌یه ، به ته‌ڵه‌که‌بازیی سیاسی و دژایه‌تی پرنسیپ و ده‌ستی ده‌ستی و رۆژو پاره ژماردن ، گۆڕدراوه‌ته‌وه . له‌به‌ر ئه‌مانه هه‌مووی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه ، ئا له‌م ده‌ساڵه‌ی کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ، تووشی حاڵه‌تێکی نامۆیی کراوه . هه‌موو رۆژێک کاژێکی به‌شه‌ری فڕێده‌دات و ( مسخ ) ده‌بێت . ئه‌م ( مسخ ) بوونه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی جیهانییه‌و به‌رئه‌نجامی نامۆبوونێکی جیهانییه که ره‌گه‌که‌ی بۆ رەھەندی جیهانیی نامۆیی ده‌چێته‌وه .
رەھەندی نه‌ته‌وه‌یی نامۆیی
رەھەندی دووه‌می نامۆیی بۆ مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه ، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و مرۆڤانه‌ی سه‌ر به گه‌لێکی ژێرده‌سته‌ن له وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه‌دا ، نامۆیی نه‌ته‌وه‌ییه .
نامۆیی نه‌ته‌وه‌یی زیچکاوی سیاسه‌تی شۆڤێنیستی چینه بۆرژوازییه باڵاده‌سته‌کانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته ، به‌رئه‌نجامی سیاسه‌تی چینه بۆرژوازییه شۆڤێنیسته‌کانه له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌دا ، به‌ری نامۆکردنی خودی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و دووانه‌ی ئه‌و نامۆبوونه‌یه ، ره‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌یه به‌سه‌ر نه‌ته‌وه بچووکه‌کانه‌وه . له‌م سیاسه‌ته‌دا ، نامۆیی ده‌بێته تۆپه‌ڵێک ژانی ئاڵۆز بۆ هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و ژێرده‌ست ، به‌ڵام کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست زیاتر ده‌بێت . له‌بواری پڕاکتیکدا ژانی نامۆیی بێئه‌ندازه ، به پله‌ی یه‌که‌م ، بۆ مرۆڤه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست ده‌مێنێته‌وه . ئه‌وان په‌یتا په‌یتاو رۆژانه ، بوونیان ، گیانیان ، هۆشیان ده‌رزیئاژن ده‌کرێت و له ته‌پوتۆزی سیاسه‌تی شۆڤێنیستانه‌ی بۆرژوازیی ده‌سه‌ڵاتداردا ده‌خنکێندرێن .
نامۆیی بۆ مرۆڤه هوشیاره‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست له تێکڕای سیاسه‌ته شۆڤێنیستییه‌کانی بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه سه‌رچاوه هه‌ڵده‌گرێت . چاوو بیرته‌نگیی نه‌ته‌وه‌یی ، خۆبه‌زلزانینی نه‌ته‌وه‌یی ، خۆسه‌پاندنی نه‌ته‌وه‌یی ، شێواندنی مێژووی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست ، لێکه‌مکردنه‌وه‌ی یاسایی و عه‌مه‌لی مافی مه‌ده‌نییانه‌ی هاونیشتمانێتی بۆ مرۆڤه‌کانی گه‌لی ژێرده‌سته‌و … هتد ، ئه‌مانه له شێوه پڕاکتیکێکه‌یدا ، که‌سایه‌تیی ئه‌م مرۆڤانه – به‌تایبه‌تی مرۆڤه هوشیاره‌کان و له نێو ئه‌وانیشدا هه‌ڵگرانی بیری سۆسیالیستی – ده‌شێلن و له‌به‌رامبه‌ر له‌ده‌ستدانی وجوودی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆیاندا به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی جیددی‌یان ده‌خه‌ن . نامۆبوون له زمان و رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی – ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌شه رۆشنبیرییه‌شی په‌یوه‌ندی به ژیانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانه‌وه هه‌یه – له‌ژێر کارکردی سه‌پاندنی زمان و رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌ی پله یه‌ک ( نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ) له هه‌موو بواره رۆشنبیرییه‌کاندا ، سه‌ره‌ڕای جێ‌وڕێی وابه‌سته‌یی و خزمه‌تگوزاری له‌فه‌رمانڕه‌وایی و به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری ده‌وڵه‌تیدا ، سیمایه‌کی هه‌ره ئاشکرای که‌سایه‌تیی ئه‌م مرۆڤانه ده‌بن .
نامۆیی نه‌ته‌وه‌یی ئیفرازی سیاسه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه ، کاتێک مرۆڤی هوشیار ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی پێقووتناچێت و به‌رده‌وام ئازاری هۆشی ده‌ده‌ن . ئه‌م سیاسه‌تانه له‌م چه‌ند خاڵه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بن :
1 ) کاتێک زمانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست به‌زۆر ده‌سه‌پێندرێت و، بواری گه‌شه‌کردنی ئه‌قڵی و رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی به زمانی زگماکی دایک به مرۆڤ نادرێت .
2 ) کاتێک گوشاری فیکر‌و سیاسه‌ت و ره‌وشتی چینی بۆرژوازیی ده‌سه‌ڵاتداری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ، رۆژانه له‌ڕێی ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه‌وه ، هوروژم بۆ فیکر‌و هۆشی مرۆڤه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست ده‌هێنێت .
3 ) کاتێک له به‌رامبه‌ر ئه‌و گوشاره‌دا ، وه‌ک کاردانه‌وه ( رد الفعل ) ێکی فیکر‌و سیاسه‌تی بۆرژوازیی ده‌سه‌ڵاتدار ، بیروبۆچوونی گۆشه‌گیرانه‌و ناوه‌رۆک – دیسان – شۆڤێنیستییانه‌ی بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست هوشیاریی چه‌واشه له نێو کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ستدا ده‌خاته‌وه‌و ، دژی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ، به کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانیشه‌وه ، ئاڕاسته‌یان ده‌کات .
4 ) کاتێک له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا به‌پیره‌وه‌چوونی مه‌سه‌له‌ی ره‌وای نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان نابینرێت . سه‌رباری بانگ و سه‌ڵای ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و … هتد ، که‌چی له ئاستی پێشێلکردنی سه‌ره‌تاییترین مافی نه‌ته‌وه‌ییدا کوێراییان دادێت و به‌ڕۆژی ئاشکراو بێ شه‌رموشکۆ مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست به قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی سیستمی سه‌رمایه‌داریی جیهانی ده‌کرێت ؛ ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییان نه‌بوو له ” هه‌مبانه بۆرینه ” ی ده‌نێن و ، به پێچه‌وانه‌که‌شیه‌وه ، زه‌قیده‌که‌نه‌وه‌و فرمێسکی درۆزنانه‌ی تیمساحی بۆ هه‌ڵده‌ڕێژن .
5 ) کاتێک به ناوی شه‌رعییه‌تی ده‌ولی و به‌رژه‌وه‌ندیی ئیقلیمی و ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیستییه‌کانه‌وه ، بۆ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی به بیره‌کانی نه‌وت و کانزا به‌هاداره‌کانه‌وه به‌ستراون ، پاراستنی سنووره ده‌ستکرده‌کان و یه‌کێتیی نیشتمانیی نه‌ته‌وه جیاجیاکانی نێو ئه‌و سنوورانه‌و ، یه‌کگرتوویی ” خاکی پیرۆزی نیشتمان ” ی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ، ده‌بنه سیاسه‌تی ژیرانه‌و و‌اقیعی و هاوچه‌رخ و له سایه‌یدا مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست له قاڵبده‌درێت و بۆ ئاستێکی بێبایه‌خ داده‌به‌زێنرێت.
6 ) کاتێک گه‌لێکی ژێرده‌سته جینۆساید ده‌کرێت و ، گه‌لانی جیهان ، له سایه‌ی سیاسه‌تی ناوه‌نده‌کانی بڕیاردانی ده‌ولییه‌وه نابیناییان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت ، یان زه‌ق زه‌ق سه‌یر ده‌که‌ن و ، سه‌باره‌ت به شێواندنی راستییه‌کان مته‌قیان لێوه نایه‌ت .
7 ) کاتێک رۆژانه‌و له هه‌موو شوێنێک و له هه‌موو بواره‌کانی ژیانی به‌ناو مه‌ده‌نیدا ، مرۆڤ هه‌ست به پله دوویی خۆی ده‌کات و ، توانایی و هه‌ست و فیکر‌و رۆشنبیریی و ته‌نانه‌ت زانستێکیشی گه‌ر هه‌بێت ، به سووکایه‌تییه‌وه سه‌یری ده‌کرێت و ، به ته‌رازووی نۆکه‌رایه‌تی و کاسه‌لێسی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی سیاسی و فیکری و ئه‌خلاقی به سیستمی باڵاده‌ستی شۆڤێنی ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست پێوانه ده‌کرێت .
رەھەندی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت
هه‌ردوو رەھەندی جیهانی و نه‌ته‌وه‌یی که پێشتر باسمان کردن ، چڕده‌بنه‌وه‌و ده‌ڕژێنه رەھەندێکی دیکه‌وەو قوڕی نامۆیی بۆ مرۆڤ خه‌ستتر ده‌که‌نه‌وه . ئه‌م سێیه‌م رەھەندەی نامۆیی بۆ مرۆڤه هوشیاره‌کان – به‌تایبه‌تی سۆسیالیسته‌کان – په‌یوه‌ندی به ژیانی رۆژانه‌و چۆنایه‌تی په‌یوه‌ندی مرۆڤ به ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه . ئه‌م رەھەندە مێژووییه‌و ، هیچ وڵاتێک و پێکهاته‌یه‌کی ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تی ، له کۆیله‌یه‌تییه‌وه تا سه‌رمایه‌داریی بازاڕی ئازاد‌و سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تیی به سۆسیالیزم رووپۆشکراو ، لێی بێبه‌ری نه‌بووه ، بۆیه له هه‌ر شوێنێک ده‌سه‌ڵات هه‌بێت ، له‌وێ و له سایه‌ی ده‌وڵه‌تدا نامۆیی نه‌ک هه‌ر چاوه‌ڕێی مرۆڤ ده‌کات به‌ڵکو چاره‌نووسێکی حه‌تمی ده‌بێت . ئه‌م چاره‌نووسه به‌ڕاده‌یه‌که که ده‌توانرێت ده‌وڵه‌ت و نامۆیی وه‌ک دووانه ( جمک ) سه‌یر بکرێن . مێژووی به‌شه‌ر که به خه‌باتی چینایه‌تی نێو کۆمه‌ڵ ده‌ستپێده‌کات ، باشترین به‌ڵگه‌ی حه‌قیقه‌تی ئه‌م ده‌ستله‌ملانێیه‌ی ده‌وڵه‌ت و نامۆییه‌و ناتوانرێت له‌یه‌کدی دابڕبکرێن .
ئه‌گه‌ر ئه‌وه بسه‌لمێنین که مرۆڤ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه چاره‌نووسی خۆی به‌ده‌ستی خۆیه‌وه بێت ، ئه‌وا ده‌بێت مرۆڤێکی ئازاد بێت و پێشمه‌رجه‌کانی ئازادیی ته‌واوی بۆ دابین بکرێت ، تا بتوانێت ئاره‌زوومه‌ندانه ئه‌م چاره‌نووسه‌ی دیاری بکات و ، له نێوان ئه‌م جیهانه‌ی ژیانی تێدا ده‌گوزه‌رێنێت ، بڕیار بدات و رێی پێنه‌گیرێت . هه‌ر له‌م سه‌لمێنراوه‌ی مافه‌وه بۆ مرۆڤ ، چه‌ند پرسیارێک دێته پێشه‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی که : بۆچی مرۆڤ ناتوانێت ئازادانه هه‌ڵسوکه‌و‌ت بکات ؟ یان ئه‌و ده‌زگایانه کامانه‌ن که رێی ئازادی لێده‌گرن و سووکایه‌تی به چاره‌نووسی ده‌که‌ن ؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م دوو پرسیاره ، بێ ئه‌ملاوئه‌ولاو هیچ دوودڵییه‌ک ده‌توانین ده‌وڵه‌ت به‌و ده‌زگایه پێناسه بکه‌ین که راسته‌وڕاست له‌گه‌ڵ ئه‌م خواسته مرۆڤانه‌یه پێچه‌وانه‌یه‌و ماکی نامۆییه‌کانی مرۆڤ بۆ ئه‌م ده‌زگایه ده‌گه‌ڕێته‌وه . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه نامۆیی به‌باڵای مرۆڤه‌کانی ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌ته جۆراوجۆره‌کانی هه‌زاران ساڵی رابردوو بڕاوه . مرۆڤه هوشیاره‌کانیش ، به‌تایبه‌تی توخمه پێشڕه‌وه‌کان و ، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا پێڕه‌وانی رێبازی سۆسیالیزمی زانستی ، له نامۆییه‌کی فیکری و گیانی و جه‌سته‌ییدا ، له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران و سیاسه‌ته دژه مرۆییه‌کانیان له گشت ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا که سه‌رمایه‌داری بۆ رێکخستن به‌ڕێوه‌بردن و به‌رده‌وامیی سیستمه‌که‌ی خۆی پێکیهێناون ، ده‌ژین .
مرۆڤ له‌ژێر باڵی ده‌وڵه‌تدا جێ‌وڕێی پاشکۆیی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرێت . فیکری مرۆڤ ملکه‌چی ده‌سه‌ڵاتێکی باڵای سه‌روو خه‌ڵکی ده‌بێت . له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا به ناچاری ده‌بێت یاسا‌و بڕیار‌و به‌رنامه‌کانی ده‌وڵه‌ت په‌یڕه‌و بکات . ئه‌م حاڵه‌ته سروشتی په‌یوه‌ندی دوو لایه‌نی نایه‌کسان پێکده‌هێنێت که تێیدا مرۆڤ که‌مده‌ست و ژێرده‌سته‌یه‌و ، ده‌وڵه‌ت توانادارو سه‌رداره . به‌م هۆیه‌شه‌وه سه‌لبییه‌ت ده‌بێته سیمای فیکر‌و هۆش و ره‌فتاری مرۆڤ و پابه‌ندی ده‌سه‌ڵاته به‌هێزه‌که ده‌بێت . واته به ناچاری ده‌بێت سیاسه‌ته جۆراوجۆره‌کانی ده‌وڵه‌ت جێبه‌جێ بکات ؛ له‌و شوێنه‌ی کار ده‌کات – به‌تایبه‌تی له ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کاندا – ببێته ئامێرێک و ئیراده‌ی خۆی ملکه‌چی ئیراده‌یه‌کی به‌هێزتر بکات یان له باشترین حاڵه‌تدا بیگونجێنێت . ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه ده‌به‌خشێت که خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و له نێو ده‌سه‌ڵاتێکی باڵا‌و پڕ توانادا ده‌توێته‌وه‌و که‌سایه‌تیی خۆی بزر ده‌کات . ئه‌مه‌ش بۆ خۆی بنجی نامۆیی مرۆڤه له ده‌وڵه‌ت و ره‌گی نامۆیی جه‌ماوه‌ره له‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کات . تێداچوونی ئازادی مرۆڤه و ، جه‌ماوه‌ریش ناوه‌رۆکی ئه‌م نامۆبوونه‌یه .
مرۆڤ ده‌بێت چ وه‌ک تاکه‌که‌س و چ وه‌ک جه‌ماوه‌ر ، له ئاستی سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تدا دووره‌په‌رێز رابوه‌ستێت ، له کاروباری سیاسی و فرمانه‌کانی ده‌وڵه‌ت نه‌کۆڵێته‌وه‌و به یاساکانی قایل بێت . کارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت رێزلێبگرێت و ئه‌و ( حصانة ) حکومه‌تییه‌ی هه‌یانه بیپارێزێت و مافی لێپرسینه‌وه‌ی که‌موکووڕی و که‌مته‌رخه‌می و ناته‌واوییه‌کانی نه‌بێت . ده‌بێت بۆ هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت ، هه‌یبه‌تی کارمه‌نده‌کانی له‌پێش چاو بگرێت و کۆیله‌یه‌تییان قبووڵ بکات . ئه‌م په‌یوه‌ندییه به گشتی ، به‌ڵام به بڕی جیاجیا ، له‌ژێر سایه‌ی هه‌موو ده‌وڵه‌تێکدا هه‌یه . له‌و وڵاتانه‌شدا که به دیموکراسی به‌ناوبانگن و ته‌قلیدێکی دێرینی هه‌ڵبژاردن و ژیانی په‌ڕله‌مانتاریستی هه‌یه ، هه‌ڵبژاردن کراوه‌ته ده‌مامکی هه‌موو شێوه چه‌وساندنه‌وه‌کان و ، ناکۆکییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵی پێ په‌رده‌پۆش ده‌کرێت . له وڵاته سه‌رمایه‌دارییه‌کاندا ناکۆکی نێوان کار‌و سه‌رمایه به ژێر ده‌واری چه‌واشه‌کاریی هه‌ڵبژاردن و په‌ڕله‌مانه‌وه کراوه .مرۆڤه‌کان هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک ( تفويض ) ی به‌ناو نوێنه‌ره‌کانیان ده‌که‌ن ، ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی پاره‌و پڕوپاگانده‌ی جۆرنالیزمی و هێزی ده‌سه‌ڵاتداریی سه‌رمایه له پشته‌وه ، ده‌رچوونیان مسۆگه‌ر ده‌که‌ن . نامۆیی مرۆڤه‌کان جارێکی دیکه له‌م هه‌ڵبژاردن و ( تفويض ) ه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه ، خۆیان بۆ خۆیان ئه‌و که‌سانه هه‌ڵده‌بژێرن که چه‌ند ساڵێک به ناوی ئه‌وانه‌وه یاسایان بۆ ده‌ربکه‌ن و بیانچه‌وسێننه‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتی پوول درێژه پێبده‌ن .
نامۆیی مرۆڤ له ده‌وڵه‌ت حاڵه‌تێکی بابه‌تی و ئۆرگانیکییه‌و ، مه‌گه‌ر به تێداچوونی ده‌وڵه‌ت ، ئه‌گینا قابیلی چاره‌سه‌رکردن نییه . هۆکاری ئه‌مه‌ش بۆ سروشتی ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه . ده‌وڵه‌ت و ئازادی مرۆڤ دوو لایه‌نی ناکۆکییه‌کن که ده‌بێت به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی چینایه‌تی و ، له‌ناوبردن و وردوخاشکردنی ده‌وڵه‌ت کۆتایی بێت .
ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ دابه‌شبوونی کۆمه‌ڵ به‌سه‌ر چه‌ند چینێکدا ، واته کاتێک چه‌وسێنه‌رو چه‌وساوه سه‌رهه‌ڵده‌دات ، ئه‌ویش دروست ده‌بێت . ( 14 ) که‌واته ده‌وڵه‌ت تایبه‌تمه‌ندییه‌کی چینایه‌تی هه‌یه‌و ئامرازی حوکمی چینه‌کانه ، به‌و پێیه‌ش ده‌وڵه‌ت ده‌زگایه‌کی سه‌روو خه‌ڵکییه‌و کاری فه‌رمانڕه‌واییکردنه . بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌واییش بکات ده‌بێته ده‌زگایه‌کی سه‌رکوتکه‌رو سیاسه‌تی چینێک به‌سه‌ر چینه‌کانی دیکه‌دا ده‌سه‌پێنێت . ( 15 )
ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ژێرخانێکی ئابووری دیاریکراو دروست ده‌بێت . سیاسه‌ته‌کانی ره‌نگدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئابووریی ده‌وڵه‌ت و ئه‌و سیستمه ئابوورییه ده‌بێت که چینی باڵاده‌ستی ده‌وڵه‌ت ده‌یگرنه‌به‌ر .
ده‌وڵه‌ت له پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیدا ، بۆ درێژه‌دان به سیاسه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی ، بۆ درێژه‌پێدانی سیستمی ئابووریی باو له کۆمه‌ڵدا ، پشت به چه‌ندین ده‌زگاو پایه ده‌به‌ستێت و له‌سه‌ر ئه‌وانه خۆی راده‌گرێت . هه‌موو ده‌وڵه‌تێک سوپا‌و پۆلیس و ئه‌من و به‌ندیخانه‌و دادگاکانی خۆی هه‌یه . ئه‌م ده‌زگایانه داهاتی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ خه‌رج ده‌کرێت .ئه‌رکیان پاراستنی سیستمی مه‌وجوودو زامنکردنی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینه‌کانی کۆمه‌ڵه له‌لایه‌ن چینی باڵاده‌ستی فه‌رمانڕه‌واوه ، بۆیه ئه‌م ده‌زگایانه ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی گشتی له ژیانی کۆمه‌ڵداو نامۆیی به‌سه‌ر ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ به گشتی و چینه چه‌وساوه‌کان به تایبه‌تی ده‌سه‌پێنن ، جا ئیتر هه‌ستی پێبکه‌ن یان نه‌یکه‌ن ؛ بۆ مرۆڤه هوشیاره‌کانیش سه‌رچاوه‌ی ژانه بێپه‌ییه‌کانی نامۆیین ، لایه‌نێکی داپڵۆسێنه‌رن وبه‌رده‌وام پێستی مرۆڤانه‌یان لێداده‌ماڵن .
ده‌وڵه‌ت وه‌ک ئه‌نگڵز ده‌ڵێت : یه‌که‌م هێزی فیکرییه له‌سه‌رووی مرۆڤه‌وه ، ( 16 ) له‌به‌ر ئه‌وه ئازادی مرۆڤ چ له رووی فیکرییه‌وه‌و چ له رووی سیاسییه‌وه له‌گه‌ڵ بوونی ده‌وڵه‌تدا پێچه‌وانه‌ی یه‌کتری راده‌وه‌ستنه‌وه . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش مرۆڤ له کۆمه‌ڵگا چینایه‌تییه‌کاندا به کۆمه‌ڵگای بۆرژوازیشه‌وه ناتوانێت له مه‌ده‌نیبوونی کۆمه‌ڵ سوود وه‌رگرێت و ئازادیی راسته‌قینه به‌ده‌ستبهێنێت . ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری له‌م باره‌یه‌وه ، به‌هۆی خه‌باتی چینی کرێکار‌و بزووتنه‌وه‌و حزبه سۆسیالیست و کۆمۆنیسته‌کانه‌وه له دوو سه‌ده‌ی رابردوودا شتێکی که‌می له ژیانی مه‌ده‌نی ئه‌نجام دابێت ، هێشتا مه‌ده‌نیبوونی کۆمه‌ڵگا به پێوانه‌ی هوشیاریی سۆسیالیستی له سه‌ره‌تادایه‌و ده‌وڵه‌ت به‌و هه‌موو داموده‌زگایانه‌وه له‌به‌رده‌میدا کۆسپه‌و رێگری راسته‌قینه‌ی ئه‌م مه‌ده‌نیبوونه‌یه . لۆژیکی ئازادیی حه‌قیقی پێچه‌وانه‌ی بوونی ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کانن ؛ چ کۆمه‌ڵی ئازاد‌و چ مرۆڤی ئازاد پێویستییان به سوپا‌و پۆلیس و ئه‌من و زیندان و دادگا‌و ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره شاردراوه‌و نه‌شاردراوه‌کانی دیکه نییه . له‌ناوچوونی ئه‌و ده‌زگایانه مه‌رجی ئازادین ، ئه‌وه‌ش مه‌گه‌ر هه‌ر له کۆمه‌ڵگایه‌کدا بێته‌دی که ده‌وڵه‌تی تێدا نه‌بێت و ، کۆمه‌ڵگا له‌ڕێی ئیداره‌ی خودی به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌وه به‌ڕێوه‌بچێت . هه‌ر کاتێکیش ئه‌مه هاته‌دی ، واته ده‌زگا مشه‌خۆره‌کانی ده‌وڵه‌ت تێکوپێکشکێندران ، ئه‌وا ده‌توانرێت مرۆڤی ئازادی تێدا ببینرێت و کۆتایی ئێجگاره‌کی به نامۆیی بهێنرێت .
په‌راوێزه‌کان
1 ) مارکس ، چه‌ند تێزێک ده‌رباره‌ی فیورباخ .
2 ) محمد کمال ، ئۆنتۆلۆژیی زات ، گۆڤاری مامۆستای کورد ، ژماره ( 16 ) ، 1993
3 ) صادق جلال العظم ، ذهنية التحريم – سلمان رشدي وحقیقة الادب ، الطبعة الثانية ، نیقوسیا – قبرص ، 1994
4 ) یندریش زلنی ، منطق مارکس ، ترجمة ثامر الصفار ، مرکز الابحاث والدراسات الاشتراکية في العالم العربي ، 1990
5 ) رجا‌ء النقاش ، تأملات في الانسان ، الطبعة الخامسة ، بغداد ، 1988 .
6 ) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو .
7 ) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو
فؤاد زکریا ، آراء نقدية في مشکلات الفکر والثقافة ، الهيئة المصرية العامة للکتاب ، 1975 .
9 ) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو
10 ) صادق جلال العظم ، ذهنية التحريم
11 ) یندریش زلني ، منطق مارکس
12 ) هه‌مان سه‌رچاوه
13 ) الدکتور فؤاد شاهین ، محاولة لتعریف الطرائقية العلمية ، مجلة دراسات عربية ، العدد ( 2 ) ، السنة التاسعة ، کانون الاول 1972
14 ) لینین ، الدولة ، محاضرة القيت في جامعة سفيردلوف ، 11 تموز 1919 .
15 ) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو .
16 ) انجلس ، لودفيغ فيورباخ ونهاية الفلسفة الکلاسيکية الالمانية .
ئەم وتارە لە گۆڤاری ( دواڕۆژ ) ژمارە ( 6 ) کانوونی یەکەمی ساڵی 1998 بڵاوکراوەتەوە