بەبۆنەی یەکی ئایاری (٢٠٢٣)ەوە پەرەسەندنی خەباتی چینایەتی کرێکاران ڕێگەی ڕزگاری تەواوی کۆمەڵگەیە

0
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکار و خەباتە ڕزگاریخوازانەکەیەتی لە پێناو هەڵپێچانی کۆیلایەتی کاری بەکرێ و ڕزگارکردنی خۆی و هەموو مرۆڤایەتی لە سیستمی سەرمایەداری و نەهامەتیـیەکانی.
زۆربەی چینی کرێکار و توێژ و بەشە کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەری، لەمڕۆدا و لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهاندا، لەوانەش لە عێڕاقدا، دەناڵێنن بەدەست هەژاری و چەوساندنەوەیەکی توندی ئابووری و بێکاری و خراپی باری تەندروستی و بێبەشی، وە دەناڵێنن بەدەست هەموو جۆرەکانی سەرکوت و پەراوێزخستن و هەڵاواردنەوە، هەروەها مەترسییەکانی خۆپڕچەککردن و عەسکەرتارییەت و جەنگی دەوڵەتانی سەرمایەداری ئیمپریالیست و هێزە ناوچەییەکان ڕووبەڕوویان بۆتەوە، ئەمە و بەشێکی گەورەش لەم چینی کرێکارە لە ژێر چەپۆکی ڕژێمە دکتاتۆریـیە بورژوازیـیەکان و ڕەوتە فەرمانڕەوا کۆنەپەرستەکاندا ژیان بەسەر دەبەن، لە چەشنی ڕەوتە قەومی و دینی و نیوفاشیەکان و دیکتاتوریەتی سەرمایەداری دەوڵەتی لە چین و کۆریای باکور و وڵاتانی تر کە بەناوی کرێکارەوە فەرمانڕەوایی دەکەن.
لەناو جەرگەی ئەو هەلومەرجەدا کە دەرهاویشتەی باڵادەستی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیی قەیران گرتووە، وە لەناو جەرگەی ئەو هەلومەرجەدا کە ئەم سیستەمە بۆتە هۆکاری وێرانکاری ژینگە و ژیانی سەدان ملیۆن کەس بەهۆی بیابانبوون و ئاگرکەوتنەوە و لافاوەوە، بەڵێ لە جەرگەی ئەم بارودۆخانەدا خەبات و هەوڵ و کۆششی کرێکاران و بەهەژار کراوان و توێژە چەوساوە و ستەملێکراوەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهاندا، بۆ بەدیهێنانی داواکاریـیە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییەکانیان بەشێوەیەک گەشەی کردووە کە داوێنی قەیرانی ئەم سیستەمە و توندوتیژیی قەیرانەکەی هەرچی زیاتر و زیاتر، بەرینتر و قووڵتر کردۆتەوە، و خەریکە هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت لە بەرژەوەندی کرێکاران لە زۆر حاڵەتدا.
چینی کرێکار لە فەرەنسا گورزێکی گورچوبڕی سرەواندۆتە حکومەتی ماکرۆن و سیاسەتەکەی کە دژی خانەنشینانە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندن و بەردەوامی ناڕەزایەتی کرێکاری لە بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا. ئەمە و لاوانی کرێکار و ژنان و جەماوەری هەژاری ئێران، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بۆ ڕزگاربوون لە نەهامەتی ئابووری و حیجابی ئیجباری و ڕژێمی مەلاکان هاتنە مەیدانی ڕاپەڕینێک کە کاریگەریی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێکەوتۆتەوە.
سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕژێمی بۆرژوا ناسیونالیست و ئیسلامی و ڕەوتە حوکمڕانەکانی لە عێراق و حکومەتی ئێستای (محمەد شیاع ئەلسودانی) هەر هەمان سیاسەتەکانی بۆرژوا نێودەوڵەتی نیولیبراڵیـیە، لەگەڵ جیاوازییەکدا کە وایان لێدەکات زیاتر ماڵوێرانکەر بن بۆ جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان، کە ئەو جیاوازییەش جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانەیە بە شێوەیەکی دڕندانە و بە گوژمێکی خێرا کە تێکەڵ بە گەندەڵی دارایی و کارگێڕیـیە و لە جیهاندا بێ وێنەیە.
نیولیبرالیزم، لەگەڵ هەموو بودجەیەکی ساڵانە و خولێکی ساڵانەی ئابووریدا، تێکەڵ بووە بە تاڵانی و گەندەڵی و دزینێکی زەبەلاحی دەیان ملیار دۆلاری. هەر لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی ئێستا پڕۆژە یاسایەکی داهێناوە لە چەشنی “یاسای ناوەڕۆکی دیجیتاڵی” بۆ دەست بەسەراگرتنی ئازادییەکان و بەردەوامیشە لەوەی کە سزای کرێکاران و چالاکوانان و هەڵسوڕاوانی سەندیکایی بدات بە پێی یاساکانی ڕژێمی فاشیستی بەعسی کە کاری سەندیکا قەدەغە دەکەن، لە کۆمپانیا و دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا.
ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە عێراقدا بەدەست چەوسانەوەیەکی دوو لایەنەوە دەناڵێنن کە ئەویش سەرمایەداری و پیاوسالاریـیە. جەماوەری ژنانی ستەملێکراو لەژێر حوکمڕانی و باڵادەستی ڕەوتگەلی ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیست و دامەزراوە ئایینی و خێڵەکییەکاندا، وە لە ڕێگەی پتەوکردنی نەریتی دژە ژنەوە لەلایەن ئەم ڕەوتانەوە، ڕووبەڕووی کوشتن و توندوتیژی و سەرکوتی ئاشکرا دەبنەوە.
بۆرژوا ناسیونالیستی دەسەڵاتدار و حزبە میلیشیاکانیشی لە هەرێمی کوردستان، کە هەتا ئێستا مووچەی فەرمانبەران و کرێکاران دوادەخەن، ڕێ لە ئازادیی کاری سەندیکاییش دەگرن. وە لەم دواییانەشدا پەرلەمانی هەرێم بڕیاریدا یاسایەکی تایبەتی کار دەربکات، کە تەنانەت ئەو بڕگانەش بەرتەسک دەکاتەوە کە لە بەرژەوەندی کرێکارانن لە یاسای کاری حکومەتی فیدراڵیدا.
ئەمڕۆ عێراق قوتبی بوونەوەیەکی چینایەتی ڕوون بەخۆیەوە دەبینێت، لەگەڵ هەڵکشانی گوژم و تەوژمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کرێکاران و فەرمانبەران و دەرچوانی زانکۆکان و کرێکارانی گرێبەست و ڕۆژانەکار، و وانەبێژانی خۆبەخش، وە لەسەر ئاستی کەرتەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاریـیە جیاوازەکان و دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەییەکان و وەزارەتەکانیش. ئەم خۆپیشاندانانە، ماوەی چەندین مانگە، بوونەتە دیاردەیەکی ڕۆژانە لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراقدا.

 

بزووتنەوەی کرێکاری لە عێراق ساڵ لە دوای ساڵ هێز کۆدەکاتەوە و گەشە دەکات. کرێکاران و کارمەندانی وەزارەت و دامەزراوە حکومییە جوراوجۆرەکان لە خەباتدان بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری لە یاسای ئێستای پلەبەندی مووچەدا، بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندی توێژ و بەشەکانی خوارەوەی کرێکاران و فەرمانبەران بێت، هەروەها هەوڵ و تێکۆشانی کرێکارانی کەرتی پیشەسازی و کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانیش بەدژی “دووبارە سازدانەوەی پەیکەرەیی” و خەسخەسە و دەرکردنی کرێکاران لەسەر کار زیاتر و زیاتر هێزدەگرێت و یەکگرتوو دەبێت، وێڕای پەرەسەندنی خۆپێشاندانی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان. ئەمە و هەوڵ و کۆشش و خەباتی کرێکارانیش بەردەوامە لەسەر ئاستی وڵات، بۆ بەرزکردنەوەی حەقدەستەکان و سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی هەڵاوسانی نرخەکان.
لە پێناو پەرەپێدانی ئەم بزووتنەوە کرێکاریەی کە لە گەشەسەندایە، وە بۆ بەرەوپێشبردنی هەرچی زیاتری خەباتی جەماوەری کرێکاران لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری و خزمەتگوزاری لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتیدا، زۆر زەرورە کە یادی یەکی ئایاری ئەمساڵ بکرێتە ڕۆژی تێکۆشانێکی یەکگرتووی کرێکارانی هەموو عێراق لە پێناو بەدیهێنانی خواستە دەستبەجێکانیان، و داسەپاندنی پاشەکشە بەسەر دەسەڵاتداران و پوچەڵکردنەوەی ئەو سیاسەتە ئابوری و کۆمەڵایەتیـیانەی کە دژ بە کرێکارانن.
لە یەکی ئایاری ئەمساڵدا، چینی کرێکار و جەماوەری ڕەنجدەر، بە هەڵوێستێکی یەکگرتووانەی ناڕەزایەتیـیەوە، پێشکەوتنێک تۆمار دەکەن لە گەیاندنی دەنگی خۆیان بە هەموو کۆمەڵگا و پێ دادەگرنەوە لەسەر ئەوەی کە ڕزگاربوون لەم بنبەستەی ئێستا کە ڕووبەڕووی جەماوەر بۆتەوە، ڕێگای پەرەپێدانی خەباتی چینایەتیی کرێکاران و هەموو چەوساوەکانە، کە هەر ئەمەشە ڕێگای ڕزگاری چینی کرێکار و ڕێگای ڕزگاری لە سیستەمی سەرمایەداری و هەنگاونان بەرەو بنیاتنانی سیستەمی سۆسیالیستی.
دەبا لە یەکی ئایاردا ئەم دروشمە بەرز بکەینەوە:
پەرەسەندنی خەباتی چینایەتی کرێکاران ڕێگەی ڕزگاری تەواوی کۆمەڵگەیە.
وە با داواکارییەکانیشمان بەرز بکەینەوە لە:
 دەستەبەرکردنی بیمەی بێکاری بۆ بێکارانی ژن و پیاو.
 هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتەکانی خەسخەسە، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتەکانی سازدانەوەی پەیکەرەی کۆمپانیاکانی کەرتی پیشەسازی و دەرکردنی کرێکاران لەسەر کار.
 ئازادی کاری سەندیکایی لە هەموو دامەزراوە پیشەسازی و خزمەتگوزاری و کارگێڕییەکانی دەوڵەتدا.
 هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچە لە بەرژەوەندی کرێکاران و کارمەندان.
 پاراستنی ژنانی کرێکار لە ناوەندەکانی کار بەپێی یاسا لە دژی گێچەڵی سێکسی و توندوتیژی و هەڵاواردن.
 یاساغکردنی جیاکاری، لەدژی ئەو کرێکارانەی کە لە عێڕاقدا کاردەکەن و هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتانی جۆراوجۆرن، وە دابینکردنی پاراستنی یاسایی و کردەیی بۆیان بەڕووی هەر جۆرە بەرهەرەبەرداری و چەوساندنەوەیەکیان.
 یاساغکردنی جیاکاری، دژی بە کرێکاران لەسەر بنەمای ڕەگەزی نێر و مێ و نەتەوە و ئایین و ڕەنگی پێست و تائیفە و بیروباوەڕ.
 یاساغکردنی کاری منداڵان و دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆیان و بۆ خانەوادەکانیشیان.
 پێدانی مووچەی کرێکاران و کارمەندان و خانەنشینان لە کاتی خۆیدا، بەتەواوی و بەبێ دواخستن، وە بەرزکردنەوەی ئەو مووچانە لە هەموو کەرتەکاندا هاوکات بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان.
 ئازادی کاری سەندیکایی و مانگرتن و خۆپێشاندان.
 دامەزراندنی وانەبێژانی خۆبەخش و هەموو ئەو کرێکار و کارمەندانەی بە گرێبەست کاردەکەن.
بژی یەکی ئایار
بژی سۆشیالیزم

 

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٢٠-٤-٢٠٢٣
Leave A Reply

Your email address will not be published.