سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسا و ئەو هۆکارە گرنگانەی کە بوونە دەستپێکی ئەو شۆڕشە:

0
  • فواد سەعید
شۆڕشی فەڕەنسا لە سەردەمێکدا ڕوویدا کە گۆڕانکاری بنچینەیی لە قەبارەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەو وڵاتەدا هاتبووە ئاراوە، کە بە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشایەتی بۆ کۆماری کۆتایی پێ دەهات، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە لەسەر دونیایی ئەمڕۆ بە ڕوونی و ئاشکرا دیارە.
سیستەمی فیودالیزم و کەم دەرامەتی و…هتد وای کرد خەڵک بۆ شۆڕشێکی لەپێشینە خۆی ئامادە بکات، شۆڕشی فەڕەنسا دژایەتییەک بوو دژ بە دەسەڵاتی پشتاوپشتی پاشایەتی و خوشگوزەرانی ئەو خان و بەگزادە و ئاغایانەی کە ژیانی ئاسایان لە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت تێکدابوو و تیکۆشانێکیش بوو بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانی، کە لە کۆتایدا توندوتیژی و کۆمەڵکۆژی لێکەوتەوە و جەنگ و شەڕەکانی ((ناپۆلیۆن بۆناپارت))یش هاتە ئاراوە و پاشانیش سیستەمی پاشایەتی سەریهەڵدایەوە.
ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی ئەوەی شۆڕشی فەڕەنسا سەرهەڵبدات:
شۆڕشی فەڕەنسا، هەڵسووڕانێک بوو لەو وڵاتەدا کە فەڕەنسای لە ساڵی ١٧٨٩ەوە تاکوو ١٧٩٩ی.ز تووشی ڕووداوگەلێکی کاریگەر کرد و ئەم ڕووداوانە لە ساڵی ١٧٨٩ی.ز گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و هەر لەبەر ئەمەشە کە سەر هەڵدانی شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا بە ساڵی ١٧٨٩ی.ز ناوی دەرکردووە.
ناتوانرێت هۆکارێکی دیار بۆ ئەم شۆڕشە گەورەی فەڕەنسا دەستنیشان بکرێت و بگوترێت تەنیا لەبەر یەک هۆکار ئەو شۆڕشانە ڕوویداوە، بەڵکوو هۆکارگەلێکی جیاواز دەستیان داوەتە دەستی یەکەوە و بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی وڵاتی فەڕەنسا.
وڵاتی فەڕەنسا پاش شەڕەکانی سەدەی ١٨ی.ز و ئەو قەرزە گەورە و قورسانەی کە کردبووی و ناکارامەی دەسەڵات و شکستی سوپای پاشا، بارودۆخی ئەو وڵاتەی بەرەو هەڵدێر برد، بەگشتی بارودۆخی ئابووری ناجێگیر و قەرزە کەڵەکەبووەکان هۆکاری تێکچوونی شیرازەی ئەو وڵاتە بوون.
سەرباری گوشاری ئابووری ناجێگیر لەسەر خەڵکەکە، چینی دەوڵەمەند، بەتایبەتی لویسی شازدەیەم و ماری ئانتوانت لە “وەرسا” دەستیان بە ئابووری و داهاتی ئەو وڵاتەوە نەدەگرت.
بەرزبوونی ڕێژەی بێکاری و زیادبوونی نرخی نان بووە هۆی ئەوەی خەڵک دەرامەتی خۆی لە خواردندا خەرج بکات و هەلی گونجاوی نەبێت تا داهاتی خۆی لە بەشەکانی دیکەی ئابووریدا ببینێتەوە.
-ئابڵۆقەی ئابووری و کەمی خواردەمەنی، تووشبوونی خەڵک بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان هۆکارێکی گەورەی دیکە بوو بۆ لەناوچوونی خەڵک.
-بێزاری لە دەسەڵاتی پشتاوپشتی پاشایەتی.
-ناڕەزایەتی خەڵکی شار و شارۆچکەکان و کرێکاران لە ئاغاکان و بەگزادەکان.
-تووڕەیی خەڵک لە دەسەڵاتی راهیبەکان-کەسە ئاینییەکان (داوای ئازادی دینیان لێ دەکردن).
-مەیلی خەڵک بە ئاراستەی ئازادی و دەسەڵاتی کۆماری.
-تووڕەی خەڵک لە دەست پاشا بەهۆی دەرکردنی سیاسەتوانانی وەک (ژاک نکر-Jacques Necker) کە بۆ مافی خەڵکی دەکۆشا.
-ناتوانی لویسی شازدەیەم و دەسەڵاتەکەی بەرامبەر ئەم هەموو کێشانەی کە باسمان کردن.
تووشبوونی پاشا بە بارودۆخێکی ناهەموار:
کێبڕکێی ئابووری توند لە کۆتایەکانی ساڵی ۱۷۰۰ی.ز سێبەری خستبووە سەر وڵاتی فەڕەنسا و یارمەتی دانی فەڕەنسا بە ئەمریکا و زێدەڕۆییەکانی لویسی شازدەیەم و دەسەڵاتدارانی پێش ئەو، ئەو وڵاتەی بەرەو شکستی ئابووری برد و لویسی شازدەیەمیش بەناچاری داوای یارمەتی ماڵی لە ڕاوێژکارانی ئابووری وڵاتەکەی خۆی دەکرد.
تەواوی ئەو خەڵکە یەک داواکاریان هەبوو، هەموویان گەیشتنە ئەو ئاکامەی کە وڵاتی فەڕەنسا پێویستی بە ڕێگەچارەیەکی نوێیە بۆ دەستنیشانکردنی داهاتی نەتەوەیی.
پاشا یەکەم جار ئەم پێشنیارەی قبۆڵ نەکرد و لە کۆتایدا ملکەچی بڕیاری خەڵکی وڵاتەکەی بوو و بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکەش پارە و داهات و سامانی لەو بەرپرس و کاربەدەست و میر و بەگزاداە و ئاغایانە وەردەگرت کە لەوە پێشتر بڕیاری دانی داهات و سامانیان لەسەر نەبوو، بەڵام ئەوان ئەم بڕیارانەیان قبوڵ نەکرد و لەو شوێنەی کە ڕاهیبەکان-کەسە ئاینییەکانی ئەو سەردەمە وا بڕیاریاندابوو کە پێویستیان بەدانی داهات و سامان نییە، دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ پەیداکردنی چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەسە ئاینییەکان کارێکی دژوار بوو.
Leave A Reply

Your email address will not be published.