تاک،خێزان،لەشفرۆشی،لەزانستی بۆرجوازی سۆسیۆلۆژیدا

0
خێزان یەکەی بنچینەیی نێو زانستی برجوازیی سۆسیۆلۆژیە (کۆمەڵناسی)، ئەو زانستە پەرپووتەی لە ئایدیۆلۆژیا و تیۆریەکانیدا دەربارەی پرسی جێندەری، چەندان جۆری خێزانی ناساندووە، ناسراوترینیان خێزانە لە باوک و دایکێک، خێزانە لە هەمان ڕەگەز (پیاو و پیاو، ژن و ژن). بچووکترین یەکەی لێکۆڵینەوەیش لەم زانستەدا دوو کەسە، ئەو کەسانەی هیچیان لەوی تریان ناچن. ئەمەیش ڕاستەوخۆ دەمانباتەوە نێو باوەشی تاک و تاکگەراییەکەی فەلسەفەی ئەخلاق و سایکۆلۆژیا، ئەو تاکەی لە هەموو پەیوەندیەک دادەماڵرێت و بوونەوەرێکی لێدروست دەکرێت کە ناناسرێتەوە لە زانستە برجوازیەکاندا نەبێت، ئەو هزرە سیاسیەی لە هەمانکاتدا تێکەڵەیەکە لەو فەلسەفە هیگڵستیەی لە (من – الأنا) یەکی ئابستراکتەوە دەڕوانێتە تاک، تاکێکی بێ پەیوەندی بە کۆمەڵ و مێژووەوە.
ئەم تاک و خێزانە لە زانستی برجوازیی سۆسیۆلۆژیدا چۆن دەناسێنرێن؟
بەلای یەکێک لەم زانا برجوازیانەوە کە (دۆرکهایم) ە، تیۆری (سروشتی مرۆڤ) ئەوەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی ئارەزووتێرنەکراوی ئیگۆیستە کە ڕەگ و ڕیشەی لە دەستووری بایۆلۆژی و دەروونی تاککەسیدایە. جگە لەو (ماکس ڤیبەر) یش تێگەیشتن لە کۆمەڵگا لە ڕێگای هەڵسوکەوتی ئەم تاکانە و چالاکیەکانیانەوە دەبینێت. ئەویش بەم دیدگایە دەمانباتەوە ناو چارەسەری تاکگەراییانە و کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان و پێویستیی پلەبەندیەکی جێگیر بۆ دامودەزگا و دامەزراوەکان و یاسا و هێڵی دەسەڵاتێکی ڕوون لە ڕێکخستنی بیرۆکراسیانەیاندا.
هەر بەمجۆرە، ڕەفتاری تاک و جیهانی تایبەت بە تاک، گروپی کۆمەڵایەتی و جیهانی تایبەت بە گروپ، دەبێتە بنچینە شێواوەکەی لێکۆڵینەوە لەم زانستە برجوازیەدا. بە پێچەوانەوە، یەکەی لێکۆڵینەوەی ماتریالیزمی مێژوویی چینی کۆمەڵایەتیە، دیتنی تاک و خێزانە لەنێو چینەکان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیدا لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا. ئەم تیۆریە برجوازیانە بە فەلسەفە تاکگەراییەکەیانەوە، باشترین پەناگای هزری برجوازیەتی لیبرالیستی و عەلمانین. بۆیە هەروەک چۆن فاکتەری بەختەوەریی تاک لە خودی تاک خۆیدا دەستنیشان دەکەن، ئا بەوجۆرە خێزانی دڵخۆش و پڕ لە خۆشەویستییش هەر لە ڕۆڵی تاکەکانەوە دەستنیشان دەکەن.
ئەمە لەکاتێکا تاک و ئەو خێزانەیشی لە تاکەکان پێکدێت، دەرئەنجامی هێزە کۆمەڵایەتیەکانی دەرەوەی خێزانە. کەس ناتوانێت بریار بدات خێزانەکەی هەژار بێت یان سەرمایەدار، مناڵەکانی بێکار و دەربەدەر دەبن یاننا، ئەمە هەروەک چۆن خێزان ناتوانێت خۆی نەرێت و کولتووری خێزانیی تایبەت بە خۆی بەرهەمبهێنێت، ئەوان تەنها دەتوانن ملکەچی نەرێتە بەرهەمهێنراوەکانی کۆمەڵگا بن. خێزان بوونێکی مێژووییە نەک تیۆری و ئایدیۆلۆژی. بۆیە نە تیۆری فەنکشنالیستەکان (وەزیفی)، نە تیۆری کارلێکی سیمبولی، نە هیچ تیۆری و ئایدیۆلۆژیایەکی تری زانستی سیۆسیۆلۆژی، ناتوانێت ئەوەندەی تاڵەموویەک خێزان لە مێژووی بوونی خۆی دوور بخاتەوە. خێزان فۆرم و سیمای سەردەمی خۆی وەردەگرێت.
خێزانی سیستمی دەرەبەگایەتی خێزانی مۆدێرنی سیستمی سەرمایەداری نییە، ئەو خێزانەی ڕیخۆڵەکانیشی ئاڵاوە بەو پەیوەندیانەوە کە پارە حوکمی دەکات. مارکس واتەنی: “لە ڕووی مێژووییەوە برجوازیەت سیمای خانەوادەیەکی بۆرژوازی بە خێزان دەبەخشێت، ئەو خێزانەی بێزاربوون و پارە ئەڵقەیەکی پێکەوە بەستراون تیایا، ئەمەیش لە هەمانکاتدا هەڵوەشاندنەوەیەکی برجوازیانەی خێزانیش دەگرێتەخۆ” (مارکس، The German Ideology).
“برجوازیەت پەردەی سۆزداریی لە خێزان داماڵی و پەیوندیی خێزانیشی بچووک کردەوە بۆ پەیوەندی پارە” (مارکس، Manifest). بەلای کارل مارکسەوە کاری پیشەسازی مۆدێرن و زەلیل بوونی مۆدێرن بۆ سەرمایە کە لە ئینگلتەرە وەک فەرەنسا، لە ئەمریکا وەک ئەڵمانیا لە هەموو خەسڵەتێکی نەتەوەیی و ئەخلاقی و ئایینییش داماڵراوە، بۆتە داڕێژەری بنچینەی خێزانی هاوچەرخ. هەروەها مارکس وا دەبینێت لەشفرۆشی لە تایبەتمەندیی تاک و خێزانەوە نەهاتووە، بەڵکو لە سیستمەوە هاتووە، سیستمی ئابووریی سەرمایەداریی، دەوڵەت. بۆیە گۆڕینی خێزان ئەرکی تیۆری و ئایدیۆلۆژیا هیچ و پووچەکانی ئەم زانا برجوازیانە نییە، بەڵکو ئەرکی سیستمی بەرهەمهێنان و دابەشکردنێکە کە پێویستیی لەشفرۆشی و مەشاعەی سێکس و زوڵم و زۆرداریی سێکسییش دەکاتە مەحاڵ، بەتایبەت بەرامبەر بە مناڵە هەژارەکانی جیهان کە قوربانیە هەرە گەورەکەی ئەم سیستمە نائینسانییەن.
هەر بەمجۆرە، لەلای سۆشیالیستەکان شتێک نییە پێی بگووترێت زانستی سۆسیۆلۆژیی سۆشیالیستی/کۆمۆنیستی. هەرچی خێزان و پەروەردە و پەیوەندی ژن و پیاو و دزی و تلیاک کێشان و هەژاری و بەندیخانە و نەخۆشیی سایکۆلۆژی و شێتخانە و هۆمۆسێکسواڵیتی و لەشفرۆشی و مەحرومیی تاک لە پێداویستیە ئینسانیەکان و ئاستی هۆشیاری مرۆڤ و گرانی و جەنگیشە، ئەمانە تێکڕا -بە تێڕوانینە برجوازیەکانی کۆمەڵناسیشەوە- بە کردەی ژیان و ئاستی پێشکەوتنی هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی بەرهەمهێنان و شێوازی موڵکداریتی و ململانێی چینەکان دەستنیشان دەکرێن نەک بە تایبەتمەندیی تاک یان خێزان.
ئەنوەر نەجمەدین
٢٩ / ١٢ / ٢٠٢٢
Leave A Reply

Your email address will not be published.