“کۆڵبەری نە کارە نە پیشەیە، دیلیەتی و کۆیلایەتی سەپێنراوە”.

0

ڕێڤان جاڤ

ڕێگەی هات و نەهاتی مەرگە، شەڕی نێوان مەرگ و نانە، ململانێی نێوان مەرگ و مانەوەیە.
هێما کارەساتبار و خەمهێنەرەکەی ژیانی کولەمەرگی، هێما مەرگهێنەرەکەی کوردانی ڕۆژهەڵاتمان.
پڕ تراژیدیاترین ڕێگای کاروکاسپی، پڕ سەختترین ڕێگای هەڕەشە و چەرمەسەری و گێرەوکێشە و ناڕەحەتی و سەغڵەتی؛ (کۆڵبەری، کۆڵکێش، کۆڵهەڵگر، سوختبەری).
هەموو ڕۆژێک
بە قەد پاڵی بەرزی ژیانەوە
پۆلە کۆترێک لە فڕیندایە
بەسەر تاجی ڕەشی مەرگەوە
تابوتی کۆڵبەرێک لە ڕێ دایە
“هێمن ئەمانی”
بە درێژایی مێژوو بارودۆخی کورد بۆخۆی قوربانی و بندەست و گیرۆدە و مەینەتبارە و لە مابەینی غەزەب و هەڕەشەی توندی دژایەتی و ستەمی دەسەڵاتداران و دوژمنان و نەیارانی هەر چوارلاوە دووچاری تەنگ پێهەڵچنین و بریندارکردن بوونەتەوە، بەڵام ڕەوشی خەڵکە زەحمەتکێشەکەی سنووری ڕۆژهەڵاتمان لە ژێر سایەی دۆخێکی ئابوری و سیاسی دژواردا لە خراپترین و ناهەموارترین و نالەبارترین گرفتی مەعیشەتدا ژیانی مەمرە و مەژی گوزەردەکەن، بە ژەهری ناچارییەوە لە پێناو قووت و گوزەراندا قورسترین باج دەدەن کە” باجی کوردبوونە.”
نادادیی و نابەرابەریی سیستەم، ناسەقامگیری و ئاڵۆزی باری سیاسی و وەزعی نائەمنی دەسەڵات کە ترسناکترین دیکتاتۆر و ڕژێمی خوێناوی سەرکوتکەری دژە مرۆیی بە دێوەزمەی گرانی و داڕمان و قات و قڕیی و قەیران و زۆری ئاستەنگ و لەمپەڕ و هەڵاوسانی باری ئابوری و ناجێگیریی و ناهەمواری بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک، کێشە گەورەکەی بێکاری و نەبوونی کاروپیشەیەکی گونجاو و لەبار بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر سنوور کە هەناسەی پڕ میحنەت و ئازاری بێ کاری بڕستی لێ بڕیون، کە تەنگەژەی دارای و بێدەرەتانی و دەستکورتی و بێ دەرامەتی هێز و توانای لەبەر بڕیون، خەڵکەکەی بەرەو نەدارییەکی بێحەد پەلکێش کردوە، بەرەو ڕووی سەرگەردانی و گوزی کەمەرشکێن بوونەتەوە. ئەو خەڵکە بێچارەیەیی سەر سنوورەکان کە دۆخێکی ناڕێک و نادروست یەخەی گرتوون تووشی جۆرەها مەینەتی و نانبڕین و قوربانی بێشومار بوونەتەوە، لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی شیاودا تێدەکۆشن بۆئەوەی بتوانن بە کەرامەتەوە بژین و بمرن، لە پێناو بەدەستهێنانی پارووەنانێک بەناچاری و گیان لەسەر دەست ڕێگەی هات و نەهاتی مەرگ هەڵدەبژێرن و بەرەو کۆڵبەری ملی ڕێگە دەگرن.
کۆڵبەر: واتا گوستنەوەی کاڵا و پێویستیەکان بە شان و باڵ و کۆڵ بۆ ئەودیوی سنوور. سەرباری ئەوەی کۆڵبەری کارێکە پڕ لە زامی پشێویی و ترس و تۆقی چەوساندنەوەیە، بەرگەی ئەم زامە پڕ لە ژانە لە ئاست توانا و قودرەتی مرۆڤدا دەگمەن و مەحاڵە. کۆڵبەر هەمیشە لە فکر و بیری هێرش و مەرگی کوتوپڕ و ناغافڵدایە، هەمیشە لە چاوەڕوانی ڕەوشی قورس و تەحەمولنەکراودایە، لەگەڵ ئەم هەموو کاردانەوە نەرێنی و ئاڵۆزانەشدا، کۆڵبەر بە بەراورد بە قورسیی و زۆری ڕەنج و کۆششیان، کەمترین بڕی پارە داهات و دەستکەوتیانە، بە سەپاندنی ترس و دڵەڕاوکێ و زوڵم و زۆرداری زیاتر ڕەنگە بە ڕەنجێکی بێهودە و بەباچوو، تووشی ماڵوێرانی و ڕەنجەڕۆیی و ڕەنج بە خەسارچوونی زیاتریش ببنەوە.
کارێکی پڕ لە داماویی و کێشمەکێش و مەرگەسات و شپرزەیی کە زۆربەی کات دووچاری کارەساتی ناوەخت و دڵتەزێن و کۆستی ناوادە و لە ناکاو دەبنەوە، لە مەرگی تراژیدیایی کۆڵبەردا تەنها مەرگی جەستە نیە، مەرگی نانە، مەرگی بوونە، مەرگی مافە، کە ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتەوە شکاندنی کەرامەت و شکۆ و ئیرادەی تاکی کوردە.
سەرباری نەبوونی ئەمن و ئەمان و کەموکوڕیەکانی ڕێگەوبان و کۆسپ و تەگەرەی ڕێگەی مینڕێژکراو و زەحمەتی کەش و هەوا هەر لە سەرما و سۆڵە و کڕێوە و شەختەی زستان و گەرمای تاقەت پڕووکێنی هاوین و وێڵبوون و بێسەروشوێن و پەرتەوازەبوون و بەربوونەوە لە بەرزاییەکان، یاساکانی دەسەڵات و هێزە ئەمنیەکانی سەر سنووریش بە بیانووی هەڕەشەکردن و فشارهێنان و سزادان و پەراوێزخستن، بە ناوی قەدەغەکردنی ئەم کارە کە ڕێگەی ئەوەیان پێنادرێت کاری خۆیان بێ ترس و تەنگ پێهەڵچنین ئەنجام بدەن، هەر وەک تاوانکارێک و سەرپێچیکارێکی یاسا و فەرمانەکان، کۆڵبەرییان ناوناوە کاری قاچاغ و یاساغ بۆ ئەوەی بە توندوتیژترین بەڵاکانی بەردەم کۆڵبەر، بە قەید و بەندی ڕێگەپێنەدراو و لێپرسینەوە هەر لە هێرش و پەلاماردان و زەبر و زەنگی ڕێژنەی گولەی ناهەق و مەرگی دڵهەژێن و ڕاوەدوونان و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان ڕێگەی کاسپییان بکەنە خەڵتانی خوێن و ببنە قوربانی پارووە نانێک، ئەمەش گوشار و گەمارۆییەکی بێ بەزەییانەی ئابووریە، ئەمە پێشیلکاری و سووکایەتیەکی سنووربەزێنە بە مافەکانی مرۆڤ. هەموو مەبەست و ئامانجیان ئەوەیە کە بکەونە نانبڕین و سەرکوتکردنی کوردەکانی ئەو ناوچانە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و دابەزینی ئاستی کۆمەڵایەتیی و نەبوونی دەرفەتێک بۆ ژیانی سروشتی و ئاسایی.
کۆڵبەری بە یەکێک لە کارە هەرە سەختەکانی کوردانی ڕۆژهەڵات دێتە ئەژمار، کاسپییەکە بە مەرگ و ڕەنج و ماندوبوونێکی بێ حەد و بێشومار، کە ڕووبەڕووی ترسێکی یەکجار قووڵ و ڕووداوی لە ژمارە بەدەری نەخوازراو و دڵتەزێن دەبنەوە، هەتا بڵێی کارێکی ناچارییە بۆ ئەوەی بتوانن سادەترین ژیانی مەمرە و مەژی ڕۆژانەیان بەدەست بهێنن. ئەم تەوژم و گوشارهێنانەی پەیداکردنی ڕزق و ڕۆزیی و بژێوی ژیانە هەر بە تەنها گەنج و پێر و خاوەن بڕوانامە و خاوەن پیشەی نەگرتۆتەوە، هەروەک بڵێی ئەم ڕێگەی مەرگە بە باڵای کوردی سڤیل و بێچارەدا بڕابێت، ژنانیشی بەرەو کۆڵبەری بردوە کە زۆرجار بەهۆی قورسی بارەکانیان تووشی نەخۆشی و ئازارەکانی ئێسک و جومگە و بڕبڕەی پشت دەبنەوە، بە جۆرێک ئێسک و جەستەییان دەهاڕێت، سست و شەکەت لە پەل و پۆییان دەخات.
ئەم زەلیلیی و زەبوونیە نەک بەتەنها جەستەی شەکەتییان هەلاهەلا و ئەنجن ئەنجن دەکات، ڕۆحیشییان پەرت پەرت و شەقارشەقار دەکات.
ئەم تیغی زوڵم و ناعەدالەتیە لوتکەی بێڕێزیی و سووکایەتیکردنە بە شکۆ و بوون و مرۆڤایەتی کە قبوڵکراو نیە.
ئەم بەرداشی دڕندەیی و نابەرابەرییە نەک بە تەنها ئێستاییان دەهاڕێت تەنانەت داهاتووشیان پارچەپارچە دەکات.
لە دونیای مەدەنیەت و شارستانیەتدا، لە وڵاتی سیستەماتیک و دامەزراودا سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا بە بێ گوێدانە ڕەگەز و دین و ڕەچەڵەک… هەمان پلە وپێوەری ماف و پاراستنیان هەیە، هەمان ئەمنیەتی کار و بیمەی بێکارییان هەیە، بەڵام لێرە ڕۆڵەی کورد دوور لە حەز و خولیاکانیان، دوور لە هەر کارێکی مرۆڤانەی تەندروست تەنانەت دوور لە دانپێنانی ناسنامەی کار لە ژێر فشاری هەژاری و نابەرابەریی و بێکاریدا ڕوو لە کارێک دەکەن کە هەمیشە لە لێواری مەرگن، مانای وایە نەک بەتەنها مافییان بگرە سەروەریشییان ڕسواو و پێشێلکراوە.
بە ئامانجی بەدیهێنان و باشترکردنی دەرفەتی کار و ڕەوشی کۆڵبەران.
لە پێناو ڕەتکردنەوەی توندوتیژیی و سزا و ستەمی ئەم جۆرە یاسا و مامەڵانە، بە مەبەستی پاراستنی ماف و جێبەجێکردنی یاساکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.
لە پێناو پچڕاندنی زنجیری دیلیەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕەویی و جیاکاری و نابەرابەری.
بۆ پشتیوانیکردن و چارەسەرکردنی ئەم گرفتە کوشندەیە بە تەنها قسەکردن و ناڕەزایی و سەرکۆنەکردن هیچ مانایەکی وا کاریگەری نیە کە گیانی ئەو خەڵکە و مافیان بپارێزێت.
پێویستمان بە عەقڵی هاوبەش و سیاسەتی هاوبەش و هەوڵ و خەباتی هاوبەشە بۆ ئەوەی ئەم بێڕێزییە ئەم پێشیلکارییەی کە گەشتۆتە لوتکە بە پابەندبوونێکی ڕاستەقینە و تەواو جددی لەبەرچاوبگرین.
پێویستمان بە بەرهەڵستبوونەوە و هەڵوێستی هاوبەشە بۆ ئەوەی چیتر چەکوشی ستەمییان بنچینە و کۆڵەکەی کوردبوونممان نەڕوخێنن و ژێرخانی هیوا و ئومێدممان نەشێوێنن.
Leave A Reply

Your email address will not be published.