ڕقی بۆرژوازی له ده‌وڵه‌ت! له په‌راوێزی ئه‌وه‌ی له ئێران ڕووده‌دات
کەیوان نوری
خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و ده‌وڵه‌ت دوانه‌یه‌کن که بێ یه‌کتری نایانکرێت. یه‌که‌میان(خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی) خوڵقێنه‌ری دووه‌میانه و دووه‌م (ده‌وڵه‌ت) ئه‌رکی پاراستن و دیسان به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی یه‌که‌میانه.
ئاده‌م سمیت ده‌یگوت (له‌وشوێنه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی نیه ده‌وڵه‌تێکیش بوونی نیه). بوونی ده‌وڵه‌ت و زه‌روره‌تی دروستبوونی په‌یوه‌سته فۆرمگیری خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و به دابه‌شبوونی کۆمه‌ڵگا بۆ دوو چینی دژبه‌یه‌ک، ئه‌وانه‌ی کار ده‌که‌ن و مافیان نیه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی کار ناکه‌ن و هه‌موو مافێکیان هه‌یه.
ده‌وڵه‌ت به زه‌روره‌ت له ده‌رئه‌نجامی نادادی کۆمه‌ڵایه‌تیدا دێته بوون. ده‌وڵه‌ت وه‌ک ماشێنێک بۆ پاراستن و دیسان به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هه‌مان نادادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی به شێوازی جیاوازتر و قبوڵکراوتر زه‌روره‌تی مێژووی خۆی ده‌سه‌پێنێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌ک زه‌روره‌ت له‌گه‌ڵ خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و بۆ پاراستنی له‌دایک ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ندێ کات ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی سنوردار بکات.
یه‌ک له دژیه‌کیه بنچینه‌ییه‌کانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ئه‌م سنوردارکردنه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ته، یان ڕونتر بڵێین دژیه‌کیه له نێوان ده‌وڵه‌ت و سه‌رمایه.
ده‌وڵه‌ت وه‌ک ماشێنێک ده‌توانێت له‌یه‌ک کاتدا ڕێگه‌خۆشکه‌ربێت بۆ زیاتر خێراکردنی سوڕانی سه‌رمایه و زووتر گه‌ڕانه‌وه‌ی و خێراتر که‌ڵه‌که‌بوونی و به‌مه‌ش گه‌وره‌تربوونی قه‌باره‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و بچوکتربوونهوهی بازنه‌ی چینی بۆرژوازی و گه‌وره‌تربوونی مه‌ودای نێوان هه‌ردوو چینه بنچینه‌ییه‌که‌ی کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا ده‌وڵه‌ت ده‌شتوانێت وه‌ک به‌ربه‌ست و ڕێگریه‌کی گه‌وره ده‌رکه‌وێت له‌به‌رامبه‌ر سوڕانی سه‌رمایه و بچوککردنه‌وه‌ی مه‌ودای نێوان چینه‌کانی کۆمه‌ڵگا و فراوانترکردنی بازنه‌ی چینی بۆرژوازی و دروستکردنی چینێکی ناوه‌ندی پارێزه‌ری ده‌وڵه‌ت.
له هه‌ردوو هه‌لومه‌رجه‌که‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌وڵه‌ت له یه‌ک کاتدا هه‌م دژبه‌ر و هه‌م لایه‌نگری هه‌یه له‌ناو بازنه‌ی بۆرژوازیدا. کاتێک ده‌وڵه‌ت به‌ته‌واوه‌تی ده‌که‌وێته خزمه‌تی سوڕانی سه‌رمایه یان به‌مانایه‌ک هه‌موو ده‌رگاکانی بازاڕ ده‌خاته سه‌ر پشت ئه‌وا بۆرژوازی گه‌وره و کۆمپانیاکانیان کۆی بۆرژوازی بچوک هه‌ڵده‌لوشن و قۆرغکاری و تۆکمهبووتی سه‌رمایه تا دواسنوری خۆی ده‌چێته پێشه‌وه (ئه‌م ده‌وڵه‌ته خه‌ونی هه‌ر بۆرژوازێکی گه‌وره‌یه و کوڕی گه‌وره و شیرینیانه)و له دۆخێکی له‌م چه‌شنه‌شدا کۆی بۆرژوازی بچوک و باڵی ڕاستی ورده بۆرژوازی ده‌بنه دژبه‌ری ده‌وڵه‌ت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه کاتێک ده‌وڵه‌ت له خزمه‌تی بۆرژوازی بچوک و باڵی ڕاستی ورده بۆرژوازی ده‌ست له بازاڕ وه‌رده‌دات ده‌وڵه‌ت ده‌که‌وێته دژبه‌ری بۆرژوازی گه‌وره و به‌مه‌ش ده‌وڵه‌ت خۆی ده‌خزێنێته ناو ڕیسکی ڕاکردنی سه‌رمایه‌ی گه‌وره و قوڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان. له‌یادمان نه‌چێت ده‌وڵه‌ت له‌خۆیدا هیچ نیه جگه له ماشێنێکی چینی بۆرژوازی که ئه‌مه‌ش وای لێ ده‌کات چینی کرێکار و هه‌ژاران هه‌میشه دژ به ده‌وڵه‌ت بن و ده‌وڵه‌تیش دژ به‌وان. له ئێستادا ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئێمه‌یه زیاتر ڕقی بۆرژوازیه له ده‌وڵه‌ت بۆیه زیاتر له‌سه‌ر دژبه‌ری بۆرژوازی بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌وه‌ستین.
بۆرژوازی له یه‌ک کاتدا ڕقی له ده‌وڵه‌ته بێ ده‌وڵه‌تیش ناتوانێت بژی. له‌وکاته‌ی که ده‌وڵه‌ت وه‌ک بارێکی گران و ماشێنێکی مه‌سره‌فی و ههڵهخهرج ده‌بینێت له هه‌مانکاتیشدا ده‌وڵه‌ت بۆ دیسان به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی خۆی و ئه‌و توێژانه‌ی پێداویستی دونیای نوێن به زه‌روره‌ت ده‌زانێت. له هه‌لومه‌رجی گه‌شه‌ی ئابووریدا هه‌ست به سهربارێتی و زیاده‌ی ماشێنی ده‌وڵه‌تی ده‌کات و له سه‌روه‌ختی قه‌یران و ته‌قینه‌وه‌ی ململانێی چینایه‌تیدا دیسان هانا بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌باته‌وه.
تێڕوانینی بۆرژوازی بۆ ماهیه‌ت و ڕۆڵه‌کانی ده‌وڵه‌ت له ڕابردو و له ئێستاشدا ڕوانینێک بووه تێکه‌ڵ له ڕقێکی گه‌وره له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستیه‌کی ناچارانه بۆ ئه‌و دامه‌زراوه. تۆماس پین وه‌ک یه‌ک له ئابوریزانانی لیبراڵیزمی کلاسیک کاتێک تێڕوانینی خۆی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌دات ده‌نوسێت: (کۆمه‌ڵگا له هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا بێت نیعمه‌تێکه، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت له باشترین دۆخیدا شتێک نیه جگه له موسیبه‌تێکی پێویست و ناچارانه، و له خراپترین دۆخیشیدا شتێکی تهحهمولنهکراوه.)
ئه‌م شێوازه له بیرکردنه‌وه و ئه‌م ڕقه گه‌وره لای لیبراڵیزمی کلاسیک فۆرمێک له سیاسه‌ت و جۆرێک له تێڕوانین لای چینی سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌تایبه‌ت و لای زۆرینه‌یه‌کی کۆمه‌ڵگا ده‌خوڵقێنێت که له هه‌ر بارێکیدا ده‌وڵه‌ت وه‌ک سه‌ربارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌ک به‌دبه‌ختیه‌کی گشتی ببینن.
چینی بۆرژوازی جیهانی ڕۆژئاوای سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده کاتێک ده‌یانبینی که پادشا و سه‌رۆک و بۆرۆکراتی حکومه‌تی و په‌رله‌مانه‌کان هێنده دز و گه‌نده‌ڵ و سته‌مکارن و ناتوانن نوێنه‌رایه‌تی هیچکه‌س بکه‌ن جگه له خۆیان و ده‌ست و پێوه‌ند و خزمه‌کانیان ئیدی ڕقیان له هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌کان ده‌بویه‌وه. بۆیه بۆ ئه‌م چینه کۆمه‌ڵایه‌تیه ده‌وڵه‌ت له خراپترین دۆخیدا به‌ڕاستی ته‌حه‌مولنه‌کراو بوو وه ته‌نها کاتێک ئه‌م ماشێنه ده‌وڵه‌تیه تهقهبولکراو بوو که خودی ئه‌م ماشێنه وه‌ک ئامرازێک ڕۆڵ بگێڕێت بۆ ڕێگری‌کردن له کاره‌سات و به‌دبه‌ختیه‌کی زۆر گه‌وره‌تر له خۆی. ئه‌و به‌دبه‌ختیه گه‌وره‌یه ئه‌وان لێی ده‌ترسان که ڕووبدات و ده‌وڵه‌تیان به تاکه ئامراز ده‌بینی له ڕێگری‌کردن له ڕوودانی کاره‌سات جگه له شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ له‌ناوبردنی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری شتێکی دیکه نه‌بوو. بۆیه بۆرژوازی سه‌ره‌ڕای ڕقێکی گه‌وره‌ی له ده‌وڵه‌ت و له بۆرۆکراتی ده‌وڵه‌تی و له خه‌رجیه زۆره‌کانی و هه‌موو ڕێگریه‌کانی له سوڕانی سه‌رمایه و که‌ڵه‌که‌بوونی هیچکات ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ببێت، بۆرژوازی بوونی خۆی وه‌ک چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له بوونی ده‌وڵه‌تدا ده‌بینێته‌وه.
له به‌شێک له جیهانی گه‌شه‌کردوی سه‌رمایه‌داریدا سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی بۆرژوازی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن ده‌خوڵقێنێت، به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا له به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی جیهانی گهشهنهکردودا ئه‌وه ده‌وڵه‌ته که بۆرژوازی به‌رهه‌مدێنێت. چینی بۆرژوازی وڵاتانی پێشکه‌وتو چونکه خۆیان ده‌وڵه‌تیان دروست کردووه بۆیه باش ده‌زانن چۆن و به چی شێوازێک خۆیانی پێ بپارێزن.
ده‌زانن چۆن ئه‌رکداری بکه‌ن به ڕۆڵی نوێ، چۆن شێوه‌گۆڕکێی پێ بکه‌ن. بۆرژوازی به‌رهه‌مهێنی ده‌وڵه‌ت ده‌زانن که‌ی و چۆن ده‌وڵه‌ت بچوک و گه‌وره ده‌کرێته‌وه، که‌ی و چۆن ئۆرگانێکی بێ ڕۆڵ بکه‌ن و ئۆرگانی نوێی بۆ زیاد بکه‌ن. به‌ڵام بۆرژوازیهک که خۆی به‌رهه‌می ده‌ستی ده‌وڵه‌ت و بۆرۆکراتی ده‌وڵه‌تی ناوخۆی و جیهانیه هێشتا زۆری ماوه له ماهیه‌ت و ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت تێبگات، هێشتا ماویه‌تی ده‌وڵه‌تێک به زانای بخوڵقێنێت که نۆکه‌ر و دارده‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران که له ئێستادا ناڕه‌زایه‌تیه ناوخۆییه‌کان په‌ره‌ی سه‌ندووه ده‌که‌وێته ناو چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که بۆرژوازی به‌رهه‌م و په‌روه‌رده‌کراوی ده‌وڵه‌ته. ده‌توانین ئه‌م فۆرمه له ده‌وڵه‌ت ناو بنێین سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی.
ناوهێنانی ئێران به سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی لێره‌دا به‌و مانایه نیه که ده‌وڵه‌ت وه‌ک گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌دار و گه‌وره‌ترین کۆمپانیای سه‌رمایه‌گوزاری ده‌ستی گرتبێت به‌سه‌ر زۆرینه‌ی ڕه‌های پانتاییه ئابووریه‌کاندا و ئامانجی له چالاکیه ئابووریه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌یه له خزمه‌تی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگادا یاخود له خزمه‌تی که‌مینه‌ی بۆرۆکراتیکی ئاینی و سه‌ربازیدا. به‌ڵکو سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی لێره‌دا ئێمه به مانایه‌کی دیکه و بۆ مه‌به‌ستێکی دیکه و له پێناو تێگه‌یشتن له له هه‌لومه‌رجێکی دیکه به‌کاری دێنین.
ئه‌گه‌ر شکڵگیری فیوداڵیزمی فه‌رنسی به ڕه‌وتێکی دیالیکتیکی گه‌شه‌ی مێژووی کۆمه‌ڵگای فه‌ره‌نسی ببینین و له به‌رامبه‌ردا فیوداڵیزمی به‌ریتانی به فیوداڵیزمێک ببینین که بۆی هه‌نارده کراوه له لایه‌ن سیسته‌نی باڵاده‌ستی فیوداڵیزمی فه‌ره‌نسیه‌وه. له به‌رامبه‌ریشدا فیوداڵیزمی ڕۆژهه‌ڵاتی به هاورده‌کراو ناوببه‌ین. ئه‌وا له‌سه‌ر هه‌مان شکڵگیری سیسته‌می فیود‌اڵیزم له ئه‌وروپا و به‌شێک له ڕۆژهه‌ڵات ده‌توانین ته‌سه‌وری چۆنیه‌تی فۆرمگیری سه‌رمایه‌داریش له‌م ناوچه‌یه‌ی خۆماندا به‌هه‌مان شێوه بکه‌ین.
وڵاتی میسر نمونه‌ی یه‌ک له‌و وڵاتانه‌یه که ده‌توانین بڵێین (محمه‌د علی) یه‌ک له‌و سه‌رکردانه‌یه که به چاولێکه‌ری له وڵاتانی ئه‌وروپا هه‌وڵیداوه سه‌رمایه‌داری هاورده بکات و سه‌ره‌تاش ده‌وڵه‌ت ڕۆڵی هه‌ره باڵا له پرۆسه‌ی سه‌رمایه‌گوزاریدا وه‌رده‌گرێت و دواتر هانی ته‌واوی بۆرژوازی ناوخۆی ده‌دات که پاره‌کانیان ئه‌گه‌ر به ته‌نهای به‌شی سه‌رمایه‌گوزاری ناکات ئه‌وا له‌ڕێگه‌ی بانکه‌کان پاره‌کانیان کۆبکه‌نه‌وه و له ڕێگه‌ی قه‌رز و ایعتیباری بانکی ده‌ست بده‌نه سه‌رمایه‌گوزاری له ئابووری واقیعیدا.
محه‌مه‌د علی باش ده‌یزانی که بۆکێبڕکێی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ربازی وڵاتانی ئه‌وروپا ته‌نها ڕێگا به‌پیشه‌سازیکردنی کۆمه‌ڵکای میسری بووه، ئەمەش نەک بە تەنها لە ڕێگەی سەرمایەگوزاری دەوڵەتی بەڵکو سەرمایەگوزاری تایبەتی.
ڕه‌زا شای په‌هله‌وی شای ئێران و له‌سه‌رده‌می حوکمڕانی خۆیدا و نزیک به سه‌ده‌یه‌ک دوای محمه‌د علی هه‌مان هه‌وڵی ئه‌ویدا بۆ به پیشه‌سازیکردنی ئێران، به‌ڵام ئه‌م فۆرمه له به پیشه‌سازیکردنی ده‌وڵه‌تی و سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی به‌مانا باوه‌که‌ی شکستی هێنا.
بۆرژوازی ناوخۆی و چینی ناوه‌ندی ئێرانی سه‌رده‌می ڕه‌زا شا به‌هاوکاری چینی کرێکار و نه‌داران چه‌ندین جار هه‌وڵیاندا بۆ ڕیفۆرم و ناچارکردنی ده‌وڵه‌ت بۆ کشانه‌وه له پانتاییه ئابووریه‌کان. ڕقی گه‌وره‌ی بۆرژوازی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و چینی ناوه‌ندی له ده‌وڵه‌ت و له ئابووری ده‌وڵه‌تی که ده‌وڵه‌تیان به‌هۆکاری کۆی نادادی و نه‌هامه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵکا ده‌زانی و لایان وابوو که ده‌وڵه‌ت ڕێگره له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ئێران له ئاستی جیهاندا.
له سه‌رده‌می محمه‌د ڕه‌زا شای په‌هله‌ویدا ده‌وڵه‌تی ئێران بۆ ڕازیکردنی بۆرژوازی گه‌وره و بچوکی ئێرانی و دامرکاندنه‌وه‌ی ڕق و توڕه‌ییان له سیسته‌می پادشایه‌تی و ده‌وڵه‌ت هه‌وڵیدا به‌شی زۆری ئه‌و پانتاییه ئابووریانه‌ی که ده‌وڵه‌ت تیایدا باڵاده‌سته ته‌سلیم به بۆرژوازی ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌می ده‌وڵه‌تی بکات و کۆی ئه‌و پیشه‌سازیانه‌ی که سه‌رمایه‌ی ده‌وڵه‌تی تیایاندا باڵاده‌ست بوو به پاره‌یه‌کی زۆر که‌م بفرۆشێته‌وه به که‌رتی تایبه‌تی و کۆمپانیاکانی بۆرژوازی.
به‌ڵام ئه‌م کاره‌ی محه‌مه‌د ڕه‌زا شا گه‌لێک دره‌نگ که‌وت و سیسته‌می پادشایه‌تی ئێران به شۆڕشێکی گه‌وره له‌لایه‌ن بۆرژوازی و کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانه‌وه ڕوخێنرا، به‌ڵام به‌هۆی په‌رته‌وازه‌ی پارته چه‌په‌کان و چینی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش هێزه کۆنه‌پارێز و ئیسلامیه‌کان توانیان کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌ت بکه‌ن. به‌هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پیاوانی ئاینی پرۆسه‌ی به‌تایبه‌تیکردنی که‌رته ده‌وڵه‌تیه‌کان ڕاوه‌ستێنرا و ئاخوند و پیاوانی ئاینی به کۆمه‌ڵێک هۆکار ئه‌و پرۆسه‌یه‌یان ڕاگرت که له‌ناویاندا( به‌هۆی ئه‌خلاقیاتی باوکسلارانهی ئیسلامی و به‌هۆکاری بوونی چه‌پی ناوخۆی و بلۆکی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی).
له پاش نزیک به سی ساڵ له کۆنترۆڵکردنی ئابووری له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و ئۆلیگارشی ده‌وڵه‌تی چ ئاینی و چ سه‌ربازی به‌و دواییانه ده‌وڵه‌ت دیسان له پێناو ڕازیکردنی دڵی بۆرژوازی و که‌مکردنه‌وه‌ی ڕق و توڕه‌ییان له ده‌وڵه‌ت پرۆسه‌ی به نیولیبراڵیزهکردنی ئابووری و کشانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی له پانتای ئابووری ده‌ست پێ کردووه، که ئه‌مه‌ش دیسان پرۆسه‌ی به‌تایبه‌تیکردنی موڵکی گشتی بۆرژوازیه بۆ هه‌ره باڵاده‌ستترین کارمه‌ندانی ده‌وڵه‌تی ئیدی چی سه‌ربازی بێت یان ئاینی، ئه‌م پرۆسه‌ی بهتایبهتیکردنه بۆخۆی له‌لایه‌ن زۆرینه‌یه‌کی بۆرژوازی گه‌وره و بچوکی ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌می ده‌وڵه‌تی قبوڵنه‌کراوه.
له ئێستادا گه‌وره‌ترین ڕق و توڕه‌ی له ده‌وڵه‌ت له کۆمه‌ڵگای ئێرانی‌دا ڕقی بۆرژوازیه له ده‌وڵه‌ت ئه‌مه‌ش نه‌ک به‌خاتری ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ده‌وڵه‌ت یاخود خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی نه‌هێڵێت به‌ڵکو ده‌وڵه‌تی ده‌وێت تا قه‌باره‌ی موڵکه تایبه‌تیه‌کانی گه‌وره‌تر بکات و به‌رده‌وامیشی پێ بدات.
چینی کرێکار و زه‌حمه‌تکێشانی ئێرانی ده‌بێت ئه‌مجاره ڕێگه به بۆرژوازی و نۆکه‌ره‌کانیان نه‌ده‌ن که له ئه‌گه‌ری ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا بۆرژوازی نۆکه‌رانیان کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌ت بکه‌ن. کچ و کوڕانی ئێرانی و کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی ناو ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئه‌رکیان له‌پاش شۆڕش زۆر قورس‌تر ده‌بێت له ساتی ڕودانی شۆڕش. وه‌ک لینین ده‌ڵێت پاراستنی شۆڕش گرانتره له شۆڕشکردن.
