لە بیرەوەری شۆڕشی کۆمۆنەدا

لە بەرەبەیانی ١٨ ی ئازاردا، پاریس هەروەک هەورە بروسکە ڕاپەڕی و هاواری کرد: “بژی کۆمۆنە!”، دەبێت کۆمۆنە چی بێت؟ (کارل مارکس).
مامۆستا تەیب عارف – کورتەیەک لە: ووتاری کۆمۆنە
کۆمەڵ لەمێژە لەوە تێگەیشتووە، دەوڵەت بە هەموو شێوەکانیەوە سیستمێکی نەگۆڕە بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە. لەوەش تێگەیشتوون سیستمی بەکۆیلە کردن و چەوساندنەوە بە ڕێفۆرم و دامەزراندنی دەزگای نەزاهەو چارەسەری گەندەڵی کۆتایی نایەت … هەربۆیە خەباتی چەوساوەکان، هەمیشە ئاراستەیە دژی دەسەڵات … شۆڕشی کۆمۆنەش ڕاستەوخۆ لە پێناوی هەڵتەکاندنی دەسەڵاتی سیاسی و دانانی ئیدارەیەکی کۆمەڵایەتیدا بوو … بەرنامەکەشی هەڵوەشاندنەوەی هەموو بەرنامەکانە. کۆمۆنە گڕە، لافاوە، لە تەوژمی یەکڕیزی کۆمەڵ دروست دەبێت و بە لێکترازانی ئەو ڕیزبەندییە لە بەین دەچێت … ڕاپەڕینی ١٨ ی ئازار، ڕاستەوخۆ یەکێتی کۆمەڵ و سوپاو ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگای لێکەوتەوە لە یەکێتیەکی فراواندا – ١٨ / ٣ / ٢٠٠٨.
هەژار عارف – کورتەیەک لە: ووتاری کۆمۆنە چیە؟
کۆمۆنە لە ناوەڕاستی مارسەوە هەتا ٢٧ ی مایسی ١٨٧١ ئیدارەی پاریسی کرد لە فەرەنسادا. وە دوای ئەوەی کۆمیتە شۆڕشگێڕیەکانی کۆمۆنە دەسەڵاتیان تێکوپێک شکاندو ئیدارەیەکی مەدەنیی وەک شارەوانی پاریسیان خستەجێگای، ئیتر تەعبیری کۆمۆنە بەسترا بە شۆڕشی پرۆلیتاریاوە، ئەو شۆڕشەی مەسەلەی کۆتاییهێنانی بە سەروەرێتی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا، خستە ناوناوانەوە. ئەو شۆڕشە کۆمۆنیەش دەرئەنجامی جەنگی فەرەنسی – پروسی و دۆڕانی ناپلیونی سێهەم بوو لە جەنگدا … کۆمۆنە لەڕوی مێژووییەوە دەربڕی ژیانی هەرەوەزکاریە لە کاروباری بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا … بەم پێیە کۆمۆنە ئەو کۆمەڵگایەیە؛ تاک خۆی لە بارێکی ئینسانی دیاریکراودا دەبینێتەوە کە کۆکردنەوەی سامان ناکاتە ئامانج تیایا، بەڵکو خۆبەرهەمهێنانەوەی زات لە ڕێگای کاری هەرەوەزکاریەوە لە پێناوی مسۆگەرکردنی پێداویستیە هاوبەشەکانی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگادا دەکاتە ئامانج. بۆیە ئەو کۆمەڵگایە، پێویستی بە دەسەڵاتی دەوڵەت نیە – ٢٠١١.
ڕۆزا لۆکسمبۆرگ: کورتەیەک لە: شۆڕشی کۆمۆنەو کۆمیتە شۆڕشگێرەکانی ئەڵمانیا
وەک مارکس گووتی: جەنگی ١٨٧٠-١٨٧١ و تێشکانی کۆمۆنە، قورسایی بزووتنەوەی کرێکاریی ئەوروپی لە فەرەنساوە گواستەوە بۆ ئەڵمانیا. سروشتیشە کە دەبێت ساڵانێک تێپەڕیت هەتا فەرەنسا بتوانێت هێزی خۆی کۆبکاتەوە دوای خوێن بەربوونەکەی مایسی ١٨٧١ … تاکە سەرچاوەی یەکێتی و خۆڕاگرییش، ئەو ووشە نهێنیە بوو: “کۆمیتە کارگەری و سەربازیەکان پێکبهێنن”. ئەمە دروشمی ئەو شۆڕشەیە، شۆڕش سەرباری هەموو لاوازیەکی و قۆناغە سەرەتاییەکانی، ئا بەمە دەیەویست لە ڕیزی شۆڕشە پرۆلیتاریە سۆشیالیستەکاندا بوەستێت. یەکەمین هاواری شۆڕشیش، هەروەک هاواری ئەو مناڵە تازە لە دایک بووەیە کە بە شێوەیەکی غەریزی دەریدەبڕێت، هاوارێک لە پێناوی کۆمیتە کرێکاری و سەربازیەکاندا .. ئێمە تەنها لە ڕیگای کۆمیتەکانەوە دەتوانین هیوایەک بە وەدیهێنانی سۆشیالیزم بخوازین .. شۆڕش دەبێت جەماوەر بەرپای بکات و بە جەماوەر ڕووبەڕووی سەرمایەداری ببێتەوە .. وە هەر تەنها بەمە دەبێتە شۆڕشی سۆشیالیستی” (ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، ١٩١٨، لە ووتاری دامەزراندنی حیزبی شیوعی ئەڵمانیدا کە یەکەمین حیزبی شیوعیە لە مێژوودا).
ئەنتۆن پانیکۆک: کورتەیەک لە کۆمۆنەو کۆمیتە شۆڕشگێریەکانی ڕووسیاو ئەڵمانیا
پانیکۆک، فەلەکناسی گەورەی هۆڵەندی و هاوڕێی ڕۆزا، دەنووسێت: لە پێناوی ڕووخاندنی دەسەڵاتدا، دەبێت ڕێکخستنی حکومەتی کۆن و بیرۆکراسیەتی کۆن بشکێنرێت، وە هێزی ڕێکخراوی کاتیی جەماوەر بکرێتە هێزێکی هەمیشەیی. ئا ئەمە لە پاریسی ساڵی ١٨٧١ دا لە کۆمۆنەو لە ڕووسیایشدا لە سۆڤیەتەکانی کرێکاراندا ڕوویدا. لە ئەڵمانیایشدا، کرێکاران، وێنەی هەمان ئەو ڕێکخراوە کرێکاریەیان دامەزراند کە لە ڕووسیادا سەریهەڵدا، واتە کۆمیتە کارگەریەکانی کرێکاران و سەربازەکان. ئەو کۆمیتانە هێزێکی ڕاستەوخۆیان بە شۆڕش دەبەخشی و دەبوونە هۆی یەکەمین سەرکەوتنی خێرای شۆڕش – پرۆفێسۆر ئەنتۆن پانیکۆک – ١٩١٨،The German Revolution -First Stage
ئۆجین پوتیە: داڕێژەی سروودی ئینترناسیۆنالیستی کۆمۆنە
جەنگاوەری نێو سەنگەری سەرشەقامەکانی پاریس لە ١٨٤٨و ١٨٧١ دا کە بە کاری حەماڵی ژیان و گوزەرانی خۆی دابین کردووە، لەڕۆژانی کۆمۆنەی پاریسدا، وەک ئەندامی کۆمۆنە هەڵدەبژێردرێت و بەشداری سەرجەم چالاکییەکانی کۆمۆنە دەکات. بەڵام دوای تێشکانی کۆمۆنە؛ پوتیە ناچار دەبێت بەرەو ئینگلترە هەڵبهێت، دواتریش بەرەو ئەمەریکا. پوتیە لە مانگی حوزەیرانی ١٨٧١ دا، ڕاستەوخۆ دوای تێکشکانە خوێناوییەکەی کۆمۆنە، سروودی ئینتەرناسیونالیستی کۆمۆنە دادەڕێژێت. دوای تێپەربوونی ٩ ساڵ بەسەر کۆمۆنەدا، پوتیە دەگەڕێتەوە بۆ فەرەنسا . لە ٨ نۆڤێمبەری ١٨٨٧ دا کرێکارانی پاریس، تەرمەکەی پۆتیە بەڕێ دەخەن بەرەو گۆڕستانی پاریس و لە نێو ئەو کۆمۆنارانەدا کە لەوێ لە سێدارەدرابوون، بەخاک دەسپێردرێت، ئەمەیش بەدەم هێرشی پۆلیسەوە بۆ سەر هاوڕێکانی و داماڵینی ئاڵا سورەکانیان و داپڵۆسینیان بەدەم هاواری (بژی پۆتیە) وە.
هەستن لە خەو کۆیلەو برسی ئەم جیهانە
ئەی ئەوانەی ساڵ دوانزەی مانگ برسیتانە
__________________________________
١٨ / ٣ / ٢٠٢١