‘یۆرگن ھابرماس و کۆمەڵگەی ئەوپەڕسیکولاریزم’

0
سیکولاریزم سەرەتا لە ئەوروپا سەری ھەڵدا بووە ھۆکاری راگواستنی مافە داراییەکانی کلێسا بۆ کەسایەتییە سیکولارەکانی دەوڵەت، بابەتەکە دواتر بووە بەشێکی سەرەکی لە شوناسی مۆدێرن.
بەرای ھابرماس پێشتر دوو ھەڵوێست ھەبووە بەرامبەر کڵێسا و ئاین بوونەتە بەشی سەرەکیی سکولاریزم:-
یەکەم: میتۆدی ئاڵتەرناتیڤ و جێنشینی کە پێی وابوو مۆدێلە عەقڵییەکان بوونەتە جێنشینی شێوە ئاینییەکانی ژیان و ئەندێشە.
دووەم: میتۆدی چەککردن ، واتە چەککردن و کورتکردنەوەی دەستی کڵێسا و ئاین لە کاروباری کۆمەڵگە.
مۆدێلی یەکەم وەک راڤە و شرۆڤەیەک لەمەڕ ئەم جیھانە نوێیە سەبارەت بە پێشکەوتن گەشبینە و مۆدێلی دووەمیش بووەتە شرۆڤەیەک لەمەڕ تیۆری لەناوچوون.
ئەم دوو گێرانەوەیە لەبارەی سیکولاریزم لای ھابرماس جێی رەخنەن لە ھەردوولا شەرێکی گەورە ھەیە لە نێوان ھێزی زانست و تەکنەلۆژیا وەک رەمزێکی مۆدێرن لە بەرامبەر ئاین و کلێسا وەک ھێزێکی پارێزکار. لای ھابرماس لەکۆمەڵگەی ئەوپەڕسیکولاریزم ئەم کێشەیە نابیندرێ پێی وایە عەقڵ لە نێو ئەم دوو دژوازییەدا ڕێگەیەکی جیاواز بگرێتە بەر.
کۆمەڵگەی ئەوپەڕڕسیکولار تێکەڵاوییەکە لە سیکولاریزم و ئاین کە بەر لەھەر شتێک فرەلایەنی و پلورالیزمی ئایدۆلۆژی ، رێگە نادات ‘ئاینێک’ یان ‘زانستێک’ ببێتە ناوەندی ئایدۆلۆژی خۆی و بەسەر ئەوانی دیکەدا بیسەپێنێت.
ھابرماس پێی وایە ئیمانداران دەبێت رەچاوی ئەم سێ خاڵە بکەن:
١.ئاگایی ئاین لە کاتی ڕووبەروبونەوەی لەگەڵ ئاین و ئاینزاکان خۆی لەگەڵ نایەگرتووی مەعریفی رێکبخات.
٢.ئاین پێویستە لەگەڵ رەواداری ئەو زانستانەی پارێزەری پاوانخوازیی و زانستی پە شێوەی سیکولار رێک بخات.
٣.ئاین دەبێت ھاوڕابێت لەگەڵ گریمانەکانی دەوڵەتێکی پەیوەست بە یاساوە کە لەسەر بنەمای ئەخلاقی ئەم دونیایە دامەزراوە.
بەپێی ئەم ڕێساییە کۆمەڵگەی ھابرماس کۆمەڵگەیەکە کە پێویستە ئاین لەو پێگەیە پاشەکشە بکات کە بووەتە ھۆی ناپلوراڵکردنی کۆمەڵگە، کۆمەڵگەی نوێ و ئایین و بڕوا ئایینەکان لە خۆیدا پەسەند بکات بەڵام بڕیار نییە بەرپرس بێت لە ھەمبەر کۆی باوەڕ و بڕوا ئایینییەکان.
ھابرماس باس لە “عەقڵی گشتی” دەکات کە پێی وایە ھەمان عەقڵە کە پەیوەستە بە ئاگایی ئەکتەرەکانی کۆمەڵگەوە ھەر ئەم عەقڵەیە کە بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی دەبێتە ھۆی ھەڵسوکەوت و خۆڕێکخستنەوەی تاکەکان لە بواری پەیوەندییە گشتییەکاندا ھەروەھا بەو کردە و ھۆکارانەوە بەستراونەتەوە کە بۆ ھەمووان گشتی و پەسەندکراوە. کەوایە “عەقڵ” لە ئەندێشەی ھابرماسدا لەبەرامبەر ئاینداییە، دەیەوێت زمانی ئاین لە رێگەی عەقڵی گشتییەوە بکات بە زمانێکی گشتی و پەسەندکراو و پلوراڵ رەچاوکردنی عەقڵی گشتی بە لای ھابرماسەوە لە راستیدا رێگەیەکی نوێیە بە شێوەیەکی ھێمن و متمانەپێکراو لە نێوان ئایین و زانستدا رێگەی خۆی دەگرێتە بەر.
ھابرماس جەوھەری ئاین دەپارێزێت و لەگەڵ عەقڵی گشتی رێک دەکەوێت، کە جەوھەر و کرۆکی ئاین ھەمان ئەخلاقە وە لای ئەو پێداویستی گەرانەوەی جەوھەری ئاین لەبەر ئەوەیە کە ئاین لە مۆدێرنە و سەردەمی نوێدا لە جەوھەری خۆی واتە ئەخلاق دووردەکەوێتەوە.
ھابرماس ئاینی پێ دیاردەیەکی تاقانە و شت ئاساییە کە نموونەیەکە لە ئەنتی تێزی عەقڵانییەت ، تاکە رێگای دەربازبوون لە دوای ھەردوو ھێرشی سیکولاریزم و بنیاتگەرای ئاین ، بەدیھێنانی کۆمەڵگەیەکی پلوراڵە بۆ دابینکردنی ژیانێکی فرەلایەن لەسەر بنەمای عەقڵێکی ئەوپەڕسیکولاریزم.
سۆزی بەختیار 
Leave A Reply

Your email address will not be published.