تاوانی ئەنفال ( هۆلۆکۆستی کوردان)

0
ئەنفالی ڕەش ( ئەنفالی گەرمیان
و ( ۱٤- ٤- ١٩٨٨)
ڕیڤان جاڤ
ئەنفال: ئەم وشەیە لە ساڵی ١٩٤٤ لەلایەن ( ڕافائیل لیمکین) جولەکەوە کە دادوەرێکی یەهودیە بەکارهات، بە ” جەرگەی تاریکی ” پێناسەکراوە.
جینۆساید: پاکتاوکردنی ڕەگەز، لەناوبردنی توخمی مرۆڤە بە گورزێکی گەورە و بە تەکبیر، بە هێزێکی تاریک و کوشندە، بەبەکارهێنانی جینۆسایدی فیزیکی (بەدەنی)، چەکی قڕکردن و کوشتن بەکۆمەڵ. بنبڕکردنی بەشێک یا تێکڕای گەلێک، ڕەگەزێک، نەتەوەیەک، ناوچەیەک، کەلتوور و زمان، وێرانکردنی ژێرخانی ئابوری…..
بە هەموو پێودان و حەقێک ئەنفال بەتەواوی جینۆسایدە، هەموو جۆرەکانی تیادا پەیڕەوکراوە( فیزیکی، بایەلۆجی، کەلتوری، ئابوری). ئەنفالی بەدناو و چارەنووس نادیار کە بە کارەساتی جەرگبڕ و چیرۆکی ناخهەژێنی پڕ تاوانی نامرۆڤانەی شاڵاوی تەعریب و ڕاگواستنی زۆرەملێ کە بەتەواوی سنووری مرۆیی و ئەخلاقیان بەزاندبوو، نەگریسیی و هەڵمەتی ئەم ئۆپەراسیۆنە شومە، کە تاکی کورد کرایە قوربانی دەستی پلانی گڵاو و کەڵبەی تیژیان هیچی لە “کۆمەڵکوژی هۆلۆکۆستی جوولەکەکان ” کەمتر نیە و نەبووە، کە وەک بەهانەیەک بەکاریان هێنا بۆ بەدەست هێنانی وڵاتێکی پتەو و دامەزراو.
بەپێی زانیاریی و سەرچاوەکان، لە ٢٢-٢-١٩٨٨ بەروارە نەفرەتیەکەی دەستپێکی پرۆسە نەگریسەکەی ئەنفالە و لە ٦-٩-١٩٨٨ کۆتا ڕۆژ بووە، لە ئەنجامدا ١٨٢ هەزار تاکی کورد بێسەروشوێن کراوە. ئۆپەراسیۆنەکە لە ماوەی ٢٠٠ ڕۆژدا لە هەشت قۆناغ و لە شەش ناوچەی جیاوازدا بەردەوام بووە.
(دۆڵی جافایەتی، قەرەداغ، گەرمیان، ناوچەکانی کەرکوک و کۆیە، هەولێر، بادینان). بەڵام ١٤-٤-١٩٨٨ قورسترین، سامناکترین ، سەختترین قۆناغ بووە لە پاککردنەوە و پاکتاوکردنی ئەم ڕیزبەندیەدا کە پشکی شێر بەر گەرمیان کەوت، بە (ئەنفالی ڕەش) ناوبرا نزیکەی ٢٠٠٠٠ کەس لە هەردوو گوندی ( ملەسوورە و کوڵەجۆ و دەوروبەری) بێسەر و شوێن کران. سەختیی و قورسی نامرۆڤانەی ئەم قۆناغ و بەروارە بووبەهۆی هەڵبژاردنی ١٤-٤ بۆ ڕۆژ و یادکردنەوەی ئەنفال.
بۆچی هۆکار و ئامانج لە سەختیی و تاڵاوی ئەم شاڵاوە لە گەرمیان قووڵتر و نامرۆڤانەتر بوو؟
بۆچی نیاز و مەرامی ئەنفال لە گەرمیان سەختتر و چڕتر و لەبەرچاوتر بوو؟
سەرەڕای ئەوەی ناوچەی گەرمیان وەک مەڵبەندی شۆڕشی نوێ و پەیوەست بوونی خەڵکەکەی و گیانی یاخیبوون لە هەڵگیرساندنی شۆڕش هەمیشە چاپوک و تەیار و ئامادەبوون، ئەو چقڵە بوون کە چوونە چاوی دوژمن.
بوونی سامانە سروشتیەکان بەتایبەتی نەوت فاکتەرێکی دیار و سەرەکیە.
سنووری جوگرافیی و نەخشەی تۆپۆگرافی ڕووبەری ناوچەکە، کابوس و ترس و دڵەخورپە بووە لە دڵی دوژمن و نەیاراندا.
ئەم ناوچەیە لە ڕووی (جیۆپۆلەتیک) واتا جوگرافیای سیاسی و ئاسایشەوە بۆ کوردستان گرنگیەکی تایبەتی هەیە، جێگەی هیوا و ئومێد و ڕەمزی فیداکاری و پەلەقاژە و ڕزگاری بووە. بایەخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە وایکردووە هەمیشە ناحەزان بە چاوی تەماح و دەستکەوتی زیاتر لە سەنگەردابن.
بەو مەبەست و نیازەی هیج تاکێکی کورد بە پێوە نەهێڵن و جەستەمان بکەنە پێخۆری گورک و چەقەڵ، خۆردەی زاڵم، بە بەرداشی ستەم ئێسکەکانمان بهاڕن، کورد بخەنە ڕەگەزی نزم و عیرقی لاوازەوە، بە نوقسان و کورتهێن لەچاویاندا ببینرێین، بەدرێژای مێژوویان هەر کۆیلە و بن دەست و سەرکز و زەبون، بەلەنگاز و بێچارە و بارکەوتەبین، بە ئاوابوون و فەنابوون زیاتر جڵەومان بکەن.
بە دەسەڵاتێکی دڕندانە و فڕوفێڵی قێزەونانەی نامرۆڤانە، بەلێدانی زەبری توند و پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی مرۆڤایەتی، کەتن و تاوانێکی وا گەورە کە شکاندنی کەرامەت و حورمەتی نەتەوەیەکی بە دوای خۆیدا هێنا، بە جینۆسایدی فیزیکی وەک شەمشەمە کوێرە لە تاریکە شەودا مێژوویان هەژاند، دونیایان شلەقاند، هەڵتەکاندن و قڕکردنی نەسلی ڕۆڵەی کورد، داپڵۆسین و بچوککردنەوە و تواندنەوەیان هەر هەموویان لەسەر ئەم میللەتە تاقیکردەوە. لە کۆتایدا کێبڕکێی چنینەوەیان لەسەر غەنیمەی پرۆسەکە بوو بە ئەنجام و مەبەستیان.
وەک جڕوجانەوەرێکی بەزەڕ وچەپەڵ، وەک دەعجان و دەعبایەکی گەورە و چڵێس، بە چڵێسی هەڵلوشین و دڕندەیی دەست وەشاندن بوون بە مەترسی بۆ لەناوچوون و هەوڵی فەوتاندنی نەسلی کورد، بە پەڕەوکردنی ئەنفال بە زۆر و بێسڵکردنەوە، دەست برا بۆ گۆڕینی سەرژمێر و گەشەی دیمۆگرافیا و پێناسەی نەتەوەیەک.
بە خێراییەک وەک خێرای مردن، بە بەڵایەک وەک بەڵای نەگەهان کتوپڕ وەک غەزەبی خودا بارین، بە وەشادنی شەلاخ و شولکی توند و قایمی ژەهراویی ستەم و دەستدرێژیان لە مێژووی کوردبوون تا ڕەگەزی کورد بەرەو مەترسی داکشان و هەرەسی زیاتر بەرن، هاڵاوی تەڕ و شێداری ئەم خاکە وشک و برینگ بکەن و ئەم هەرێمە بکەن بە گۆشەیەکی بێبایەخ و لە یادکراو.
بە حەرامزادەیی ستەمکاری و گەندەکاریان، لۆزەندەریی و جەلادیان، بە پۆستاڵ و حەیزەران، قامچی، شەق و کوتەک، گوللە و سێدارەیان بەبێ چاوتروکاندن کەوتنە قەتل و عام و ڕەشەکوژی، ڕاپێچکردنی هەزاران هەزار ژن و مناڵ و گەنج و پیر تا مەسکەنی مەرگ و لەناوبردن و قڕکردن. هەروەک بڵێی جۆرێک بێت لە فەخر و شانازی ئەسڵ و بانگەشەی عروبە.
بە زل و زەبەلاحی تارمایی و سێبەری بوغز و کینەی نەژادپەرستیەوە کە بە ڕەنگی خۆیان ڕەنگ کرابوو، وەک هیجران بۆنێکی کوشندە وەک بۆنی کەلاکی ڕزیوییان تێکەڵ بە هەوای ژیان کرد، وەک چەقۆیەکی تیژی غەدر و ستەم لە غروری هەریەکەیان چەقاند، تا لە تەمی چڕ و تاریکی ژیاندا تەواو بیانسڕنەوە.
بە نێڵەنێڵی ئاگری بێویژدانی کە لە هەناویاندا پەپکەی خواردبوو، بە هێز و جەبەروتی تاڵانچێتی و شڕەخۆری و فەرهودچێتیەوە وەک ژەهر چوونە ناو خوێن و ئێسک و سیمایانەوە، دەروونیان بە غەم و تژی و سەرڕێژ بە مات و مەلوولی، زەلیل بە سەرگەردانی.
وەک مۆتەکەیەکی زەندەقبەر، بە دەستێکی ئاسنین گورزێکی وەهایان وەشاند هەموو شوراو و پەرژینێکی مرۆڤایەتیان ڕوخاند، بەجۆرێک هاتنە گیانیان تا قڕکردن و زەوتکردن و لەناوچوونیان وێزە و جەستەیان بەرنەدان. هەموو خواست و خەیاڵی یاخیبوونی کوردانەیان، هەناسەی گەرم و دڵی پڕ بڵێسەیان خێرا وەک پووش و پەڵاش سوتاند.
بەخێرای وەسوەسەی شەیتان، بە دۆخێکی کوشندە و ئەشکەنجەوە دیوی ئەو دیوی ئاسمانیان پیشاندان تا خوێندنەوەی حەسرەتی کوردبوونیان لە چاواندا کپ و سەرکوت بکەن، ئەو حەسرەتە لە ڕۆحیاندا بەجۆرێک پەنگی خواردەوە تا لەناو ژانی کوردبوون و هەنسکی گریاندا قوڵپ بدەنەوە.
بە بەربەرییەتی دەنگێکی نغرۆ بە زرینگەی ترس و تۆقین، بە خێرای گەردەلولیکی ڕەشی ترسناک وەک غەزەبی ئافاتێک، بەناچاری هەموو چراکان خامۆش، هەموو دەرگاکان داخران و بەبێ ئاگایی چارەنووسی خۆیان بەجێهێشت.
هەر بە زۆری زۆرداری تاکی کوردیان کرد بە تاکێکی دەروون شێواو، پەلبەستویی شەتەکدراو کە تەمێکی خەست و ئازاراوی، وەڕزییەکی قووڵ، مەراق و نیگەرانی ڕاستیەکی تاڵ بەرچاوی گرتوون، هەموو شتێکیان وەها شێواوە دەرمانێکی ئەفسوناوی ڕۆحی دەوێت تا ڕێڕەوی ژیان، ئارامی ڕۆح و نەبرەی دەنگیان هاتەرز و ڕێک بخاتەوە.
بۆساڕێژبوونەوەی برینی بەرەی میراتگری سەرەکی ئەم کۆستە و ستەمی ستەمکاران، بۆ کەمککردنەوەی کاریگەری و کەموکوڕییەکان لەسەر ژیانی پاشماوەکانی قوربانیان و چاو لە ڕێگە و سۆراغکردنیان، با جەوهەری ئەخلاقی سیاسەت و ڕیزەکانمان هەمیشە بە دەنگێکی یەک تۆنی پتەو و پڕ ئیرادە بێت، بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ناڕێکیە بێ سەروبەرەی کە خۆمان دروستمان کردووە چیتر مێژووی ئەنفال نەخرێتە ناو بازنەی سەودا و مامەڵەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیەوە، تا چەرخی خزمەتگوزاریی و خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتی زیاتر وەگەڕبکەوێتەوە.
(هەرچەندە دڵنیام هەموو سامانی دونیا قەرەبوی ئەم هەموو برینە و ساڕێژبوونەوەیان ناکاتەوە).
تابلۆ: دکتۆر عوسمان ئەحمەدی زۆر بەڕێز.
Leave A Reply

Your email address will not be published.